مریەم قازی، چیرۆکنووس و ڕەخنەگر و چالاکی بواری مافی ژنان ڕۆژی دوشەممە ١٤ی خەزەڵوەڕ بە هۆی نەخۆشی لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
مریەم قازی چەندین ساڵ لە بوارەکانی فەرهەنگ و ئەدەب و بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبی مەهاباددا کاری کرد. "هاتنە ژوور قەدەغەیە" و" زیندەبەگۆڕ" دوو بەرهەمی بڵاو کراوەی خاتو مریەمن و ڕۆمانێکی دیکەش بە نێوی " ژیانم خۆش دەوێ" لە ژێر چاپ دایە.
جیا لە هەموو ئەوانە خاتوو مریەم بە ژنێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەناسرێتەوە کە بۆ زۆربەی گۆڤارەکانی کوردستان لە باشور و ڕۆژهەڵات بابەتی نووسیوە و کەم کەس هەیە لە یارانی ئەدەب و وێژەی کوردی ئەو خاتوونە نەناسێت.
ناوبراو لە سەردەمی ژیانی ئەدەبی گۆڤاری سروەدا کە بە یادگاری ڕەحمەتی مامۆستا هێمن دەناسرێتەوە هاوکاری ئەو گۆڤارەی کردووە وچەندین چیرۆکی لە سرەودا بڵاو بۆتەوە. یەکێکی دیکە لە کارە ئەدەبیە پڕ بایەخەکانی مریەم قازی چیرۆکی پەڕژینە کە لە داوای کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بۆ هاوسۆزی لەگەڵ خوشک و براکانی لە باشووری کوردستان پێشکێش بە خەرمانی ئەدەبی کوردەواری کرد.
مریەم قازی بە هۆی هەوڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد گوشارێکی زۆری لەسەر درووست کرابوو، لێ سەرەڕای ئەوەش قەت غافڵ نەبوو لە ڕاگوێزتنی هەستنی کوردانەی خۆی بۆ ژنان و لاوانی مەهاباد و موکریان و کوردستان.
مریەم قازی ساڵی ١٣٤٢ لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دوونیا هەڵیناوە، هەر لەیەکەم قۆناغەکانی خوێندنیدا وەک ئەوەی بە میرات بۆی بەجێ مابێت هۆگری بە دوونیای ئەدەبەوە پەیدا کردووە و لە ڕێگەی چیرۆک و پەخشانەکانیەوە خزمەتكی زۆری بە ئەدەبیاتی خۆراگری کوردستان کرد. ناوبراو لە بنەماڵەی قازیەکانی مەهاباد بوو.