Skip to main content

گەڵاڵەیەکی نوێی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سانسۆری ئێران و چین 

گەڵاڵەیەکی نوێی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سانسۆری ئێران و چین 
AvaToday caption
posted onApril 28, 2020
nocomment

چەند ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لە هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخواز ڕۆژی دووشەممە، هەشتی بانەمەڕ گەڵاڵەیەکیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سانسۆری لە ڕادەبەدەری سێ وڵاتی وەک چین، ئێران و کورەی باکور لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێشکەش کرد.

 

ئەو گەڵاڵەیە لە ئەگەری یەکلابوونەوەی لەلایەن ئاژانسی میدیا جیهانیەکانی ئەمریکا کە دەنگی ئەمریکا و ڕادیۆ فەرداش بەشێکن لێی، دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ئێستادا ئەو ئاژانسە سندوقێکی بە ناوی سندوقی فەناوەری ئازاد هەیە کە پشتیوانی لە پڕۆژەی کۆمپانیا چکۆلەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سانسۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکات.

لەو گەڵاڵەیەدا ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیار وایە ئیزن بەو سندوقە بدات پشتیوانی لە گەڵاڵەیەکی گەورەتر لە بواری بەرهەمهێنانی کەرەسەی ڕووبەڕووبوونەوەی سانسۆر بکات. ئەندامانی مەجلیسی نوێنەران دەڵێن ئامانجیان لەو گەڵاڵە  هەوڵدانە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی هەوڵە دەوڵەتیەکان بۆ سانسۆر و پشتیوانی لە پەرسەندنی فەناوەری.

مایکل مەک مال، ئەندامی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەران کە پشتیوانی ئەو گەڵاڵەیە دەڵێ لە وڵاتانی وەک ئێران، چین و کورەی باکور، دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی ستەمکارانە هەواڵی داخستنی ئینتەرنێت دەدەن و گەڵاڵەیەکی نوێیە بۆ بەهێزکردنی خەبات دژی سەرەڕۆییە لەو وڵاتانە.

ئێلیوێت ئەنگل، ئەندامی دێموکراتەکانی مەجلیسی نوێنەران گووتی پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵە هاوکار دەبێ بۆ بەهێزکردنی میدیای ئازاد لە سەرتاسەری جیهان. بە گووتەی ئەنگل ئەو گەڵاڵەیە بۆ ئەوەیە کاتێک دەوڵەتانی سەرکوتکار دیوار درووست دەکەن، ئێمە پەیژەیەکی بڵیندتر درووست دەکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنووسان کە خەرمانانی ٩٨ بڵاو بووە، لە نێوان وڵاتانێک کە خراپترین و زۆرترین گوشارەکان لەسەر میدیاکان درووست دەکەن کورەی باکور، چین و ئێران پلەی دووهەم، پێنجەم و حەوتەمیان هەبوو.

کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان کە بنکەکەی لە نیۆیۆرکە لە ڕاپۆرتی خۆیدا دە وڵاتی بەوە تاوانبار کرد کە ستانداردە نێودەولەتیەکانی ئازادی رادەربڕینیان وەژێر پێ ناوە و بە ترساندنی ڕۆژنامەنووسان بە کەڵکوەرگرتن لە زیندان، میدیاکانیان کردووە بە وتەبێژی حکومەت و هەواڵنێرانی سەربەخۆ دوور دەخەنەوە .

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو وڵاتانە بە شێوەی سووننەتی وەک ئازار و ئەشکەنجە، دەستبەسەرکردنی بێ هۆکار بە چاودێری ئەمنیەتی پێشکەوتوو و هەک کردنی ئامانجدار بە ئامانجی بێدەنگکردنی میدیا سەربەخۆکان لە دژی میدیا و ڕۆژنامەنووسان کار دەکەن.