Skip to main content

١٠%ى ئێرانییەکان سەرمایەیەکى زەبەلاحیان کۆنترۆڵ کردووە

١٠%ى ئێرانییەکان سەرمایەیەکى زەبەلاحیان کۆنترۆڵ کردووە
٩٠%ىخەڵکى ئێران لە ڕەوشێکى خراپى ئابووریدا دەژین
posted onOctober 17, 2018
nocomment

 

جیاوازییە کۆمەڵاتییە گەورەکانى چینى هەرە دەوڵەمەندەکانی نزیک لە دەسەڵات و چینە هەرە هەژارەکانى کۆمەڵگە، هۆکارێکی سەرەکیی سەرهەڵدانى شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوون، کە ویلایەتى فەقیهی لەسەر تەختە داڕماوەکەى شاه گەیاندە دەسەڵات.

 

ئەمڕۆ هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، بەڵام زۆر ڕەشبینیترە بۆ زۆرینەى هاووڵاتیانى ئێران، چونکە ئەم جارە هەژاران و دەوڵەمەندەکانی پێکەوە زیان لێکەوتوون. کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى چاودێری ڕەوشەکەى کۆمارى ئیسلامی دەکات، کە پێی وایە هەمان "گۆڕانکاری گەورە هاوشێوەى ١٩٧٩ لە ئارادایە".

هۆکارى سەرەکیی تەقینەوەکەى چوار دەیەى پێش ئێستا هەنگاوە ناوخۆییەکان، ئێستاش هەمان هۆکارو دەستی ناوخۆیی ڕۆڵی سەرەکی دەگێرێت. پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن "هێڵەکانى درزى کۆمەڵایەتى و ئابوورى ئێران کۆنن، بەڵام پێوەرەکان گۆڕاوە، چونکە هەژاران و دەوڵەمەندەکان نەبەستراوەتەوە بە کار و بنەماڵەیی، بەڵکو پەیوەستە بە گەندەڵی"، تەنانەت ڕۆژنامەنووسێکى ئەو وڵاتە لە لێدوانێکى بۆ گۆڤاری (کریسشان ساینێس مۆنیتۆر) گوتوویەتى "لەم ڕۆژەدا بۆ زۆربەى هاوڵواتیان گەندەڵى شوورەیی نییە، بەڵکو ژیرییە، ئەگەر تۆ توانیت پارچە کێکێک بۆ خۆت بدزیت، ئەوا تۆ زیرەکی گەندەڵ و کەسێکى خراپ نیت".

بەیاساییکردنى گەندەڵ لە تاران، ڕێگەى بۆ دروستبوونى چینێکى نوێی هەرە دەوڵەمەند داوە، کەپێیان دەگووترێت "دەوڵەمەندە نوێیەکان"، کەزاراوەیەکە بۆ ئەوانەى " شانازی بە دەوڵەمەندییەکانیان دەکەن و، هیچ بنەمایەکى ئەکارو خاوەنی میراتى سەرمایە نین هاوشێوەى چینە ئەرستۆکراتییەکان". لەلایەن خۆیەوە سکۆت پاترسۆن، ئیدیتۆری کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستی گۆڤاری کریسشان ساینێس مۆنیتۆر، باسی لە ناکۆکییەکى گەورەی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکانى کۆماری ئیسلامی دەکات، کەبەهۆى لاوازی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت ئێستا تاران چاوەڕوانى قۆناغی دووهەمى سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانە.

تەنانەت دەوڵەمەندە تازە هەڵکەوتووەکانى ئێران سیستەمێکى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان  بە ناوی (لۆکساگرام) دروست کردووە بۆ ئەوەى لەنێو خۆیاندا بە کرێیەکى مانگانە پەیوەندیی بازرگانى و کۆمەڵایەتی دروست بکەن، ئەپەکەشیان ناوە "خزمەتگوزاری گەورە کەسایەتییەکان". پاترسۆن لەبارەى دیاردە نامۆکانى شەقامی ئێرانى دەڵێت "ناوەندەکانى جوانکارییە گرانبەهاکان، بە هۆى کڕیارانەوە قەرەباڵغێکى بێوێنەى بەخۆیەوە دەبینێت، لە بەرامبەریشدا زۆرینەى ڕەشوڕووتى هاووڵاتیان ڕووبەرووى کەمیی پێداویستى پزیشکی بوونەتەوە".

بەگووتەى خۆیشى "ئەمانە نمونەیەکە لە کۆمەڵە نمونەى جیاوازی هەردوو جیهانەکەى ئێران و، دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان، هەر چینێک بەچاوێکى نامۆ سەیری بەرامبەرەکەى دەکات، کەهەست ناکەى دانیشتووى یەک وڵاتن". ئیدیتۆری لەسەر زارى چاودێرێکى تاران بڵاوی کردووەتەوە "زۆربەى خەڵک بەهزرێکى سۆسیالیستى دەیانڕوانییە ڕەوشەکەو، شوورەیی بوو شانازی بەسەرمایەکەتەوە بکەی، بەڵام ئێستا ئاغازادەکان ـ هێمایەک بۆ منداڵانى بەرپرسە دەوڵەمەندەکان ـ دەیانەوێت بەهەر نرخێک و دەرەنجامێک بێت دەوڵەمەندی خۆیان نیشان بدەن".

