لەگەڵ جێبەجێکردنى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر کۆمارى ئیسلامی ئێراندا، و لێخۆشبوونێکى ٤٥ ڕۆژیشى بۆ عێراق ڕاگەیاند، بۆ ئەوەى لەو ماوەیە سەرچاوەیەکى نوێ بۆ هاوردەکردنى غاز بدۆزێتەوە، سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتەش بەسەردانێکى فەرمیی گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
دواى ئەنجامدانى کۆمەڵێک گەشتى دیپلۆماتى بۆ وڵاتانى کەنداو، بە تایبەت لە کوەیت و ئیمارات و دواتر ئەردەن، بەرەبەیانى شەممە چاوى بەحەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆمارى کۆماری ئیسلامی کەوت و کۆمەڵێک تەوەرى ئابوورى و سیاسی وستراتیژییان تاوتوێ کرد. لەو سەردانەدا ڕوحانى لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ شاندە عێراقییە ئامادەیی نیشان داوە کە "وڵاتەکەى لەسەرجەم کەرتە جیاوازەکاندا لە نێویاندا نەوت، کارەباو پەرەپێدانى ژێرخان و هێڵى شەمەندەفەر و ڕێگاوبان، یارمەتی بەغدا بدات".
ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتى بەغدا کەمتر لە ٤٥ ڕۆژى لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی بەدواى سەرچاوەیەکى دیکەى هاوردەکردنى غازی سروشتى ئێران بۆ وێستگەکانى بگەرێت. گرنگترین ئەو بژاردانەش لەبەردەم حکومەتى فیدراڵى عێراقدایە، ئەردەن، کوەیت و سعودیەیە، لە پاڵ سوود وەرگرتن لە کەرتى وزەى هەرێمى کوردستان.
لەبەرامبەریشدا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "وڵاتەکەى پاڵپشتییەکانى ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڕژێمى پێشوو و تیرۆریستان لەبیر ناکات"، بەگووتەى خۆیشى کۆمارى ئیسلامى ڕۆڵێکى گەورەى گێراوە بۆ شکستپێکهێنانى تیرۆریستان.
ڕوحانى ئاشکراشی دەکات "ئاڵوگۆری بازرگانى نێوان هەردوو وڵات ساڵانە لە سنوورى ١٢ ملیار دۆلارە"، ئومێدەواریشن لەماوەى داهاتوو بەرزی بکەنەوە بۆ سنووری ٢٠ ملیار دۆلار". لەبەرامبەریشدا ئەندام پەرلەمانى ئێران دووپاتی دەکاتەوە "باشترین ڕێکار بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا، پەرەپێدانى هاریکارییە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ". جەخت لەوەش دەکاتەوە "هاریکارییەکانی عێراق و ئێران چوار بۆ پێنج هێندەى هاریکارییەکانە لەگەڵ ئەوروپا".
حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆکى لێژنەى ئاسایشى نەتەوەیی و سیاسەتى دەرەکی پەرلەمانى ئێران داواشى کردووە "دەروازە سنوورییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ بەهێزتر بکەن"، گووتیشى " هەر ١٥ وڵاتانى دراوسێی ئێران باشترین ڕێکارن بۆ بەرەنگاربوونەوەى سزاییەکان".
سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران، چەندین کەرتى هەستیاری ئابوورى و بازرگانى گرتووەتەوە، کە بە بەهێزترین سزای ئەو وڵاتە دژى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی دادەنرێت کە توانیویەتى گرنگترین سەرچاوە ئابوورییەکانى ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج و فشارێکى نێودەوڵەتیشى بۆ دروست بکات. قەبارەى بازرگانى ئەو وڵاتە لەگەڵ بەڕازیل لەسنوورى ٥ ملیار دۆلارە، کەئاستى هەناردەکردنی تاران لەسنوورى ٣١ ملیۆن دۆلارن، هاوکات لەگەڵ ئەفغانستانیش لەسنوورى ٢.٥ملیار دۆلار، هاوردەکردنی لەو وڵاتەش لەئاستی ١٥ ملیۆن دۆلار، بۆ عێراقیش لەئاستی ١٠ ملیارە، هەناردەکردنیشیان لە سنوورى ٦٠ ملیۆن دۆلارە.
تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک لەبارەى هەنگاوەکانى وڵاتانى لێخۆشبوو لە سزاکانى ئەمریکا دیار نییە، تاچ ڕادەیەک بەتەواوەتى پشت لە وزەى تاران دەکەن و، تا چەندیش وڵاتانى دیکەى بەرهەمهێنەرى نەوت دەتوانن قەرەبووى کەمبوونەوەى خستنەرووى نەوتى ئێران دەکەن، کە هەر یەک لە سعودیەو ڕووسیاو عێراق خۆیان بۆ ئەو پرسە ئامادە کردووە.