Skip to main content

عێراق بەنیازە دوایین بزمار لە قەیرانەکەى ئێران بدات

عێراق بەنیازە دوایین بزمار لە قەیرانەکەى ئێران بدات
تا ئێستا ئۆپێک، قەبارەى کەمبوونەوەکانى نەوتى ئێرانی بە هۆى سزاکانەوە ڕووپێو نەکردووە
posted onNovember 7, 2018
nocomment

 

حکومەتى عێراق ئاشکراى دەکات " چاوەڕوانى بازاڕەکان دەکەن، بۆ ئەوەى بزانن، ئاستى دابینکارییەکانى ئێران لەنەوتى خاو چەندن، بۆ ئەوەى ئەوان ئاستەکەى پڕ بکەنەوە"، کەبەهۆى جێبەجێکردنى قۆناغی دووهەمى سزایەکانى ئەمەریکاوە ڕووى لە کەمی کردووە.

 

بەگووتەى چاودێران "ئەو هەنگاوە هێمایەکە بەوەى بەغدا دەکەوێتە نێو هەژمارە سیاسییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەى فشارەکانى دژى تاران تووندتر بکات". ئاماژەیان بەوەش داوە "ئەگەر عێراق توانى لەقۆناغی داهاتوو ئاستى دابینکارییەکانى بازاڕ لەنەوتى خاو وەک قەرەبوو کردنەوەى کەمییەکانى ئێران دابین بکات، ئەوا دوایین بزمار لە قەیرانەکان ڕژێمى ئێران دەدات".

لە لایەن خۆیەوە سامر غەزبان، وەزیرى نەوتى حکومەتى بەغدا بە ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "تا ئێستا لە لایەن ئۆپێکەوە، قەبارەى کەمبوونەوەکانى نەوتى ئێران بەهۆى سزاکانەوە ڕووپێو نەکراوە". جەختى لەوەش کردووە "وڵاتەکەی دەیەوێت بزانێت قەبارەى ئەو دابەزینە فیعلییەى نەوتەکەى ئێران چەندە، بۆ ئەوەى ستراتیژییەتى خۆیان لەسەر ئەو  پرسە دارێژن".

لە یەکەم دیداریشى دواى دەستبەکاربوونى وەک وەزیرى نەوت غەزیان گووتى "دەمەوێت بە وردى زانیاریی لەسەر ئاستى گشتى هەناردەکردنى تاران بزانین، و تاچەندیش لەلایەن بەرهەمهێنەرانى ئۆپێک و وڵاتانى دیکەوە پڕ دەکرێتەوە". لە بارەى نرخەکانی نەوت بۆ ساڵى داهاتوو تەنها باسى ئەوەى دەکرد کە "نرخەکان لەسەرووى ٧٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەمێنێتەوە"، پێشی وابووە " هەرچەند بەرزتر بن، بۆ عێراق باشترە".

لە 5 تشرینى دووهەمى ئەمساڵدا، قۆناغی دووهەمی سزاکانى کوشکى سپی دژى تاران چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، کەئەمجارەش کەرتى نەوت و وزە و بانکی ناوەندی و دامەزراوە هاوشێوەکانیان لەخۆ گرتبوو. جگە لە عێراق سعودیە چاوی لەوەیە قەرەبووى کەمبوونەوەى نەوتى ئێران لە بازاڕەکاندا بکات، بەڵام شیکارێکى پرسى نەوت دووپاتی دەکاتەوە "ئاستى بەرهەمهێنانى ڕیاز لەسنوورى ١٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێگیر بووە".

سەمیر مەدەنى، توێژەرى کۆمپانیاى تانکەر تراکرز دەشڵێت "بەرزبوونەوەی فیعلی لە لایەن عێراقەوە دەبێت، کەئاستى هەناردەکردنى ڕۆژانەى ٤.٢  ملیۆن بەرمیل نەوتەو، ئەمەش لە هیچ سەردەمێکدا ڕووی نەداوە". بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامی لەهەوڵی ئەوەن لەرێگەى کابینەکە تازەکەى بەغداوە، کۆنترۆڵى تەواو بەسەر جومگەکانى دەسەڵاتى ئەو وڵاتە بگرن، بۆ ئەوەى بتوانن لەوێوە هەناسەیەک بە ئابوورییە گەمارۆدراوەکەیان بدەن.

هەرچەندیشە پەیوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى هەردوو وڵات، لەئاستێکى باڵادایە، بەڵام واشنتۆن هەوڵەکانى چڕتر کردۆتەوە بەغدا لە تاران دوور بخاتەوە. سەرچاوە سیاسیەکانى بەغدا دووپاتیانکردۆتەوە "کوشکى سپی بەڵێنى بەعێراق داوە، بودجەى میلیشیاکانى حەشد شەعبی دابین بکات، بەو مەرجەى هاوسۆزیان بۆ ئێران نەمێنێت". بە پێی ئامارە فەرمییەکانى کەرتى نەوتدا تاران لە نیسانى ڕابردوو ئاستى بەرهەمهێنانى لەسنوورى ٢.٨ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام لەتشرینى یەکەمى ڕابردوو ئاستەکەى بۆ سنوورى ١.٦  ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، پێشبینى ئەوەش دەکرێت ئاستەکە زیاتر ڕووبەڕووى دابەزین ببێتەوەو، بگاتەوە سنوورى یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ئابوورى و داهاتى کۆمارى ئیسلامی دەکات، کە سەرچاوەى سەرەکیی بودجەى گشتى و دارایی وڵاتەکەیەتى. چاودێران پێیان وایە "کۆماری ئیسلامى تا سەرى ساڵى فارسی دەتوانێت بەرگەى ئەو قەیرانە ئاڵۆزە بگرێت، بەڵام درێژبوونەوەى سزاکان بۆ ناوەڕاستى ساڵى داهاتوو ئەو وڵاتە دەخاتە بەردەم ئەگەرى داڕمانى ئابوورى، بەو مەرجەى درێژە بە ملهۆڕییەکانى بدات".