Skip to main content

ئێران بە ڕێککەوتنی ئانکارا و مۆسکۆ دڵخۆشە

ئێران بە ڕێککەوتنی ئانکارا و مۆسکۆ دڵخۆشە
AvaToday caption
posted onOctober 23, 2019
nocomment

هەر دووک سەرکۆماری ڕوسیە و تورکیە ڕۆژی سێشەممە دوای گفتوگۆیەکی چەند کاتژمێری لە سوچی ڕایانگەیاند سەبارەت بە باکوری سوریە گەیشتوونە ڕێککەوتن.


کۆماری ئیسلامی لە یەکەمین کاردانەوە بە ڕێککەوتنی نێوان  مۆسکۆ و ئانکارا سەبارەت بە ڕاگرتنی هێرشی سەربازی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان وێرای بە ئەرێنی ناوبردنی ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند تاران پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات کە یەکپارچەیی سوریە و سەرەوەری سیاسی ئەو وڵاتە بپارێزێت.

عەباس موسەوی وتەبێژی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەمە یەکی مانگی گەڵاڕێزان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گووتی: ئێران پێشوازی دەکات لە هەر هەوڵێک بۆ یەکپارچەیی خاکی سوریە، بەهێز بوونی سەرەوەری سیاسی و گەڕانەوەی سەقامگیری و هێمنی بۆ ناوچەکە و لەو چوارچێوەدا ڕێککەوتنی نێوان فدراسیۆنی ڕوسیە و تورکیە بۆ کۆتاییهێنان بە  شەڕ لە باکوری سوریە بە هەنگاوێکی پێویست بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و هێمنی ناوچەکە دەزانین.

موسەوی بە پێداگریکردن لەسەر ڕێککەوتنی ١٩٩٨ " ئادانا" لە نێوان سوریە وتورکیە گووتی ئەو ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی تەواو بوونی قەیرانەکە. هەر لەو بارەوە گووتی: کۆماری ئیسلامی هەموو کات لاینگری گفتوگۆ بووە و لایەنەکانی هانداوە بۆ دانوستان و لەو چوارچێوەدا ڕێککەوتنی ئادانا بە چوارچێوەیەکی گونجاو دەزانێ بۆ نەمانی نیگەرانیەکانی تورکیە و سوریە.

نوێنەری ئەمریکا لە ناتۆ پێشوازی کرد کە گەڵاڵەی ئاڵمان بۆ درووستکردنی ناوچەی ئەمن لە ڕۆژئاوای کوردستان. کی بیلی هاچیسۆن رۆژی چوارشەممە ئەو گەڵاڵەی بە نیشانەیەکی ئەرێنی بۆ بەشداری ئەوروپاییەکان لە پرسەکەدا ناوبرد بەڵام بە دووری زانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشداری تێدا بکات.

ئانگرێت کرامپ وەزیری بەرگری ئاڵمان پێشنیاری کردووە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریە ناوچەیەکی ئەمنی نێودەوڵەتی درووستبکرێت و جەختی لەوە کردبووە ئەو پێشنیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە دانیشتنی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ باس دەکات.

سکرتێری ناتۆ ڕۆژێک پێش لە دانیشتنی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەسەر پرسی قەیرانی سوریە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا خۆی بوارد لە قسە کردن سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان پوتین و ئەردۆغان سەبارەت بە سوریە.