Skip to main content

حویت بۆ ئاڤاتودەى: سوننەکانى یەمەن خۆیان بە کۆمارى ئیسلامى فرۆشتووە

شێخ مەزاحم حویت - گوتەبێژى هۆزە عەرەبیەکان لەناوچە جێناکۆکەکان قسەى بۆ ئاڤاتودەى کرد
.
ئێران جەنگاوەرە سوننەکان ڕەوانەى یەمەن دەکات
posted onSeptember 23, 2018
nocomment

 

گوتەبێژى هۆزە عەرەبیەکان لەناوچە جێناکۆکییەکانى عێراق ئاشکراى دەکات "میلیشیا عێراقییە نزیکەکانى ئێران، ئیستغلالی جەنگاوەرە عەرەبە سوننەکانى نێو دەستەى حەشدی دەکەن، بۆ ئەوەى بەناچاریی لەنێو میلیشیاکانى حوسییەکانى یەمەن شەڕ بکەن".

 

مەزاحم حویت، گوتەبێژى ئەو هۆزانە بە تۆڕى میدیایی ئاڤا تودەى راگەیاند "میلیشیاکانى حەشدی شەعبی لەناوچەکانى دیالەو دەشتى نەینوا نووسینگەى وەرگرتنى جەنگاوەرى کردۆتەوە، بۆ ئەوەى خەڵک لەریزەکانى خۆى تۆمار بکات، کەبەپاڵپشتى دەرەکی و هەواڵگری ئێرانى بەرێوەدەچێت". گووتیشى "ئەمرۆ ژمارەیەکى زۆرى کوڕەکانى پێکهاتەى عەرەبی سوننەمان هەیە پێشتر لە ریزەکانى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی بوونەو ڕەوانەى یەمەن کراون بۆ ئەوەى لەپاڵ میلیشیاکانى حوسییەکانى ئەو وڵاتە شەڕ دژى هاوپەیمانى عەرەبی بکەن".

روونیشی کردەوە " وەک هۆزە عەرەبیەکان داوایان کردووە ئەو پێشڵکاریی و هەنگاوانەى بەرامبەر عەرەبی سوننەکان رابگیرێت، بەڵام لەلایەن میلیشیاکانى عەسائیبی ئەهل حەق نووسینگە لەدیالە دەکرێنەوەو درێژە بەو کردارانە دەدرێت".

بەگووتەى خۆیشی لەنەینەواش لەلایەن لیواى ٣٠ـى حەشدی شەعبیەوە نووسینگەیەکى دیکە دەکرێتەوەو وەعد قەدۆ راستەوخۆ سەرپەرشتى دەکات، سەرجەم نووسینگە کراوەکانیش بەسەرپەرشتى هەواڵگری ئێرانیەوە بەرێوەدەچێت.

حویت دووپاتیشیدەکاتەوە " نووسینگەیان لەسەرجەم پارێزگا داگیرکراوەکانی ژێر دەستى میلیشیاکانەوە هەیە".

 

ئەو بەرپرسەی هۆزە عەرەبیەکان جەخت لەوە دەکاتەوە " ئەو ناوچانەى کەکوردستانی بوو، پێمان وایە ئێستا لەلایەن میلیشیاکانى نزیک ئێرانەوە داگیر کراوە، و چۆنیش رێگە بەمیلشیایەک بدەن لەئێرانەوە بێن و ناوچەکانیان داگیر بکەن".

حویت دەشڵێت " ئەمە بەتاوان هەژماری دەکەین و، چەندین داواکاریشمان خستۆتە بەردەم وڵاتانى عەرەبی و رێکخراوە مرۆیی و کۆمکاری عەرەبی و، تەنانەت لایەنە ئەمەریکی و بەریتانیەکانیش ئاگاداری ئەو پرسەن". داواشى کردووە "ئەو پرۆسەیە رابگیرێت و، سزا ئەو کەسانەش بدرێت کەئەو کارە دەکەن و پاڵپشتى لەهەنگاوێکى لەو شێوەیە دەدەن".

