Skip to main content

ئێران لەبەر هێرشەکەى ئەهواز لێپرسینەوە لە باڵیۆزی وڵاتان دەکات

ئێران لەبەر هێرشەکەى ئەهواز لێپرسینەوە لە باڵیۆزی وڵاتان دەکات
شازادەى ئیمارات: ئەم هێرشانە چاوەڕوانکراون
تا ئێستا باڵیۆزى هۆڵەندا و دانیمارک و ئیمارات بانگ کراونەتە وەزارەتى دەرەوە
posted onSeptember 23, 2018
nocomment


لە پێوەندی لەگەڵ هێرشەکەی دۆینێ بۆ سەر ڕژەی سەربازیی سوپای پاسداران لە خوزستان، سەید عەباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەینێ "دوای تەقینەوەکە و دوینێشەو باڵیۆزی دوو وڵاتی هوڵەندا و دانیمارک و هەروەها کارداری بریتانیامان بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کردووە".

 

لەم بارەوە عەراقچی لە ئینستاگرامەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە "هۆکاری بانگکردنی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایەتی ئێران لەهەمبەر رێگەپێدان بۆ چالاکی ئەندامانی گرووپی ئەلئەهواز لەو وڵاتانە". هەر لە بانگکردنەکەدا داوا لەو وڵاتانە کراوە هاوکارى کۆماری ئیسلامی بکەن لە ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی ئەو گرووپە.

 

لە لایەکی دیکە، کاتژمێر دوانزەی ئەوڕۆ نیوەڕۆ یەکشەممە کارداری ئیماراتیش بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرواە.  بە گووتەی بەرپرسانی ئێرانی بە هۆکاری ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیماراتی لە نووسراو و گووتەکانیاندا، بە جۆرێک پێخۆشبوونى خۆیان لە هەمبەر هێرشەکەی دوێنێی ئەهواز نیشان داوە. کارداری ئەو وڵاتە لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراوە و ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی تووند بووەتەوە.

 

بە گووتەی عەراقچی عەبدوڵا عەبدولخالق جێگری پێشووی محەمەد بن زاید جێنشینی شازادەی ئیمارات لە تویتێکدا پێشوازی لە هێرشەکەی خوزستان کردووە و هەروەها نووسیویەتى "درووستکردنی شەڕ لە نێوخۆی ئێران لەمێژ بوو باسی کرابوو و لە قۆناغەکانی دواییدا ئەو هێرشانە زیاتر دەبن".

دیمەنێک لە ترسانى ئاخوند و بەرپرسە ئازاکانى کۆمارى ئیسلامى لە کاتى هێرشەکەدا!

دیمەنێک لە ترسانى ئاخوند و بەرپرسە ئازاکانى کۆمارى ئیسلامى لە کاتى هێرشەکەدا!

 

شایانی باسە سەر لەبەیانی دۆینێ هێرشێکی چەکداری کرایە سەر رژەی سەربازى سوپای پاسداران لە شاری خوزستان و لە ئەنجامدا ٢٩ کەس کوژران و زیاتر لە ٦٠ کەس بریندار بوون. سەرەتا گرووپی ئەلئەهوازیون و دوای چەند کاتژمێرێکیش گرووپى تیرۆریستى داعش ئەو هێرشەیان وەئەستۆی خۆیان گرت.

 

لەو نێوەدا ئەوڕۆ بزاڤی ئەلئەهواز ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا باسی لەوە کردووە هێرشەکەی دوێنێ کاری سوپای قودسی ئێران بوو و هێزەکانی ئەوان ئەو کارەیان نەکردووە.