لە خوولی نوێی خۆپێشاندانەکانی عێراق، موقتەدا سەدرى سەرۆکى ڕەەوتى سەدر و سەرۆکى هاوپەیمانى سائیروون لە پەرلەمانى عێراق، لەوێ نەبوو. ئێستا ڕوون بووەتەوە لە شارى قوومى ئێران بووە و ڕۆژی سێشەممە ٧ گەڵاڕێزان دوای گەڕانەوە لە ئێران سەردانی نەجەفی کرد و چووە نێو خۆپێشاندەرانی دژی حکومەتەوە.
هەواڵدەری عێراقی سومەریە نیوز لە ڕاپۆرتێکدا کە ئێرنای ئێرانیش بڵاوی کردووەتەوە، هەواڵی گەڕانەوەی سەدر لە ئێران و ئامادەبوون لە نەجەفی بڵاو کردەوە.
موقتەدا سەدر مانگ و نیوێک لەمەوپێش لە ڕێوڕەسمی شەوی عاشوردا لە تاران بووە و لە ماڵە عەلی خامنەیی تەنانەت نیزیکتر لە قاسم سولەیمانیش لە پەنا خامنەیی بووە و کۆمەڵێک بەڵێن و وادەی لە رێبەرانی ئێران وەرگرتووە کە ئەگەر بتوانن دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی بڕووخێنن بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی دیکە بێتە سەر کار، رژیمی ئێران لە بەرامبەردا هەوڵ دەدات قورسایی سەدر لە هاوکێشەکانی عێراق قورستر بکات و قسەی ئەو قسەی کۆتایی سیاسەتی عێراق بێت.
ئێستا بە کەڵکوەرگرتن لە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی گەورەی عێراق بە تایبەت لاوانی بێ ئایندەی ئەو وڵاتە، دەرفەتێکی باش کەوتووەتە دەستی موقتەدا سەدر و ئێران بۆ ئەوەی کۆمەڵێک پیلان لە دژی دەوڵەتی عەبدولمەهدی جێبەجێ بکەن. سەدر کە لە لایەن ئێرانەوە بەڵێنی هاوکاری حەشدی شەعبیشی پێدراوە، ڕۆژێک پێش لە گەڕانەوەی بۆ عێراق بۆ پاراستنی ڕواڵەتیش بێت لە تویتێرەکەیدا داوای لە حەشدی شەعبی کرد هاوکاری بکات. سەدر داوای لە هادی عامری کرد کە فەرماندەی گشتی هێزەکانی حەشدی شەعبییە و هەروەها دەستی راستی قاسم سولەیمانییە لە عێراق کە بە هاوئاهەنگی و هاوکاری داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن.
لە یەکەمین کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ٨ گەڵاڕێزان هادى عامری گووتی ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندی میللەت هاوکاری سەدر بکات. ئەو سیما عێراقیانەی پیاوی ئێرانن خەریکی قۆستنەوەی دۆخەکەن بە قازانجی گرووپەکانی خۆیان و لە پێناو ڕژیمی ئێران کەوتوونە هەوڵدان. ئەوە بە تایبەت بە هۆی توڕەیی زۆری خۆپێشاندەرانە لە ئێران بە تایبەت لە کەربەلا.
عەبدولمەدی جەختی لەوە کردووەتەوە گەندەڵی ئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتەکانی پێش خۆیەتی و دەوڵەتی ئەو ماوەیەکی زۆر نییە هاتووەتە سەر کار. لە ڕۆژی هەینی ڕابردووە کە خۆپێشاندانەکان دەستیان پێکردووەتەوە بە پێی ئامارە خۆجێییەکانى عێراق، لە گەڕى دووەمى خۆپێشاندانەکان، زیاتر لە ٨٠ کەس کوژراوە و هەزاران کەسیش بریندار بوون. لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی ڕابردووشدا ١٤٩ کەس کوژران کە دەوڵەتی عێراق بۆخۆی ئەو ژمارەی پشتڕاست کردبووە ، ئەمە جگە لە هەزاران کەسی بریندار.
لەو نێوەدا ڕژیمی ئێران لە هەر چەند رۆژ لەوە پێش و لەوپەڕی نەهامەتییەکانی خەڵکی ئێران پارەیەکى زۆری بۆ ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا و نەجەف خەرج کرد، سێشەممە بە خەڵکی ئێرانی ڕاگەیاند خۆیان ببوێرن لە سەفەرکردن بۆ عێراق. بەو پێیە ڕژیمی ئێران هاوکات تێچووی ماڵی و سیاسی و سەربازی کردووە و هاوکات لە لای خەڵکی عێراقیش بێ ئابڕوو بووە و بەرژەوەندیەکانی ئێرانی خستووەتە مەترسیەوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە کۆماری ئیسلامی دەست لە فیتنە و کەڵک وەرگرتن لە سیما دزێوەکانی عێراق بۆ بەرژوەندیەکانی خۆی هەڵناگرێت.