Skip to main content

ئەنجومەنی ڕاگوزەری باشوری یەمەن خودموختاری ڕاگەیاند

ئەنجومەنی ڕاگوزەری باشوری یەمەن خودموختاری ڕاگەیاند
AvaToday caption
posted onApril 26, 2020
nocomment

ئەنجومەنی ڕاگوزەری باشوری یەمەن شەوی شەممە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند بەشی باشوری ئەو وڵاتە لەمەوداوا خوموختار دەبێت.

 

بە پێی ئەو ڕاگەیەندراوە هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی ڕاگوزەری باشوری یەمەن کۆنترۆڵی عەدەنیان بە دەست گرتووە. راگەیەندراوەکە  کە لە نیوەشەوی شەممەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن بە کردەوە چارێکی دیکە دەسەڵاتی دەوڵەتی عەبدە مەنسور هادی بێکاریگەر دەکاتەوە.  دەوڵەتی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٤بەلاوە و دوای کۆنترۆڵی سەنعای پێتەخت لە لایەن حوسیەکان لە عەدەن جێگیر بوو.

ئەنجومەنی ڕاگوزەری باشور، دەوڵەتی عەبد ڕەبە مەنسور بە گەندەڵی، ناکارامەیی و لاوازی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپە ئیسلامیە تووندئاژۆکان تاوانبار دەکات. بە پێی ئەو ڕاگەیەندراوە کۆمیتەی خودموختاری پرسە سەرەکییەکان بە پێی ئەرکە پێسپێردراوەکان لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەوە جێبەجێ دەکات.

مەنسور هادی لە ساڵی ٢٠١٢دا و بە سەرکەوتن لە هەڵبژرادنێکی بێ ڕکابەر توانی ببێ بە سەرکۆماری یەمەن. کۆمەڵگەی جیهانی دەوڵەتی ڕەبە بە تەنیا دەوڵەتی ڕەوای یەمەن دەزانێت. ڕاگەیاندنی خودموختاری لە لایەن سەربەخۆییخوازانی یەمەن کە لە لایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێن چارەنووسی هاوپەیمانی ژێر دەسەڵاتی عەرەبستان ئەوەندەی دیکەش لە یەمە ناڕوون دەکاتەوە.

هێزە بریکارەکانی ئیمارات و عەرەبستان پێشتریش چەند جار تووشی تێکهەڵچوون لەگەڵ یەکتری بوون بەڵام هەموو جارێ بە ناوبژیوانی هێزە پشتیوانەکانیان بە ڕێککەوتن گەیشتیبوون.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لایەن عەرەبستان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا بەڵام شەڕی نیوان حوسییەکان و عەرەبستان بێ ڕاوەستان درێژەی هەیە. فرۆکەکانی هاوپەیمانی ڕۆژانە بە بەردەوامی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دژبەران لە شارەکانی باکور و ناوەندی یەمەن بۆردومان دەکەن.

هێزە دژبەرەکانی مەنسور عەبدە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هاوکاری دەکردرێن و عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە بەهاری ساڵی ٢٠١٥ بەولاوە بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی عەبد رەبە مەنسور پێیان ناوەتە گۆڕەپانی شەڕی ئەو وڵاتە.

کۆماری ئیسلامی و بریکارەکانی لە یەمەن بوون بە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس . بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەتایبەت منداڵان لەژێر هەڕەشەی برسیەتیدا دەژین.