دواى تێپەربوونى چل ساڵ بەسەر شۆڕشی ئیسلامی، کوڕانى شۆڕشگێران و نەوەکانیان هەژماری تایبەتیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى ئەنیستگرام و فەیسبوک هەیەو، زۆرینەیان شەرم لە بڵاوکردنەوەى وێنەو ڤیدیۆى گەشتەکانی دەرەوەى وڵات و کڕینى کاڵاى گرانبەها ناکەن. بە پێی قسەکانى حوسێن غازیان "ئەو جۆرە وێنانە، کاردانەوەیەکى قووڵى لەسەر کۆمەڵگەى ئێرانى دەبێت و، توڕەییەکى شاراوەش دروست دەکات، بە جۆرێک سەرهەڵدانى ئەو توڕەییە بە تووندوتیژی دەبێت"، نمونەش بۆ قسەکانى ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانى کۆتاییەکانى ٢٠١٧ و سەرەتاى ٢٠١٨ دەهێنیتەوە.

 

دادوەرى کۆمەڵایەتیى ساختە

ڕژێمى ئێران گەرەوی لەسەر خۆڕاگری هاووڵاتیانى کردووە، چونکە جاری یەکەم نییە؛ ئەو وڵاتە ڕووبەڕووى سزای نێودەوڵەتی بووەتەوە. حەمید ڕەزا تاراگی، توێژەرو بەرپرسى لێژنەى خومەینى بۆ بەهاناوەچوون دان بە" جیاوازییەکان و ناکۆکییەکانی کۆمەڵگە دەنێت"، بەڵام پرسیار لەسەر ئاستى خۆراگری ئێرانیەکان لەدواى ١٩٧٩ دەکات.

ئاشکراشی دەکات "ڕەوشەکە بەبەراورد لەگەڵ حەفتایەکان زۆر جیاوازترە و، جیهانى ئەو کات پاڵپشتى ڕژێمى تارانى دەکرد، هەر هەمان جیهانە سزای بەسەردا دەسەپێنێت".

گرنگترین ئەو دروشمەى قوتابییە زانکۆییەکان بەرزیان دەکردەوە و، خومەینیش پەسەندی کرد "دادوەری کۆمەڵایەتى بوون" وەک فریادڕەسەێک بۆ دەربازبوون لەو ئاڵۆزییەى تێیدا بوون، بەڵام پرسەکە زۆری نەخایاند ئەو فریادڕەسە بووە دوژمن و، وڵاتەکەى بەلارێدا برد و، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش دەفتەرى سزاکانى بۆ تاران کردەوەو، دەمامکە ساختەکەشى کەواند.

مردنى خومەینى و جێگرەوەى خامەنەئی بەرابەرى باڵا، هەرچەند ڕەزامەندیی زۆرینەی بەدەستنەهێنا، خۆى بەسوپاى پاسداران پاراست و، دەوڵەتێکى ئەولیگارشی ئایینى دروستکرد.

چەندین دەیە بوون، جیهان هیچ زانیارییەکى لەسەر ناوخۆی ئێران و دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکانى ئەو وڵاتە نەدەزانى، چونکە ڕژێمەکە ڕێگرى لە دزەکردنى هەموو جۆرە زانیارییەکى دەکرد، تەنها ئەوە نەبێت کە وێنە و زانیارییە سادەکان نەبێت، کە تاران خۆى دەستى تێدا بوون لە بڵاوکردنەوەیان.

گرنگترین ناوەندی بڵاوکردنەوەى ئەو درزە گەورانەى نێو کۆمەڵگەى ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە، کە دەریخستووە چ پانتاییەکى گەورەى ئابوورى لەنێوان دوو چینى لەیەکتر جیاوازو دوورتر هەیە. ئەو تۆڕانە بووەتە پەناگەیەک بۆ دەرخستنى توڕەیی گەنجی کۆمارى ئیسلامی و، دروستکردنى چەندین کەمپین و هەڕەشەى ئەنجامدانى خۆپێشاندان دژى دەسەڵاتدارە ئەرستۆکراتییە تازە هەڵکەوتووەکانى وڵاتەکەیان.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان سەدا ١٠ ئێرانییەکان سەرمایەکى زەبەلاحیان هەیەو، لەبەرامبەریشدا سەدا ٩٠ى خەڵک لەڕەوشێکى کارەساتێکى دەژین و، لە ژێر هێڵى هەژارییەوەن. یەکێک لەهۆکارەکانى توڕەبوونى چینى هەژارانى ئەو وڵاتە، ئاڵۆزبوونى ڕەوشى ئابوورى و داراییە، کەبەهۆى داڕمانى بەهاى دراو، سەرجەم پاشەکەوتى داهاتوویان بسووتێت و، تواناى کڕینى کاڵا سەرەکییەکانیان نەبێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەدواى ٥ تشرینى دووهەم (سەرماوەز)ی داهاتوو، ڕەوشى ئابوورى و دارایی کۆمارى ئیسلامی تووشى شڵەژانێکی گەورەتر ببێتەوەو، ئەگەرى ئەوەش هەیە خۆپێشاندانى گشتگیرو سەرتاسەرى لەو وڵاتە سەرهەڵبدەن.