ئەمرۆ پێنجشەممە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیێنراوێکى بڵاو کردەوە و ئەمریکاى تۆمەتبار کرد بەوەى کە ئەمریکا چوار فڕۆکەی ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنە سەر حەشدى شەعبی هێناوەتە عێراق و هەر ئەمەیشە چەندین جارە بارەگای حەشدی شەعبی دەکرێتە ئامانج لە نێو خودى عێراق.
موهەندیس گوتووشیەتى کە زانیاریی تەواویان هەیە فڕۆكە ئیسرائیلییەکان لە ڕێگەی ئازەربایجان و بە كەشتی ئەمریكی هێنراونەتە عێراق و "هەر بۆ ئەم مەبەستە حکومەتمان ئاگادار کردووەتەوە کە هەر فڕۆکەیەکی بیانی بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق بەسەر بارەگاکانماندا بفڕێت، لێیدەدەین، ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین جارە هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانیان و کۆگاى چەک و تەقەمەنییەکانیان دەتەقێنرێتەوە، بێ ئەوەى بتوانن هیچ گورزێک بوەشێنن.
ئەبوو موهەندیش تۆمەتى زیاترى خستە پاڵ ئەمریکاوە و گوتى "ئەمریكا هاوكار بووە لە هێنانی گرووپە چەكدارەكان بۆ عێراق و ناوچەكە بە داننانی خودی ترەمپ بیر لە شێوازی جۆراوجۆر دەكاتەوە بۆ پێشێلكردنی سەروەری عێراق و بە ئامانجكردنی حەشدى شەعبی".
لە لایەکى تریشەوە فاڵح فەیاز سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی دەڵێت لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لە تەقینەوەى کۆگاى چەک و تەقەمەنییەکانمان و بۆیە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە چەکوچۆڵەکان بگوازینەوە.
شان ڕابێنسۆن وتەبێژى پێنتاگۆن لەم بارەوە وەڵامى حەشدى شەعبی دایەوە و گوتى "ئەمریکا پابەندى ڕێنماییەکانى حکومەتى عێراقە و بە هیچ شێوەیەک سەروەرى ئەو وڵاتە نابەزێنێت".
هەروەها شان ڕاینى وتەبێژى پێشووى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیش لەم بارەوە تویتێکى کرد و لە وەڵامی حەشدى شەعبی نووسى "ئەرکى هێزە هاوبەشەکان و هێزە عێراقییەکانە کە متمانەبوونى عێراقییەکان بەرز بکەنەوە و لەسەر ڕاسپاردەى حکومەتى عێراق و بە پێى ڕێنمایی و یاساکانى عێراق کار دەکەین".
شایەنى باسە هەر دوێنێ شەو فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بنکەیەکى سەربازی حەشدى شەعبییان لە بنکەی ئاسمانی بەلەد لە سەلاحەدین کردە ئامانج و چەک و تەقەمەنییەکەیان تەقاندەوە و پێشتریش چەند جارێک ئیسرائیل هێرشى کردووەتە سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبی و سوپاى قودسى ئێران.