Ana içeriğe atla

هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بوونەتە چقڵى چاوى کۆمارى ئیسلامى

هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بوونەتە چقڵى چاوى کۆمارى ئیسلامى
AvaToday caption
posted onOctober 11, 2021
noyorum

کۆمارى ئیسلامى بۆ چەندەمین جار پرسى حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانى هەرێمى کوردستان دەهێنێتەوە گۆڕێ و لە کاتى قسەکردنى محەمەد خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسى لەسەر هەڵبژاردنەکانى عێراق، داواى نەهێشتنى هێزەکانى ڕۆژهەڵات لە نێو عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد.

 

ڕۆژى یەکشەممە ١٨ى ڕەزبەر (١٠ى ئۆکتەبەرى ٢٠٢١)، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانى عێراق بەڕێوە چوو و لەم بارەوە کۆمارى ئیسلامى قسەى فەرمى خۆى ڕاگەیاند و لەو نێوەندەشدا وەک هەمیشە و بۆ چەندەمین جار هاتەوە سەر پرسى حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە نێو خاکى هەرێمى کوردستان و عێراق.

محەمەد خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسى گوتى: "هەڵبژاردنى ڕۆژی یەکشەممە لە عێراق، درێژەپێدەری پرۆسەی دیموکراسییە لەو وڵاتە. ئێمە پێشوازی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین لە عێراق کە بە سەرکەوتووییەوە ئەنجام دران" و هەروەها باسى لەوە کرد کە عێراق ئێستا لەسەر ڕێڕەوێکی ڕاستە و بەرەو دیموکراسی دەچێت، وەک ئەوەى کە کۆمارى ئیسلامى خۆى دیموکراسییەکى بێ وێنەى لە دونیا بنیات نابێت و خوازیارى بەدیموکراسیکردنى وڵاتانى دیکە بێت.

محەمەد خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسییەکەدا دووبارە وەک چەندین فەرماندەى باڵاى سوپاى تیرۆریستى پاسداران باسى حیزبە کوردییەکانى کردەوە و گوتى: بوونی هێزە چەکدارە کوردییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەت دەکەینەوە و پێداگرى لەسەر نەهێشتنى بنکە و بارەگاکانیان لەو ناوچانە دەکەینەوە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى ئەوەى نەشاردەوە کە هەر خۆى چەندین جار داوای لە عێراقییەکان و هەرێمی کوردستان کردووە کە بوونی بنکە و بارەگاکانى حیزبە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، "پەیوەندی بە دراوسێیەتی باشەوە نییە و داوای لابردن و دوورخستنەوەیان دەکەین".