Skip to main content

پنتاگۆن: لاشەى بەغدادى لاى هێزە ئەمریکییەکانە!

پنتاگۆن: لاشەى بەغدادى لاى هێزە ئەمریکییەکانە!
AvaToday caption
posted onOctober 27, 2019
nocomment

بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا باسى کوژرانى سەرککردەى تیرۆریستى داعش ئەبووبەکر بەغدادى کردووە و پشتڕاستى کردووەتەوە کە لاشەکەى لاى هێزە ئەمریکییەکانە!

 

تەلەڤزیۆنى الحرة لە زمانى بەرپرسێکى پنتاگۆنى ئەمریکاوە هەواڵى کوژرانى ئەبووبەکر بەغدادى خەلیفەى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام کە بە گرووپى تیرۆریستى داعش ناسراوە، پشتڕاست کردووەتەوە و گوتوویەتى کە "لە ئۆپەراسیۆنێکى تیمێکى تایبەتى ئەمریکا سەر بە (Navy Seal)، کە لە شارى ئیدلبى باکوورى ڕۆژئاواى سوریە ئەنجام دراوە، هەندێک لە بەرپرسانى ئەم گرووپە تیرۆریستییە کوژراون کە ئەبووبەکر بەغدادى و پاسەوانە شەخسییەکەشى هەن.

(Navy Seal)، یەکەى تایبەتى هێزە دەریاییەکانى ئەمریکایە کە یەکێک لە بەرپرسیاریەتییەکانیان، ئۆپەراسیۆنى نهێنى و شاراوەیە لە نێو قووڵایی خاکى وڵاتان کە ئەمریکا بە دوژمن ناویان دەبات.

ئەم بەرپرسەى ئەمریکا کە نەیویستووە الحرة ناوەکەى ئاشکرا بکات، باسى لەوەش کردووە کە پاش ئەوەى دەزگاى زانیارى ئەمریکا شوێنەکەى بەغدادییان پێ زانیوە، ئۆپەراسیۆنەکە دەستى پێ کردووە و ئەم خەلیفە ئیسلامییە تیرۆریستەیان کوشتووە و لاشەکەیان بردووە بۆ ئەوەى تاقیکردنەوەى (DNA)ى لەسەر بکەن تا بیسەلمێنن کە ئەوە یان نا.

بە پێى ئەم ڕاپۆرتەى الحرة، پنتاگۆن هێشتا هەواڵێکى لەسەر بەغدادى بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکەى ئیدلبى پشتڕاست کردووەتەوە کە بە هاوکارى دەزگاى زانیارى ئەمریکا و ئەمنیەتى ناوچەکە بووە. الحرة زانیویشیەتى کە بەرپرسانى پنتاگۆن لە شڕۆڤە و لێکدانەوەى سەرەتایی خۆیاندا گوتوویانە کە کوژرانى بەغدادى بە ماناى کۆتایی شەڕ دژى داعش نییە و ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام دەبن.

بڵاکراوەى نیوزویک بەیانى ئەمرۆ یەکشەممە لە زمانى بەرپرسێکى ئەمریکا بڵاوى کردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکى باڵەفڕەکانى یەکەى تایبەتى سوپاى ئەمریکا لە پارێزگاى ئیدلبی سوریە، ئەبووبەکر بەغدادى خەلیفەى داعش کوژراوە  و "واشنتۆن بە دڵنیاییە تەواوە بڕواى وایە کە بەغدادى لەم هێرشەدا کوژراوە".

هەروەها سی.ئێن.ئێن ـیش لە زمانى سەرچاوەیەکى سەربازییەوە بڵاوى کردەوە کە ئاژانسى ناوەندى زانیارى ئەمریکاى (سیا)ش لەم ئۆپەراسیۆنە ڕۆڵى هەبووە و زانیارى شوێنى بەغدادى داوەتە پنتاگۆن.

نیوزویک