کۆمیتەی سەرانسەری خوێندکارانی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، داوای لە چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە کرد، ناڕەزایەتی و مانگرتنی پەرشوبڵاوی بکەنە گردبوونەوەیەکی سەرتاسەری.
دەقی تەواوی بەیاننامەکەی کۆمیتەی سەرانسەری خوێندکارانی کوردستان بەم شێوەیەیە:
خەڵکى تێکۆشەر و ئازادیخواز
ڕۆژانە شاهیدی ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەین، وەک کرێکاران، مامۆستایان و پەروەردەکاران، پەرستاران و پزیشکان، خانەنشینان، شۆفێران و...هتد. ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژە کارییەکان بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک خراپی بدۆخی خراپی ژیان، پێشێلکردنی مافەکانیان، چەوساندنەوەیان لە لایەن حکومەت، نەبوونی دادپەروەری و ئاسایشی سیاسی، ئابووری، کولتووری ـ کۆمەڵایەتی و ژینگەیی زیاتر دەبێت.
جگە لە ناڕەزایەتیی و مانگرتنی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، شەش مانگ بە سەر هێرشە شیمیایی ـ تیرۆریستییەکانی سەر قوتابخانەکان لە لایەن بەکرێگیراوانى ڕێژیمەوە تێدەپەڕێت و ئێستا ئەو هێرشانە بەردەوامن و کاریگەریی جەستەیی و دەروونی قورسیان لەسەر قوتابیان و بنەماڵەکانیان دروست کردووە، کە نموونەیەکی ئاشکرایە لە ئەشکەنجەدان و تاوانی دژ بە منداڵان و نەهێشتنى ئاسایشیان.
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە کە هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران یەک بگرن، چونکە هێزی بەکۆمەڵ لە یەکگرتوویی ئەواندا دەردەکەون.
کۆمیتەی سەرانسەری خوێندکارانی کوردستان داوا لە هەموو چین و توێژ و سەندیکاکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران دەکات کە ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە جۆراوجۆر و پەرشوبڵاوەکانیان بکەنە گردبوونەوە و مانگرتنێکی هاوڕا و یەکگرتوو و بە هاوبەشی بانگەوازێک بۆ مانگرتن و ڕاپەڕینێکى سەرتاسەری لە ڕۆژێکی دیاریکراودا دەربکەن بۆ کرێکاران و پەروەردەکاران و پەرستاران و پزیشکان و خوێندکاران و دایک و باوکی خوێندکاران و شۆفێری بارهەڵگرەکان و خانەنشینان و هتد، بۆ ناڕەزایەتى و خۆپێشاندانێکى سەراسەرى و یەکگرتوو و یەک دەنگ.