Ana içeriğe atla

میلیشیاکانى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى گەورەدان

میلیشیاکانى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى گەورەدان
AvaToday caption
posted onJanuary 9, 2022
noyorum

بڕیارە ئەمرۆ (یەکشەممە ٩ کانوونى دووهەمی ٢٠٢٢)ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق یەکەم دانیشتنى دواى پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى تشرینى یەکەمى (ئەکتۆبەر)ـى ٢٠٢٠ ئەنجام بدات و تێدا سەرۆک و هەردوو جێگرەکەى دەستنیشان بکات، وەک هەنگاوێک بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق، کە پێشبینی دەکرێت ڕێبەرى شیعەکانی ئەو وڵاتە ڕۆڵێکى سەرەکی تێدا بگێرێت.

 

بە پێی دەستوورى عێراق، دەبێت سەرکۆمار داوا لەپەرلەمان بکات کە لە ٣٢٩ ئەندام پێک هاتووە، بۆ ئەوەى یەکەم دانیشتنى خۆى بە سەرۆکایەتى بە تەمەنترین ئەندام دەست بە کۆبوونەوەکانى خۆی بکات و، سەرپەرشتی هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرەکانى بکات.

دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان دەریخست لە نێو پێکهاتەى شیعەکان، ڕەوتى سەدر کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتى دەکات بە ٧٣ کورسی بووەتە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکان. زۆربەى گفتوگۆییە سیاسییەکانى ئێستا بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێی لەسەر ئەوە چڕ بووەتەوە، کەسایەتى نوێ سەرۆکایەتى هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق بکات، بەتایبەت لەنێو گرووپە میلیشیاییەکانى نزیک تاران ڕازی نین مستەفا کازمی، بۆ خوولى دووەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.

لەڕاگەیێنراوێکی خۆشیدا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئاماژەى بەوە کردووە "دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکەى یەکشەممە کاتژمێر ١١ بەیانى بەکاتى بەغدا بەریوە دەچێت و بڕگەکانیشى بریتییە لە سوێندخواردنى پەرلەمانتارە براوەکان و، کردنەوەى دەرگاى خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەى".

بۆ بەرێوەبردنى یەکەم دانیشتنى پەرلەمانیش پێشبینى دەکرێت، مەحمود مەشهەدانى سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنى نوێنەران بەرێوەى ببات و دووبارە دەگەرێتەوە پۆستەکەى بۆ چەند کاتژمێرێکیش بێت.

لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانییدا تاریق حەرب، پسپۆڕی یاسایی لەبارەى یەکەم دانیشتنى پەرلەماندا ڕایگەیاند "هیچ سوپرایزێک لەو دانیشتنە بەدی ناکرێت".. "ئەگەری ئەوە هەیە بە پێی دەستوور سەرۆک و هەردوو جێگرەکەى هەڵبژێردرێن، بژاردەى دووەمیش ئەوەیە دانیشتنەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە تا ئەو پۆستە یەکلایی دەبێتەوە".

حەرب ئاشکراشی کردووە "دواخستنى پرۆسەى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پێویستى بە دەنگی زۆرینە هەیە و بە بڕیاری تاکلایەنانەى سەرۆکی بەتەمەنترین ئەندام بەرێوە ناچێت".

ئالیەتى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پێویستى بەدەنگی ١٦٠ پەرلەمانتار هەیە، کە ئەویش نیوە کۆ یەکە، کەئەرکیان ئەوەیە لەماوەى ٣٠ ڕۆژ سەرۆککۆمار هەڵبژێرن، کەئەویش ئەرکی دەستنیشانکردنى کەسێکە بۆ پێکهێنانى حکومەت، کە لەنێو گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى دەبێت، ئەویش بەهەمان شێوەى سەرۆککۆمار ٣٠ ڕۆژى لەبەردەمە کەحکومەتەکەى بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ وەرگرتنى متمانەى ئەنجومەنى نوێنەران.

بەڵام زۆربەى ئەو پرۆسەى لەنێو دەستووردا هاتووە، لەسەر ئەرزی واقیعدا هەمووی بەرێکەوتنى فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکان بەرێوەچووەو، زۆر گرنگی بەوادە دەستوورییەکاندا نەدراوە، بەتایبەت لەنێو هێزە براوە گەورەکاندا.

چونکە سەرۆککۆمار بۆ ئەوەى متمانە وەربگرێت پێویستى بە ٢١٠ دەنگە، ئەمەش بەبێ ڕێکەوتنى پێشوەختە ئەستەمە کەسێک لەدەرەوەى هێزە سیاسییەکان بەدەستى بیهێنت، ئەگەریش لەقۆناغی یەکەم ڕکابەرەکان شکستیان هێنا، ئەوا خوولى دووهەمی دەنگدان بەرێوەدەچێت و، هەر کامەیان زۆرینەی دەنگەکانی هێنا پۆستەکە مسۆگەر دەکات.

