Skip to main content

گەلی کورد گەورەترین گەلى جیهانە کە خاوەن وڵات نییە

گەلی کورد گەورەترین گەلى جیهانە کە خاوەن وڵات نییە
AvaToday caption
posted onAugust 17, 2019
nocomment

 

ڕاپۆرتى ناشناڵ جوگرافیک لەسەر کوردەکان

 

گەورەترین میللەتی جیهان کە خاوەنی وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، واتا کوردەکان لە یەکێ لە هەرێمە هەرە ناکۆکەکانی سەر گۆی زەوی دەژین.

ئەگەر توانای دۆزینەوەی کوردستانتان لە سەر نەخشەی جیهان نییە، ئێوە تەنیا نین:

کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام بەڕاستی بۆ گەلی کورد، کە بە مەزەندە میللەتێکی ٣٠  میلیۆن کەسین، کوردستان واقعییەتێکی نکۆڵیلێنەکراوە. کوردستان کە کەوتووەتە لێواری وڵاتانی تورکیا، ئەرمینیا، ئێران، عێراق، و سوریا یەکێکە لە هەرێمە هەرە ئاڵۆزەکانی جیهان، و گەلی کورد گەورەترین میللەتی جیهانە کە خاوەنی وڵاتێکی سەربەخۆ نییە.

کوردەکان بە ڕەسەنی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، هەرچەندە توێژەرە زانستییەکان ڕای جیاوازیبان سەبارەت بەو بابەتە هەیە. هەموو کوردەکان ناسنامەیەکی ئایینی یەکسانیان نییە، زۆربەی گەلی کورد موسڵمانی سوننەن، بەڵام ئایینەکانی دیکەش لە نێو کورد بە دی دەکرێت.

ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کورد ناسنامەیەکی زمانی و نەتەوەیی هاوبەشی هەیە. بڕوا وایە کە ئەو هاوبەشییانە لە نزیکەی سەدەکانی نێوەڕاست دەرکەوتبێتن. پاش سەدەکانی نێوەڕاست، کوردەکان ڕۆڵی گرینگیان لە مێژووی ئەو  وڵاتانە هەبووە، کە ئێستا بە ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا دەناسرێن.

بەڵام کاتێک کە کورد لە ناوچەکە سەرقاڵی گەشەپێدانی دەسەڵاتی خۆی بوو، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زۆربەی ناوچە کوردییەکانی لە ساڵەکانی سەدەی پازدەیەم داگیر کرد. دۆڕانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەمیش زیانێکی گەوەری بە کورد گەیاند. بە هۆی پەیمانی ساڵی ١٩٢٠ سیڤەر کە ئاکامەکەی بوو بە دابەش بوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، وڵاتە هاوپەیمانەکان پیلانی پێکهێنانی وڵاتی سەربەخۆی کوردستانیان داڕشتبوو. ئەوەیش بۆ بزووتنەوەی نیشتمانی کورد بە واتای سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو، بەڵام بە داخەوە ئەو پەیمانە دەنگی نەهێنا و ڕەت کرایەوە. ئەو کات تورکیا دەگەڵ هاوپەیمانەکان دان و ستانی کرد و لە ساڵی ١٩٢٣ پەیمانی لۆزان پیلانەکانی پێکهێنانی وڵاتی سەربەخۆی کوردستانیان هەڵوەشاند. لەوە بەدواوە، کوردەکان بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ هەوڵیان داوە، بەڵام هیچ ئاکامێکی نەبووە.

گەلی کورد لە عێراقدا بە دەیان ساڵ تامی تاڵی کوشتن و بڕین و چەوساندنەویان چشتووە. هاوکات دەگەڵ شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە هەشتاکاندا، ڕێژیمی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی دەکردە سەر خەڵکی مەدەنی کۆرد و بە دڕندانەترین شێوە سەرهەڵدانی خەڵکیان سەرکوت دەکرد. دەیان هەزار کورد لە هێرشەکان شەهید کران، و سەدان هەزار کەس ناچار کران کە زێد و شوێنی خۆیان بە جێ بێڵن. هاوکات لەگەڵ شەڕی یەکەمی کەنداو لە ساڵەکانی ١٩٩٠-١٩٩١، پتر لە یەک و نیو میلیۆن کورد بەرەو تورکیا هەڵاتن، تورکیا خاڵە سنووریەکانی داخست، و کوردە پەنابەرەکان بە گەمارۆدراوی هێزە عێراقییەکان مانەوە تا ئەو کاتەی کە هیزەکانی هاوپەیمان ناوچەیەکی ئەمنیان ساز کرد کە بە ناوچەی دژەفڕینی عێراق دەناسرێت. پاش ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنی گەلی کوردی لە عێراق گەرەنتی کرد، عێراق ئیزنی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان دا تا بە سەر ئەو بەشەی لە عێراق حکوومەت کات.

لە ئێرانیش کە کورد سێیەمین نەتەوەی گەورە هەژمار دەکرێت، لە سەردەمی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی حکومەتی پاشایەتی پەھلەوی بەشدار بوون. بەڵام سەرهەڵدانی گەلی کورد لە هەشتاکان و نەوەدەکان، سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانی لێ کەوتەوە. بە پێی لێدوانەکانی شەهرام ئەکبەرزادە، توێژەری پرسەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوڕۆ گەلی کوردی ئێران خۆی بە "تاق و تەنێ،" و "فەرامۆشکراو" و "بێ پاڵپشت" دەبینێت.

لە تورکیا، کوردەکان گەورەترین کەمینەی نەتەوەیی هەژمار دەکرێن، بەڵام بە درێژایی مێژووی نوێ تورکیا پاش عوسمانی ڕووبەڕووی کپکردن و چەوساندنەوەی بەردەوام لە لایەن ڕێژیمی تورکیا بوونەتەوە. لە وەڵامدا، بزووتنەوەیەکی بەهێزی سەربەخۆیی خوازی هێشتاش دەگەڵ هێزەکانی تورکیا بە شەڕ دێن و زەبری قورسیان لێ دەدەن. لە شەڕەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و ئەرتەشی تورکیا، لە ساڵەکانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٩٩ پتر لە ٤٠٠٠٠ کورد کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون، شەهید کران.

هەوڵی تورکیا بۆ دامرکاندنی جەنگاوەرانی کورد ئاکامی پێچەوانەی هەبووە و بە ڕۆشتنیان بۆ سوریا ڕوو لە زیادبوونن. کورد لە سوریا گەورەترین کەمینەی نەتەوەییە. کورد لە سوریاش بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی چەوساندنەوە بووە، بەڵام ئێستا هاوکات لەگەڵ شەڕی ناوخۆیی سوریا زۆربەی باکووری سووریا لە لایەن هێزە کوردییەکان کۆنتڕۆڵ کراوە. لەم دواییانەدا تورکیا هەڕەشەی هێرشی بۆ سەر هێزە سەربەخۆیی خوازەکانی کوردی لە ناو سووریا کردە.

بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاتە پێشی و داوای پێکھێنانی هەرێمێکی ئەمنی کرد کە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی زۆرتری هێزە کوردییەکان لە سنووری تورکیا.

ئایا کۆتایی بە کێشەکان دێت، یان شەڕێکی دیکەی لە نێوا تورکیا و کوردی سەربەخۆیی خوازی سوریا درووست دەبێت؟ تاکە شتێک کە بە دڵنیاییەوە ڕوونە ئەوەیە کە هەوڵ و تێکۆشانی کورد بۆ پێکھێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ کۆتایی پێ نایەت.