Ana içeriğe atla

گۆڕخانەكەی خومەینی و برسییەكانی دەوروبەری

گۆڕخانەكەی خومەینی و برسییەكانی دەوروبەری
AvaToday caption
posted onAugust 15, 2020
noyorum

ڕەسووڵ سوڵتانی

 

گۆڕەكەی ئایەتوڵا خومەینی لە ئاستی جیهاندا، بە پێی تێچووەكەی و ئەو ڕووبەرە زەوییەی بۆیان تەرخان كردووە، بە گرانترین گۆڕخانەی دونیا لە قەڵەم دراوە. ئەو گۆڕە، ٦٠٠ هەزار مەتری چوارگۆشەی سەرداپۆشراوی داگیر كردووە كە بە وتەی ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە هەموو دونیادا بێوێنەیە و لە نێو جوولەكە و مەسیحییەكانیشدا شتی لەو جۆرە نەكراوە. چوارچێوەی ئەو گۆڕخانەیە ئەوەندە پتەو دروست كراوە كە پسپۆڕان دەڵێن بوولەرەزەیەكی ١٦ ریختەریش كاری تێ ناكا و درزی تێ ناخا. هەر ئەو چوارچێوەیەی بە پۆڵا بۆ گومبەزەكەیان دروست كردووە ٣٤٠ هەزار كیلۆیە و ئەو ڕووكێشە زەردەی بەسەریشیاندا كێشاوە ٥٠ هەزار كیلۆیە كە لەسەر یەك دەكاتە نزیك ٤٠٠ هەزار كیلۆ. لە دەوری گۆڕەكە، چوار منارەیان قوت كردووەتەوە یەكی ٩١ مەتر درێژن، بە نیشانەی تەمەنی ٩١ ساڵەی خومەینی.

گۆڕی خومەینى

گومبەزە سەرەکییەکەى سەر گۆڕەكە، لە زێڕ دروست كراوە. مۆزەخانەیەكی تێدایە ١٥ هەزار مەتری چوارگۆشەیە. دار و دیواری مۆزەخانەكە بە بەردی گرانبایی دروست كراوە و هەموویشی بە دەستوپەنجەی دەسڕەنگین و هونەرمەندان هەڵكۆڵراوە و كراوەتە نەخشونیگار و وەك دەڵێن هەر دارودیوارەكە خۆی بووەتە ئاسەوارێكی هونەری بێ ئەوەی شتی گرانباییشی پێوە هەڵواسرێ. كۆمەڵە بینایەكی تێدا دروست كراوە كە تەنیا یەكەم بودجەی تەرخانكراو بۆ بنەما و هەڵچنینی ئەو بینایە ٨٠٠ ملیار تمەن بووە و هێشتا نەكراوەتەوە.

خومەینى و گۆڕ

ئەوە گۆڕی دامەزرێنەرەكەی ڕژێمی ئیسلامییە كە خۆیان دەڵێن تا زیندوو بوو، لەوپەڕی سادەیی و زۆر سۆفیانە دەژیا و دژی باق و بریق و كەشم و نەشم و كۆشك و تەلار بووە، بەڵام ئێستا گۆڕێكیان بۆ دروست كردووە كە پارەی تێچووەکەى گەر نەشڵێین هەموو هەژارانی ئێرانی لە هەژاری ڕزگار دەكرد، هەر ئەوەندە دەڵێین کە ژیانی ئەو كرێكار و هەژار و نەدارانەی ڕزگار دەكرد كە بە سەرمای زستان و هوڕەی گەرمای هاوین، شەوانە لە دەوری حەرەمەكەی خومەینی لەسەر كارتۆن دەخەون، چونكە هیچ شوێنێكی دیكەیان نییە و هیچ سەرپەنایەك شك نابەن شەوانە بچنەوە بنى و بە ئاسوودەیی تێیدا بخەون. ئێستا شەوانە دەوری ئەو گۆڕەی كە تەنانەت كۆشك و تەلاری فێرعەونەكانیش ئەوەندە ڕازاوە و پڕ تێچوو نەبووە، بە هەزاران لێقەوماو و خەڵكی بێ ماڵ و حاڵ بە شەكەتی و برسیەتی سەر دەنێنەوە، بەڵام گۆڕی ئەو كەسەی دەیگوت ناهێڵین لە ئێراندا هەژاری بمێنێ و پارەی نەوت دەبێ بێتە سەر سفرەی هەژاران، خشتێك لە زیو و یەك لە زێڕە.

خومەینى و گۆڕەکەى

ئێستا هەژارانی ئێران تەنانەت هەقی ئەوەشیان نییە بپرسن ئاخۆ ئەم كۆشكە فێرعەونییە بە پارەی كێ دروست كراوە؟ ئاخۆ بەو پارەیەی كە لە دەمی ئێمەمانان گێڕدراوەتەوە و لە سۆنگەی ئەو كۆشك و تەلارانەوە ئێمەی پێ هەژار كراوین، یان نەخێر پارەی دروستكردنی ئەو گۆڕخانە بەشكۆیە لە میراتی بنەماڵەی ئایەتوڵا خومەینی هەڵگیراوە؟

هەژارانی ئێران كە مافی ئەو جۆرە پرسیارانەیان نییە، ڕەنگە تەنیا مافی ئەوەیان پێ ڕەوا دیترابێ لە دوورەوە ڕوو بكەنە گومبەزەكانی ئەو گۆڕخانەیە و بۆ هەژاریی خۆیان بپاڕێنەوە، بەشكم ئەو ڕسق و ڕۆزییەی دامەزرێنەران و دروستكەرانی كۆشك و تەلاری مردووەكان لێیان بڕیون، دەستێكی نادیار پێیان بداتەوە، چونكە ئیتر لە سێبەری ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییەدا ڕسقی ئەو خەڵكە چووەتە نێو دەمی گورگەوە و دەرنایەتەوە.

ئەوە بوو دیاریی دەسەڵاتدارە ئیسلامییەكانی ڕژێمی ئێران بۆ خەڵكی ئەو وڵاتە.

گۆڕى گەواد خومەینى