Skip to main content

داشکانى فرۆشى بەرچاوى نەوتى ئێران

داشکانى فرۆشى بەرچاوى نەوتى ئێران
سعودیە پشکە شکاوەکەى نەوتى ئێران پڕ دەکاتەوە!
ئەگەرى وایە لەساڵى نوێ بەرمیلێک نەوت سنوورى ١٠٠ دۆلار تێپەرێنێت
posted onSeptember 24, 2018
nocomment

 

بەرپرسێکى جێبەجێکارى کۆمپانیاى ترافیگۆرا بۆ بازرگانى کاڵا بنەڕەتییەکان گوتى "ئێران بە بەراود لەگەڵ پێشبینییەکان ئاستێکى کەمتر لە نەوتەکەى پاش سەپاندنى سزا بەسەر کەرتى وزە هەناردەى بازاڕەکان دەکات".

 

لەیەکەم دەستپێکی کردنەوەى بازاڕەکانى بۆڕسەى جیهانى نرخەکانى نەوت گەیشتنە سنوورى ٨١دۆلارى ئەمریکى بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لەدواى تشرینى دووهەمى ٢٠١٤. گرنگترین هۆکارى ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ هەڵوێستى ڕێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک) دەگەرێتەوە، کاتێک داوایەکى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى ڕەت کردەوە.

بین لۆکۆک، بەرێوەبەرى بەشداری مامەڵەکردنى نەوت لە ترافیگۆرا بە ڕۆژنامەنووسانى گووت "پێم وایە کاتێک یەکەمجار سزاکانى سەر ئێران ڕاگەینرا، خەڵک پێیان وابوو ئاستى دابەزینەکە لەنێوان ٣٠٠ و ٧٠٠ هەزار بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا". ئاماژەى بەوەش داوە " پێشبینییەکان بە ئاراستەیەک هەنگاوی ناوە، کە سەرووى ملیۆن بەرمیل بۆ ١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە".

لەو نێوەندەشدا ئەمین ناسڕ، سەرۆکى جێبەجێکارى کۆمپانیاى ئارامکۆى نەوتى سعودیە ڕایگەیاندووە "کۆمپانیاکەیان وزەیەکى سەرووى ١.٥  ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە"، ئامادەیی کۆمپانیاکەشى نیشان داوە قەبارەیەکى زیاتر نەوتى خاو بۆ بازاڕەکان دابین بکات. زۆربەى کریارانى نەوت لە بازاڕەکانى ئاسیا کەوتوونەتە ژێر فشارەکانى ئەمریکا بۆ ئەوەى ئاستى هاوردەکردنى نەوتى ئێران کەم بکەنەوە، تەنانەت واشنتۆن لە هەوڵى ئەوەدایە ئاستى فرۆشتنى نەوتى تاران بگەیەنێتە سفر، بۆ ئەوەى ناچار بێت لەسەر پرسە ئەتۆمییەکەى دووبارە دانووستاندن بکاتەوە، بە پێی مەرجەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ئێران سێهەم گەورە بەرهەمهێنەرى نەوتە لە نێو ڕێکخراوى ئۆپێک، ئەستەمە ئاستى فرۆشتنى بگاتە سفر، لۆکۆک جەخت لەوە دەکاتەوە "چین بەردەوام دەبێت لە کڕینى نەوتى ئەو وڵاتە، بەڵام کڕیارە تەقلیدییەکان قەبارەکانیان کەم دەکەنەوە بۆ سنوورى نزیک لەسفر". لە پەراوێزى کۆنگرەى نەوت لە ئاسیا و ئۆقیانووسى هێمن، کە لە سەنگافورە ساز کراوە، ئەو بەرپرسەى کۆمپانیاى ترافیگۆرا گووتى "هەناردەکردنى نەوتى ئێران بە تەواوى ڕاناوەستێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ پێشووى بەئاستێکى گەورە بەرز دەبێتەوە، واتا لە سەرووى پێشبینییەکانى زۆرینەى چاودێران دەبێت". لەگەڵ دەستپێکردنى بازاڕەکانیش گرێبەستە دواخراوەکانى نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت، کە بڕیارە لە تشرینى دووهەم ڕادەستى کڕیاران بکرێنەوە بە دوو دۆلار بەرز بووەوە و نرخەکەشى گەیشتە سنوورى ٨٠.٨٠ دۆلار، دواتر سنوورى ٨١ دۆلارى بەزاند. لۆکۆک دەشڵێت "کڕیارانى جیهانى لەبرى نەوتى ئێران ڕوو لە نەوتى عێراق و مەکسیک دەکەنەوە، بۆ ئەوەى قەرەبووى کەمبوونەوەکانیان بکەنەوە".

چاوەڕوانیش دەکرێت ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانى دیکە بە ئاستى ٥٠٠ هەزار بەرمیل، ئاستى بەرهەمهێنانیان بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەى دابینکارییەکانى بازاڕ لە پاشەکشێکردنەکانى ئێران پڕ بکەنەوە. لەو کۆنگرەیە مامەڵەدارە نەوتەکەى ترافیگۆرا دووپاتی کردووەتەوە "لەگەڵ نزیکبوونەوەى ئاهەنگەکانى لەدایکبوون لە کانونى یەکەم نرخى بەرمیلێک نەوت بگاتە سنوورى ٩٠ دۆلارو، لەساڵى نویش بەرمیلێک نەوت سنوورى ١٠٠ دۆلار تێپەرێنێت".

گرنگترین هۆکارەکانى ئەو شیکارەى کەرتى وزە بەهۆى سەپاندنەوەى سزاکانى سەر ئێران و پاشەکشێکردنى بەرهەمهێنانى نەوتە لە ڤەنزەوێلا، کە پاڵپشتیەکى تووندی نرخەکان دەکەن.