Skip to main content

ئێران باجی تێوەگڵان و سەرکەوتکردنى کەمینەکان دەدات

ئێران باجی تێوەگڵان و سەرکەوتکردنى کەمینەکان دەدات
.
خەڵکى باجى دەستتێوەردانى کۆمارى ئیسلامى لە وڵاتانى ناوچەکە دەدات
posted onSeptember 23, 2018
nocomment

 

سەرەڕاى توڕەیی شەقامى ئێران بە هۆى ڕووداوەکەى بەرەبەیانى شەممە لەهێرشکردنە سەر نمایشێکى سەربازیی سوپاى پاسداران لە ناوچەى ئەهواز، بەڵام ئەو پرۆسەیە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى هەڵسوکەوتى کۆمارى ئیسلامییە بەرامبەر کەمە نەتەوەییەکانى ژێر چەترى ئایین و ویلایەتى فەقهێ کەلەساڵى ١٩٧٩ ـەوە دەچەوسێنرێنەوە.

 

جگە لەوانەش تاران باجی سیاسەتى دەستێوەردان لە کاروبارى وڵاتانى هەرێمایەتى و پارەدارکردن و پڕچەککردنى میلیشیا نزیکەکانى خۆی وەردەگرێتەوە کە لە نێو وڵاتانى عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن ئەنجامی دەدات. دواى ئەوەى ژمارەیەک چەکدار هێرش دەکەنە سەر مانۆرێکى سەربازی لە شارى ئەهواز، کە بە بۆنەى ساڵیادی هەڵگیرساندنى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان ئێران و عێراق بە ئامادەبوونى حەسەن ڕوحانی سەرۆککۆمار ساز کرابوون و ژمارەیەک کوژراو و برینداری بە دواى خۆیدا بەجێ هێشت.

پاش ڕووداوەکەش تاران ڕاستەوخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و سعودیەى تومەتبار کردووە، بەوەی "لەپشت ڕووداوەکانەوەن"، بەبێ ئەوەى شیکردنەوە بۆ ئەو ڕووداوە بکات، بۆ و لەبەر چی ڕوودەدات. ئاژانسە فەرمییەکانى ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە کە "ژمارەیەک چەکدار تەقەیان لەمانۆڕە سەربازییەکەى باشوورى وڵات کردووەو، 25 کەسیان کوشتوە کەنیوەیان لەسوپای پاسداران بوون".

هەریەک لە داعش و بزووتنەوەى خەباتى عەرەبی ئەحوازیش بەرپرسیارێتى خۆیان لە هێرشەکە گرتووەتە ئەستۆ، بەبێ ئەوەى یەکلایی ببێتەوە کێ دەستى لەو هێرشە هەبووە. چاودێرانی کاروبارى ئێران ڕایانگەیاندووە "بەرپرسیاریەتى داعش لەو هێرشە کە لە ڕێگەى بڵاوکراوەیەکدا بەرپرسیارێتى خۆی لەو کارە نیشان داوە، ڕاستەوخۆ لە قازانجی تاراندایە، چونکە هێمایەکە بۆ قوربانیبوونى ئەو دەسەڵاتەیە بەدەستى تیرۆری نێودەوڵەتى".

داخستنی کۆمارى ئیسلامی بەرامبەر داخوازییەکانى کەمە نەتەوەییە جیاوازەکانى ژێر دەسەڵاتەکەى و، پەیڕەوکردنى توندوتیژی بەرامبەریان کاردانەوەیەکى توندتر و پێچەوانەیی دەبێت بۆ تاران بە تایبەت لە لایەن ئەهوازیی و کوردەکان. ڕاپۆرتە دزەپێکراوەکانى دامەزراوە دادوەرییەکانى ئێران کە لە لایەن پارێزگارە توندڕەوەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە، سزاى تووند بەسەر چالاکوانە کەمینەکان دەرکردووە و زۆربەشیان سزاى لەسێدارەکان بووە، جگە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سوپای پاسداران و هێزەکانى پاسیج بۆ سەر پێگەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان. بەو هۆیەوەش توندوتیژی تاکە گفتوگۆییە لە نێوان دەوڵەت و کەمە نەتەوەییەکان.

هاوکات دەسەڵاتدارانى تاران باجی ئەو دەستێوەردانە هەرێمایەتیییە وەردەگرن، کە ڕاستەوخۆ کارى گێرەشێوێنى و ناسەقامگیرى لەوڵاتە عەرەبیەکان دروست کردووە و، پاڵپشتییەکى ڕوون و ئاشکراشی میلیشیا نزیکەکانى خۆى دەکات. ئەمەش واى لەو کەمینانە کردووە، هاوشێوەى ئێران گرووپی چەکداری نزیک لەخۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو میلیشیانە دروست بکەن.

هێرشەکەى شەممە پرۆسەیەکى یەکەمجار نییە لەو وڵاتە، بەڵکو لە تەمموزی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە پێگەیەکى سەربازی هێزەکانى سوپای پاسداران لە مەریوانی کوردستان کرایە ئامانج و دەیان کەسیان لێکوژرا. لە ساڵى ڕابردووش ژمارەیەک خۆکوژ هێرشیان کردە سەر پەرلەمان و گۆڕى خومەینى، ڕابەرى پێشووى باڵای ئەو وڵاتە و ١٧ کەسیان کوشت. ئەو کاتەش بەرپرسان هەریەک لە ڕیاز و واشنتۆنیان تۆمەتبار کرد، بەوەى دەستیان لەو کردەوەیە هەیە.