گرنگترین پۆستى نێو پرۆسەى سیاسیی عێراق بریتیە لەسەرۆکایەتى وەزیران و پەرلەمان، کەزیاتر لەنێوان شیعەکان و سوننەکاندا چڕبووەتەوە، بەڵام لەدوایین هەڵبژاردنى ٢٠١٨ پۆستى سەرۆکایەتى کۆماریش لەنێو کوردەکاندا کە لە دواى ٢٠٠٥ بەرێوەى دەبەن، کێشەى دروستکردووە بەتایبەت لەنێوان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان، کەلایەنى دووهەم هەوڵێکى زۆریدا بۆ ئەوەى کاندیدەکەى خۆی بگەیەنێتە ئەو پۆستەو دەرگا لەبەردەم بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئێستا دابخات، بەڵام هەوڵەکانى شکستى هێنا.

لەلایەن خۆیەوە ئاژانسى بلوومبێرگی ئەمەریکى لەراپۆرتێکى شیکاریی بۆبی غووش جەختى لەوە کردۆتەوە، موقتەدا سەدر، پیاوی ئایینى شیعەکان بەبۆمبی ئاگرین وەسفکردووەو، لەهەمان کاتیشدا بەپیاوی ئاگرکوژینەوەش باسى دەکات، کەزۆرکات ڕێگری کردووە لەئاگربەردانى سیاسیی لەو وڵاتە.

غووش دەڵێت " سەدر لەگەڵ فەتح ناچار بوو لە ٢٠١٨ پۆستە باڵاکان لەنێوخۆیاندا دابەش بکەن، کەزۆربەى وەزیرو بەرپرسە لاوازەکانیان ڕەوانەى نێو حکومەت کرد، بەڵام ئێستا سەدر تواناى زیاتری هەیە لەگەڵ سوننەو کوردەکان فەتح دووربخاتەوە".

هەرچەندە سەدر خۆی بەرێبەرێکى نیشتیمانى دەناسێنێت، دووپاتیدەکاتەوە ناچار نیە ملکەچی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت، کە ئەو وڵاتە باڵادەستن لەنێو کاروباری عێراقدا.

سەرەڕاى ئەوەش زۆربەى عێراقییەکان سوورن لەوەى سەدر " کەسێکى ناسەقامگیرەو هیچ چارەسەرێکى بۆ کێشەى وڵاتەکەیان نیە، بەڵام خاوەن جەماوەرێکى فراوانە، بەتایبەت لەنێو گەنجەکان، کەزۆرینەی خۆپێشاندانەکانى ٢٠١٩ پێکدەهێنن".

بۆیە ئەوەى لەبەردەم سەدر دایە " مەترسییەکانى کوردەکان و سوننەکان بڕوێنێتەوە، لەوەى ئەم خوولەى حکومەتدا بەئارامیی بەرێوەدەبات و کەسێکى سەربەخۆش بۆ ئەو پۆستە دیاریی دەکات کەجێی ڕەزامەندییان بێت".

سەدر دژى هەڵوێست و داواکارییەکانى گرووپە نزیکەکانى تارانە بەوەى چارەسەرە تەقلیدییەکە هەڵبژێرن بەوەى سەرجەم لایەنەکان بەدۆڕاو براوەکان بەشداریی حکومەت بکەن، بەڵام ئەو سوورە کە ڕەوتەکەى سەرۆک وەزیران دیاریی دەکات و، حکومەتى زۆرینەش باشترین بژاردەیان دەبێت.

لەپاڵ ئەوانەش چەندین جار دووپاتیکردۆتەوە کە " پێویستە سەرجەم میلیشیاکان هەڵبوەشێنرێتەوەو، گرنگی زیاتر بەهێزەکانى دەوڵەت بدرێت، ئەم هەڵوێستەش پێچەوانەى هەنگاوەکانیەتى کەخۆى سەرپەرشتى گرووپێکى میلیشیایی لەعێراق دەکات و، دەستى لەچەندین ناسەقامگیریی هەبووە.

ئەوەى تاوەکو ئێستا بۆ سەدر مسۆگەر بووە کەهاوپەیمانیی لەگەڵ فراکسیۆنەکەى مەحمەد حەلبووسی، سەرۆکى ماوە بەسەرچووى پەرلەمان (خاوەنى ٣٧ کورسی) و، پارتى دیموکراتى کوردستان (خاوەنى ٣١ کورسی) دەکات، بەڵام لەسەر هەندێ ووردەکاریی ماوە هاوپەیمانیەکەیان ڕابگەیەنن.