لەبارەى هەبوونى بەڵگەی بەردەست بۆ ئەو هەنگاوەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی بۆ گواستنەوەى جەنگاوەرە سوننەکانى نێو میلیشیاکان بۆ ئەوەى لەپاڵ حوسییەکان دژى دەسەڵاتى یەمەن شەڕ بکەن؛ سەرکردەى هۆزە عەرەبیەکان هیمای بەوە کردووە " بەڵگەیان هەیەو، سەرجەم زانیارییەکانیش لەبەردەستدان، بەڵام ناتوانن زانیارییەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا بکەن". هۆکارەکەشى بۆ مەترسیی لەسەر سەرچاوەى زانیارییەکان، چونکە ناسنامەى زۆربەیان ئاشکرا دەبێت لەوەى بەشدارییان لەشەڕی یەمەن کردووە. ئەوەشی گووت " تەنانەت ئێستا کەسى نێو میلیشیاکان هەیە لەیەمەن لەپاڵ میلیشیاکانی حوسییەکان شەڕ دەکات".

 

شێخ مەزاحم حویت - گوتەبێژى هۆزە عەرەبیەکان لەناوچە جێناکۆکەکان قسەى بۆ ئاڤاتودەى کرد

شێخ مەزاحم حویت - گوتەبێژى هۆزە عەرەبیەکان لەناوچە جێناکۆکەکان قسەى بۆ ئاڤاتودەى کرد

 

جگە لەو دوو گرووپەى کەسەرکردەى هۆزکان باسی لێوە کردووە، بزوتنەوەى سەیدو شوهەدا لەباشوورى موسڵ نووسینگەى نهێنى کردۆتەوە، کەکاری وەرگرتنى گەنجانى عەرەبی سوننەیە بۆ ئەوەى لەریزەکانی خۆیدا جێگیریان بکات و، دواتر بەبیانووی شەڕى دژى داعش بەکاریان بهێنێت، کەدواتر ڕەوانەى یەمەن دەکرێت. سەرچاوە نێو دەوڵەتیەکان باسیان لەوە کردووە " ئێران لەرێگەى میلیشیا نزیکەکانى خۆی لەعێراق و لوبنان بەشداریی لەشەڕى بەرگرى لەدەسەڵاتەکەى سووریا دەکات، بەتایبەت هێزەکانى حزبوڵلای لوبنانی و هێزەکانى حەشدی شەعبی".

 

حویت باس لەوەش دەکات " ئێران لەدواى ٢٠٠٣ بەشێوەیەکى راستەوخۆ دەستى وەرداوەتە نێو کاروبارى عێراقەوە، دواى داگیرکردنى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش، بەبیانووى رزگار کردنى ئەو شارانە تاران لەرێگەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبیەوە ئەو ناوچانەى داگیر کردەوە". سەرەتا پرۆژەکە وەها بوو کەمیلیشیاکانى حەشدی شەعبی بۆ رزگار کردنى شارەکانى ژێر دەستى داعش کار دەکەن، بەڵام دواتر دەرکەوت قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودس، رابەرایەتى ئەو پرۆسەیە دەکات بۆ داگیر کردنى ئەو ناوچانە.

 

بەدڵنیاییەوە ئەوەش دەخاتەروو " کەحکومەتى عێراقی بەباشى ئاگای لەو جموجوڵەى ئێران و میلیشیا نزیکەکانى ئەو وڵاتە هەیە لەدەستوەردان لەکاروباریی ناوخۆیی". داواشی کردووە " پێکهاتەى سوننە یەکگرتوو بن بۆ ئەوەى هەبوونى ئێران لەوڵاتەکەیان دەربکەن و، رێگرى لەدەستێوەردانى ئەو وڵاتە بکەن".

حویت دووپاتیشی دەکاتەوە " بەڵام سوننەکان بەهۆى فرۆشتنى خۆیان لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان، زۆربەیان روویان لەدەسەڵاتدارانى ئێران کردووەو، لەرژێمى ئەو وڵاتە نزیکبوونەوەتەوە".