پێشەوا قازی محەمەد سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکەمین سەرکۆماری کوردستان لە ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ هەتاوی لە چوارچرای شاری مهاباد کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند.
لە ڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئێستا خەڵکی کورد و حیزبە سیاسیەکانی هەر چوار بەشی کوردستان دووی ڕێبەندان و یادی دامەزرانی کۆمار و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەربانی شارەوانی مهاباد هەموو ساڵێک جێژن دەگرن و وەک گرینگترین یادەوەری مێژویی گەلی کوردستان ڕێزی لێدەگرن.
ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر کەم بوو و لە یازدە مانگ تێنەپەڕی بەڵام کۆماری کوردستان کۆمەڵێک کاری گرینگ و بناغەیی بۆ خزمەت بە بیری نەتەوەیی و گەشەسەندنی کۆمەڵگەی کوردستان کرد کە دوای ٧٤ ساڵ پاش نەمانی کۆمار، زانستگا و ڕووناکابیر و بژاردەکانی کورد و جیهان نێوە نێوە بە سیمینار، وتار، کۆنفرانس، چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و نووسینی تیزی کۆتایی هاتنی خوێندن لەسەری، وەبیر کورد و جیهانی دێننەوە کە کورد ئەگەر لە نەتەوەکانی دەوروپشتی زۆر دێموکراتیکتر و شیاوتر نەبێ بۆ دەسەڵاتداری لە سەر خاکی کوردستان بێگومان هیچی لەوان کەمتر نییە، ئەوە جیا لەوەی کە مافێکی گەردوونی کوردە کە خودانی سەروەری سیاسی خاک و نیشتیمانی خۆی بێت.
کۆماری کوردستان و دووی ریبەندان دووانەی سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ژێردەستی بەسەر بەشێک لە خاکی کوردستانەوە بوون کە ئەگەرچی بە قۆزتنەوەی درووست بوونی بۆشایی لە دەسەڵاتی ناوەند لە تاران هەلی درووستبوونیان بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە پێش بەڵام بێگومان ئەوە ئیرادەی سەربەخۆییخوازای پنگخواردووی چەندین ساڵەی چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان و بە تایبەت لاوانی خوێندەواری ئەو سەردەمەو بە تایبەتیتر دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف بوو کە لە درێژەی ڕەوتی گەشەی خۆیدا توانی ئەو خەونەی کورد وەدیبێنێت.
لە ڕووخانی کۆماری کوردستاندا جارێکی دیکە مێژوو بۆ کورد دووبارە بووە و سەرۆک شێخ و ئاغاکانی کوردستان کە لە کاتی کۆماردا هەموو هاتبوونە ژێر باری ئاسایش و کەسایەتی سیاسی کۆمار و حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی محەمەد ئەوپەڕی ڕێزی لێنابوون سەر لە نوێ بە دزی و نهێنی پەیمانی وەفاداریان بۆ دەسەڵاتی ناوەند ناردبووە و بەڵێنی پشت کردن لە کۆماری کوردستانیان بە داگیرکەرانی کوردستان دابووە و نەیانتوانی ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان کە خیانەتە بە کوردستان و نۆکەری بێگانە کردن بشارنەوە.
کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان ڕووخان بەڵام دوای ٧٤ ساڵ ئەوێستاکەش کورد خەونی درووست بوونی کۆمار و دەوڵەتی کوردستانی لەیاد نەچۆتەوە و کاروانی خەباتی کوردلە چوار بەشی کوردستان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بە دەستهێنانی سەروەری سیاسی ئەو بەشەی کوردستان هەروا درێژەی هەیە.
دووی ڕێبەندان و یادی دامەزرانی یەکەمین دەسەڵاتی مۆدێرنی کوردی و هەڵکرانی ئاڵای کوردستان لە هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لە پێشمەرگەکانی کوردستان کە ئێستاش وەک ٧٤ ساڵ لەمەوپێش پێشەنگی کاروانی ڕزگاریخوازی و خوێنبەخشی و تێکۆشانی کوردن بۆ بە دەستخستنی ڕزگاری نەتەوەیی و دەرکردنی داگیرکەر لە خاکی کوردستان پیرۆز بێت.