Skip to main content

ئەمریکا سەربازەکانی سوریەی دەگوازێتەوە بۆ عێراق

ئەمریکا سەربازەکانی سوریەی دەگوازێتەوە بۆ عێراق
AvaToday caption
posted onOctober 20, 2019
nocomment

مارک ئێسپێر وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند سەربازەکانی ئەمریکا لە باکووری سوریە "ڕۆژئاوای کوردستان" دوای پاشەکشێ بۆ ڕۆژئاوای عێراق دەگوازێتەوە. پێشتر دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو ئەو هێزانە دەبەنەوە بۆ ئەمریکا. ئێسپێر ڕایگەیاندووە بە گشتی هەزار سەربازەکەی ئەمریکا کە لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر بوون، دەگوێزرێنەوە بۆ ڕۆژئاوای عێراق. بە گووتەی مارک ئێسپێر ئامانج لەو کارە بەهێزکردنی سەقامگیری لە عێراق، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ئێران و هەروەها شەڕ دژی داعشە.

 

هەواڵدەری ڕۆیتەرز ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ ڕەزبەر هەواڵی ڕاگواستنى هێزە سەربازییەکانی ئەمریکای لە باکوری سوریە بۆ ڕۆژئاوای عێراق بڵاو کردەوە. مارک ئێسپێر گووتویەتی پرسی بردنی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سوریە بۆ عێراق پرسێک نییە بە ڕۆژێک و دووان ئەنجام بدرێت و ئەو کارە چەند حەفتە دەخایەنێت.

هەواڵی بردنەدەرەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سوریەوە بۆ عێراق لە هەلومەرجێکدا لە لایەن مارک ئێسپێر ڕاگەیەندرا کە دۆناڵد ترامپ پێشتر گوتبووى پێی باشە سەربازەکانی ئەمریکا لە کۆڵ ئەو  شەڕە بێ کۆتاییانە بکاتەوە و بیانگەڕێنێتەوە ئەمریکا. ئێستا ئەمریکا ٥٠٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە و بەو بڕیارە ١٠٠٠ سەربازی دیکە بە هێزەکانی لە عێراق زیاد دەکات.

وەزیری  بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندووە بردنی ئەو هێزانە بۆ عێراق بە ئامانجی پشتیوانی لە بەهێزبوونی توانایی بەرگری عێراقە لە بەرابەر هەڕەشە سیاسییەکان. هەر لەو پەیوەندیدا بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندووە تا ئێستا ئەو پرسە کراوەیە و بڕیاری ئەمریکا دەکرێ گۆڕانی بەسەردا بێت.

سەبارەت بە بەندکراوانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان مارک ئێسپێر ڕایگەیاندووە ئەمریکا لەسەر ئاگالێبوون لەو هێزانە لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل لە پەیوەندی دایە.