رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە جارێکی دیکە هەرەشەی کردووە لە ئەگەری ئەوەدا کە ئاگربەست نەپارێزرێ درێژە دەدات بە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە ٣٠ ڕەزبەر پێش لە سەفەر بە سوچی و چاوپێکەوتن لەگەڵ پۆتین گووتی: ئەگەر ئەمریکا بەڵێنەکانی بە ئێمە نەباتە سەر، ئەرتەشی تورکیە هێرشەکانی لە پانتایی گەورەدا درێژە پێ دەدات. ئەردۆغان لە درێژەدا گووتی: قسەکانی هێندێک لە بەرپرسانی ئێران بووە بە هۆی توڕەبوونی و گووتی دەبێ سەرکۆماری ئێران پێش بە هێندێک قسە بگرێت.
هەواڵدەری ئانادۆڵۆ لە زمان ئەردۆغان نووسیویەتی: هەڵوێستی تورکیە سەبارەت بە چالاکی ئەتۆمی ئێران بۆ جیهان ڕوونە و ئیمە سەرەڕای هەموو شتێک درێژەمان بەو سیاسەتەی خۆمان داوە. ئێستا هێندێک قسەی بەرپرسانی ئێرانی ئازارمان دەدات.
ئەردۆغان ئەمڕۆ سەردانی ڕوسیە دەکات و لەگەل ڤلامیر پۆتین کۆدەبێتەوە. دەگوترێ لەو کۆبوونەوەدا سەرکۆماری تورکیە داوا لە پوتین بکات لە هێندێک شوێن وشاری دیکە هێزەکانی هەسەدە بکشێنەوە.