Skip to main content

وڵاتە سکاندەناوییەکان دژى کۆمارى ئیسلامى بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

وڵاتە سکاندەناوییەکان دژى کۆمارى ئیسلامى بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە
هەوڵەکانى ئێران بۆ سەر نەیارەکانى لە داینمارک، جێگەى قبوڵ نییە.
posted onNovember 1, 2018
nocomment

 

وەزیرەکانى دەرەوەى وڵاتانى سوید، نۆروێژ، فینلەندا، ئایسلەند و دانیمارک بەیاننامەیەکى هاوبەشیان دژى هەوڵە تیرۆریستییەکانى کۆمارى ئیسلامى لە دانیمارک بڵاو کردەوە و نیگەرانى خۆیان بۆ ئەم دەستتێوەردان و هێرشە ڕاگەیاند.

 

لەم حەفتەیەدا ڕێکخراوى زانیارى و ئەمنی دانیمارک بڵاوى کردەوە کە "پیاوێکى ئێرانى ـ نۆروێژى دەستبەسەر کردووە کە ویستوویەتى یەکێک لە ئەندامانى گرووپە دژبەرەکانى کۆمارى ئیسلامى تیرۆر بکات"، بەڵام بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى ئەم تۆمەتەیان ڕەت کردەوە و بەڕێوەبەرى ئۆفیسى حەسەن ڕوحانى ڕۆژى چوارشەممە بڵاوى کردەوە کە "سەرۆککۆمار فەرمانى داوە کە ئەم پرسە بەدواداچوونى بۆ بکرێت و ئەنجامەکەى ڕابگەیێنرێت".

لە بەیاننامەى وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى سکەندەناوی هاتووە "زانیارییە بڵاوبووەکانمان لە لایەن داینمارکەوە تاوتوێ کردووە و سەرەڕاى هاودەردى لەگەڵ دانیمارک ئامادەى یەکێتى و یەکگرتنى تەواوین لەگەڵى". هەروەها هاتووە "گرنگە کە وڵاتە سکەندەناوییەکان شان بە شانى یەکترى لەبەرامبەر هەڕەشەکانى پێشیان دەوەستنەوە".

جەواد زەریفى وەزیرى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى لە تویتەرەکەى خۆیدا بڵاوى کردەوە کە "ڕەفتارە لادەرانە و پڕ لە ڕەق و کینەکانى مووساد (کە دواتر کارى لەسەر دەکەین)، تەنیا پابەندیمان لە دروستکردنى پەیوەندییە درووستەکان لەگەڵ دونیا بەهێزتر دەکات".

ئەم قسەیەى زەریف، پەیوەندى بەو هەواڵەوە بوو کە هەواڵنێرى تەلەفزیۆنى دەیەمى ئیسرائیل بڵاوى کردەو " مووساد ـ ناوەندە ئەمنییەکانى ئیسرائیل، هەواڵ و زانیارییان لەمەڕ ئەم هێرشەى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر نەیارەکانى دابووە دانیمارک".

بەیاننامەکە: گرنگە کە وڵاتە سکەندەناوییەکان شان بە شانى یەکترى لەبەرامبەر هەڕەشەکانى پێشیان دەوەستنەوە

بەیاننامەکە: گرنگە کە وڵاتە سکەندەناوییەکان شان بە شانى یەکترى لەبەرامبەر هەڕەشەکانى پێشیان دەوەستنەوە

 

دانیمارک داواى لە یەکێتى ئەوروپا کرد کە بەرامبەر ئەم هەوڵە ناکامە تیرۆریستییەکى کۆمارى ئیسلامى، دەگەڵ گەمارۆ ئابوورییەکان بکەون و هەر بۆ ئەم مەبەستەیش دانیمارک باڵیۆزەکەى خۆى لە تاران بانگهێشتى وڵات کردەوە.

لە تارانیش بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى ئەم هەواڵەیان بە "پیلانى ئیسرائیل و ئەمریکا" هەژمار کرد بۆ دروستکردنى پاڵەپەستۆى زیاتر لەسەر ئێران. حیشمەتوڵا فەلاحەتپیشە، سەرۆکى کۆمسیۆنى ئەمنیەتى میللى و سیاسەتى دەرەوەى پەرلەمانى ئێران، بە ئیسناى گوت "ئەم ڕەفتارەى دانیمارک هەڵاتن بۆ پێشەوە و نیشاندانى گڵۆپى سەوزە لە ئەمریکا. دەبێت وەزارەتى دەرەوەى ئێران جدییتر لەگەڵ وڵاتگەلى وەک دانیمارک ڕەفتار بکات بە هۆى لەخۆگرتنى سەرکردەى گرووپە تیرۆریستییەکانى دژ بە ئێران. ئەمە نەکرا و دۆخەکەش بە شێوەیە چووە پێشەوە کە دانیمارییکەکان لەبرى وەڵامگۆبوون ئەم پیلانەیان بۆ کۆمارى ئیسلامى داڕشت".

 ئەمڕۆش مایک پەمپئۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەمەڕ ئەم هەوڵە پووچەى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر نەیارەکانى لە دانیمارک، لەگەڵ ڕادیۆ لاورا ئینگرام گوتى " بە پووچەڵبوونەوەى پیلانەکەى کۆمارى ئیسلامى لە داینمارک، دەرکەوت ڕێژیمى مەزهەبی ئێران گەورەترین پاڵپشتیکەرى تیرۆریزمە لە دونیا".