Skip to main content

#خليها_تخيس

#خليها_تخيس
AvaToday caption
کەمپەینى خەڵکى عێراق بۆ نەکڕینى بەرهەمە ئێرانییەکان بە هاشتاگى #بزار_بگنده
posted onNovember 4, 2019
nocomment

 

عێراقییە ڕاپەڕیوەکان، دەستیان بە کەمپەینێک کردووە کە ئامانجیان گەمارۆخستنە سەر کاڵا دروستکراوەکانى ئێران. تا ئێستا هەزاران کەس لە خەڵکى عێراق بەشدارى ئەم کەمپەینەیان کردووە کە لە ڕۆژى هەینى دەستى پێ کردووە لە ژێر ناوى (#خليها_تخيس) کە بە ماناى (#بزار_بگنده) یا بە کوردییەکەى (#لێگەڕێ_بگەنێ) و پەیام و وێنەى جیاواز لەم بارەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە و دەبێتەوە.

 

ئەم کەمپەینە بەشێک لە دژایەتى و ناڕەزایەتى خەڵکى عێراقە لە دەستتێوەردانەکانى ڕژێمى ئێران لە کاروبارى ناوخۆیی وڵاتەکەیان. لە چەند ڕۆژى ڕابردووش خەڵکى ناڕازى بە پلاکارت و درووشمى دژى قاسم سولەیمانى فەرماندە تیرۆریستەکەى سوپاى قودس و عەلى خامنەیی ڕابەرە دیکتاتۆرەکەى کۆمارى ئیسلامى، ڕژانە نێو شەقامەکانەوە.

خۆپێشاندانى عێراق ١

خۆپێشاندانەکان ئەو کاتە زیاتر و گەرمتر بوون کە ڕژێمى ئێران و ڕابەرە پیرەکەى دەستیان خستە نێوى و سەرەتا بە ناردنى زیاتر لە ٨٠ یەکەى سەربازى تایبەتە کە قەناسبەدەست بوون دەستیان بە کوشتنى خۆپێشاندەرێکى زۆر کرد و دواتریش خامنەیی ڕاپەرن و خۆپێشاندانەکەیان بە "ئاشووب" ناو برد و داواى لە خەڵکى کرد کە لە چوارچێوەى دروستکراوە یاساییەکاندا داخوازییەکانى خۆیان باس بکەن، ئەمەش لە لایەن عێراقییەکانەوە کاردانەوەیەکى گەورە و بە دەستتێوەردانێکى ئاشکرا زانرا لە کاروبارى نیشتمانەکەیان.

هەر لەم ڕاستایەشدا، نوێنەرى ئایەتوڵا عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شێعەکانى عێراق لە وتارى هەینى شارى کەربەلا پێداگرى لەسەر ئەوە کردەوە کە "هیچ کەس و گرووپ و لایەنێکى دیاریکراو لە دەوروبەرى ناوچەکە مافى دەستبەسەرداگرتنى ئیرادەى عێراقییەکان و سەپاندنى ڕوانگەى خۆى لەسەریان نییە".

خۆپێشاندانى عێراق ٢

زۆرینەى خەڵکى عێراق دەزانن کە چینى سیاسى ئەم وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامیدایە و عێراق بووەتە مەیدانى کێبەرکێى ئەمریکا و ڕژێمى ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنى ناوچەکە. خەڵکى ئەم وڵاتە کە خاوەن سەرچاوەیەکى گەورەى نەوتى و ئەندامى ڕێکخرواوى ئۆپێکن، لە هەژارى ڕەهادان و دۆخى ژیانیان زۆر خراپە و لە سەرەتاییترین ماف هەر لە ئاوى خواردن و خزمەتگوزارییەکانى دیکەى وەک کارەبا و تەندرووستى و پەروەردە بێبەشن.