Ana içeriğe atla

٤٠ ساڵ خەبات بۆ پاراستنى کلتووری کوردی

٤٠ ساڵ خەبات بۆ پاراستنى کلتووری کوردی
AvaToday caption
posted onApril 6, 2023
noyorum

ڕاپۆرت: کارزان حەمید – پاریس
تایبەت: ئاڤاتودەى

ئەنیستیتوتى کورد لەپاریس، بە بەشدارى سەرکۆمارى پێشوو وسەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاو دیپلۆماتکارانى فەرەنسا، ئاهەنگی ٤٠ ساڵەى دامەزراندنی لەنێو هۆتێل دۆ ڤیلی (شارەوانى گەورە)ـى پاریس رێکخست.

ئان ئیدالگۆ، سەرۆک شارەوانى پاریس، کە یەکێکە لەو ژنانەى لەنزیکەوە ئاگاى لەدۆسیەى گەلى کورد هەیەو، بەدۆستێکى نزیکى کوردستانیش دادەنرێت، وتارێکى لەبارەى مێژووى گەلى کوردستان و، هەرچوار پارچەکە پێشکەش بەئامادەبووان کرد.

ئاماژەى بەوەشدا، بوونى ناوەندێکى کلتووری وەک ئەنیستیتوتى کورد لەپاریس، جێی شانازییە بۆ فەرەنساو فەرەنسییەکان.
گووتیشى "لەسەردەمی فرانسوا میتران، سەرکۆمارى پێشووتری وڵات، نزیکبوونەوەیەکى بەرچاو لەنێوان فەرەنساو گەلى کورد دروستبوون و، تاوەکو ئێستاش کاریگەرییەکانى ماوە".
جگە لەئیدالگۆ، فرانسوا ئۆڵاند، سەرۆککۆمارى پێشووی فەرەنساو، سەرۆکوەزیرانى پێشووتر، عەلى دۆڵەمەری، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فەرەنسا، هاوکات دکتۆر تیسۆ، باڵیۆزی پێشووتری پاریس لەشارى هەولێر لەو مەراسیمە ئامادە بوون.

لە دەستپێکردنى مەراسیمەکەش گرووپی مۆسیقای کوردی بەچەند پارچەیەک لەهونەری کوردی پێشکەش بەفەرەنسییەکان کرد.

پاریس ٢

دواتر، وەزیرى پێشووى پەیوەندییە دیپلۆماتیەکانى فەرەنسا، لەبارەى مێژووی دروستبوونى ئەنیستیتوت و، کاریگەرییەکانى لەسەر نزیکبوونەوەیان لەگەلى کورد  باسکرد.
لەساڵى ١٩٨٤ لەرێگەى دکتۆر کەنداڵ نەزان، پسپۆری فیزیایی و، چەندین کەسایەتى ناسراوى نێو بوارى کلتووری کورد، وەک شاعیری بەناوبانگ جگەرخوێن، یەڵماز گۆناى، دەرهێنەرى جیهانى کورد، بۆ پاراستن وپەرەپێدانى زمان و کلتووری کورد لەرۆژێکى وەک ئەمرۆ لەساڵى ١٩٨٣ ئەنیستیتوتى کورد لەپاریس دروست دەکەن.

لەماوەى ئەو ٤٠ ساڵەشدا، توانیویانە توانسازی بۆ هەزاران قوتابی لەهەر چوارپارچەى کوردستان لەنێو زانکۆکانى فەرەنسا بەخۆڕایی دابین بکەن، کەتاوەکو ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامیی هەیەو، ساڵانەش چەندین قوتابی کورد لەرێگەى ئەوانەوە کورسی خۆڕاییان بۆ دابین دەکرێت.
لەپەیامێکیدا فرانسوا ئۆڵاند، سەرۆککۆمارى پێشووی فەرەنسا باسى لەوە کرد " ئەوان لەرێگەى بنەماڵەى میترانەوە، بەتایبەت لەرێگەى فرانسوا و دانیاڵ میترانى هاوژینیەوە نزیکبوونەوە لەگەلى کوردو، تاوەکو ئێستاش ئەو پەیوەندییە بەهێزە ماوە".

لەو نێوەندەشدا کەنداڵ نەزان، سەرۆکى ئەنیستیتوت لەووتارێکیدا بۆ ئامادەبووان باسى لەقۆناغە سەرەتاییەکانى دروستکردنى ئەو دامەزراوە کلتورییە کردو، جەختى لەوە کردەوە " ئەوان کاتێک ئەو هەنگاوەیان ناوە، مەترسییەکى گەورە لەسەر زمان و کلتووری کورددا هەبووە".
ئاشکراشی کرد " پرۆسەکە لەچوارچێوەی جەنگێکى هەرێمایەتى بوون، کەعێراق و ئێران لەشەڕدا بوون، بەڵام لەهەمان کاتدا شەڕى کورددیانیش دەکرد".

دواتر کۆمەڵێک چالاکیی و هەنگاوەکانى وەڕگێرانى ئەدەب و کلتووری فەرەنسی بۆ سەر زمانى کوردی و بەپێچەوانەوە خستە بەردەم مێوانان.

پاریس ٤