دواى چەند کاتژمێرێک لە جێبەجێکردنى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى ئێران، وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە، بە هاوبەشى لەگەڵ وەزیرى خەزێنە لیستى تەواوى سەرجەم کەرتە ئامانجکراوەکانى تارانیان ڕاگەیاند، کە ئەمرۆ دووشەممە ٥ تشرینى دووەم (گەڵاڕێزان) چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
سزاکانى ئەمریکا شادەمارى بنەڕەتى ئابوورى کۆمارى ئیسلامی کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەى ئەو وڵاتە دەستبەرداری سیاسەتە شەڕانگێزەییەکانى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ببێت. مایک پۆمپئۆ، بە بۆنەى ٣٩ـمین ساڵیادی قەیرانى بارمتە ئەمریکییەکانى نێو باڵیۆزی ئەمریکا لە ١٩٧٩، کە بۆ ماوەى ٤٤٤ ڕۆژ لە نێو باڵەخانەکەیان لە تاران دەستبەسەر بوون، ڕایگەیاند "لەم یادەدا سووربوونى خۆمان لە بەرەنگاربوونەوەى ئێران نیشان دەدەین، تا ئەو کاتەى بەتەواوى دەستبەردارى کردەوە نایاساییەکانى دەبێت".
وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر ئەوەشى نووسیوە "ئەمرۆ، جێبەجێکردنى تووندترین سزا بەسەر ڕژێمى دەسەڵاتدار جێبەجێ دەبێت، ئامانجی وڵاتەکەشی پاڵدانى ئێرانە بۆ ئەوەى چالاکییە وێرانکارییەکانى ڕابگرێت". کۆمارى ئیسلامی، بەهۆى پەرەپێدانى بەرنامەى ئەتۆمیی و مووشەکی بالیستى، لە پاڵ ئەوانەش پشتگیرکردنى میلیشیا چەکدارەکانى عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، کە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەستى بەسەر جومگە هەستیارەکانى ئەو وڵاتە گرتووە، ئەمریکاى ناچار کرد لە ئایاری ڕابردوو لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥بکشێتەوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندبوو " ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕێگەى بە تاران دەدات، خۆى لە پابەندییەکان بدزێتەوە"، بەڵێنى سەپاندنى سزاى نوێشى بەسەر ئەو وڵاتە خستەروو. پۆمپئۆ ئاشکراى کردووە "سزاکان ڕژێمى کردۆتە ئامانج نەوەک گەلی ئێرانی، کە بە هۆى خراپی بەرێوەبردن و دزین و دڕەندەیی حکومەتەکەى دەناڵێنێت". ئەو وەزیرە تەنانەت لەچاوپێکەوتنێکى تەلەڤزیۆنیدا گووتویەتى " زۆربەى لایەنەکان داواى دووبارە گەڕانەوەى سزاکانى دژى ئیران، لەلایەن ئیدارەى ترامپەوە دەکەن، بەڵکو داواشیان کردووە ئێران زیاتر گۆشەگیر بکرێت و بەرەنگاری ببنەوە".
لەبارەى لێخۆشبوونى هەشت وڵاتیش لەکڕینى نەوتى ئێران، ئاشکراى دەکات "ئەو لێخۆشبوونانەش کاتین، تادەگەنە ئاستەکانى سفر". پۆمپیۆ جەخت لەوەش دەکاتەوە "سزاکان یەک ئامانجیان هەیە؛ ئەویش بێبەشکردنى گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر لە جیهان لە ئەنجامدانى هەر کارێک بیەوێت هاوشێوەى چەند هەفتەى ڕابردوو ئەنجامی بدات".
وەزیرەکەى ئیدارەى ترامپ نمونەى ڕووداوەکانى ئەم دواییەى دانیمارک و ئەورووپای هێناوە پێش چاوان، کە تاران هەوڵێدا لە نێو جەرگەى کۆپنهاگن ژمارەیەک ئۆپۆزسیۆنى ڕژێمەکەى تیرۆر بکات. سزاکانى ئەمجارەى واشنتۆن توانى ئاستى هەرناردەکردنى نەوتى تاران بەئاستى نیوە دابەزێنێت، بە جۆرێک لە نیسان (خاکەلێوە) ئەو وڵاتە ٢.٨ ملیۆن بەرمیلی هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکرد، لە تشرینى یەکەم (خەزەڵوەر)ی ڕابردوودا بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، پێشبینى دەکرێت پاشەکشێیەکان بەردەوامیی هەبێت بۆ سنوورى ١ ملیۆن بەرمیل. هەرچەند ئەمریکا فشارێکى تووندی لەسەر ڕژێمەکەى تاران دروست کردووە، بەڵام هەوڵە تووندەکانى کوشکی سپی پێیان وایە "سزاکانى ترامپ، لەو ئاستە نییە چۆک بەو ڕژێمە دابدات"، داواشیان کردووە "سیاسەتێکى تووندتر دژى تاران پەیڕەو بکرێن".
تا ئێستاش واشنتۆن سەرووى ٧٠٠کەس و کۆمپانیاو لایەنە بازرگانییەکانى بوارەکانى "وزە، نەوت، غاز، بانکی ناوەندی و، دامەزراوە دارایی و پیشەسازی و بانکییەکان" لەخۆ گرتووە.