Ana içeriğe atla

دەیان مامۆستای ئایینیی: حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی هەڵوەشێنرێتەوە

راگەیەنراوی مامۆستایانی ئایینیی
راگەیەنراوی مامۆستایانی ئایینیی
posted onJanuary 15, 2025
noyorum

 

دەیان مامۆستای ئایینیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادییان سەرکۆنە کردووە و داوایان کردووە سزاکەی سەریان هەڵوەشێنرێتەوە.

50  مامۆستای ئایینیی لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە رۆژی سێشەممە بڵاویان کردووەتەوە، سزای سێدارەی ئەو دوو چالاکڤانە ژنەیان بە "نادادپەروەرانە" لە قەڵەم داوە و داوایان کردووە بەڕێوەچوونی حوکمەکانیان رابگیرێت و لە دادگایەکی دادپەروەرانە، ئاشکرا و بەئامادەبوونی پارێزەر، دادگایی بکرێنەوە.

هەروەها ئابرام پیلی، جێگری نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێرانیش، داوای کردووە حکومی سێدارەی پەخشان عەزیزی هەڵوەشێنرێتەوە و گوتی: ئەو حوکمە لە دادگایەکی نادادپەروەرانە و ساختەدا دەرچووە.

ئابرام پیلی گوتوویەتی: حکومەتی ئێران نابێت چیدیکە کەمینەی کورد بکاتە ئامانج و لە سەپاندنی سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی دژبەران، دەستهەڵبگرێت.

وریشە مورادی، چالاکڤانی سیاسی، خەڵکی شاری سنە رۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ دەستگیرکرا و بە تۆمەتی بەغی حکومی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و چالاکڤانی مەدەنی، رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە تاران دەستبەسەر کرا و ساڵێک دواتر دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای سێدارە و چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08.01.2025 حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی، پشتڕاست کردەوە.

ئەمیر رەئیسیان، پارێزەر، بە رۆژنامەی شەرقی گوت: دۆسیەی پەخشان عەزیزی کەموکۆڕی زۆری تێدا بووە و ئەو شایانی سزای سێدارە نییە چونکە لە شەنگال و ئۆردوگاکانی دیکەی ئاوارەکانی شەڕی داعشدا، یارمەتی خەڵکی داوەو ئەوانەش چالاکییەکانی سیاسی نەبوون.

لەم ماوەیەدا کە حکومی سێدارەی پەخشان عەزیزی پشتڕاست کراوەتەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لێکەوتووەتەوە و چین و توێژی جیاوازی خەڵک داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومی ئەو دوو ژنە چالاکڤانەیان کردووە.