Skip to main content

ئەگەرى کشاندنەوەى هێزە ئەمریکییەکان لە ئەڵمان

ئەگەرى کشاندنەوەى هێزە ئەمریکییەکان لە ئەڵمان
AvaToday caption
ئەمریکا بۆ ئاڵمان: تێچووی بەرگری سەربازی زیاد نەکەن، هێزەکانمان دەبەینە دەر
posted onAugust 10, 2019
nocomment

نێردراوی دۆناڵد ترامپ بۆ بەرلین، ڕۆژی هەینی هەڕەشەی ئەوەى کرد کە خۆبواردنی ئانگێلا مێرکێلی سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان لە زیادکردنی تێچووی بەرگریی سەربازی، وا لە ئەمریکا دەکات هێزە سەربازییەکانی لەو وڵاتە بکێشێتەوە و لە لهێستان (پۆڵەندا) جێگیریان بکات.

لێدوانی هەڕەشەئامێزی ڕیچارد گرینل باڵیۆزی ئەمریکا لە ئاڵمان نیشانی دەدات نەرمینواندنی دۆناڵد ترامپ لە بەرامبەر ململانێی مێرکل بۆ زیادنەکردنی تێچووە سەربازییەکان تەواو بووە. ڕێکخراوی پەیمانی ئاتڵەنتیکۆى باکوور" ناتۆ" پێشتر داوای لە وڵاتانی ئەندامی ئەو یەکیەتییە کردبوو تێچووی سەربازیی خۆیان هەتا ٢% لە کۆی بەرهەمی ناپاڵەوتەی ناوخۆیی زیاد بکەن.

ئەو داوایەی ئەمریکا تا ئیستا لە لایەن هێندێک لە وڵاتانی ئەوروپایی، بە تایبەت ئاڵمان جێبەجێ نەکراوە. ململانێی ئانگێلا مێرکێلی سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان لەو پەیوەندییەدا و زیادنەکردنی تێچووی بەرگری سەربازی وڵاتەکەی تا ئەو ڕێژەیە کە ترامپ داوای کردووە ، بووەتە هۆی تووڕەبوونی دەسەڵاتدارانی ئەمریکایی.

ڕیچارد گرینل، باڵیۆزی ئەمریکا لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەری ئاڵمان گووتویەتی"بێڕیزییەکی گەورەیە کاتێک باجدەرانی ئەمریکایی پپارە بۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکایی لە ئاڵمان بدەن، بەڵام ئاڵمانییەکان زیادەداهاتیان تەرخانی بەرنامە نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن".

لە بەرنامەی بودجەی دەوڵەتی ئاڵمان پێشبینیکراو، بودجەی سەربازی و بەرگری ئەو وڵاتە وەک دووەمین ئەندامی گەورەی ناتۆ لە ساڵی داهاتوودا بۆ ١.٣٧ لەسەدی بەرهەمی ناپاڵاوتەی نەتەوەیی زیاد بکرێت و لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ١.٢٤ لەسەدی بەرهەمی نەتەوەیی کەم بکرێتەوە.

هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات وەک لهێستان و لێتوانی لە دوای دەستبەسەرداگرتنی کریمە لە لایەن مۆسکۆ تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون و تێچووی سەربازی خۆیان تا ٢ لەسەدی بەرهەمی ناپاڵاوتەی نەتەوەیی زیاد کردووە. کێشەکانی نێوان ئاڵمان و ئەمریکا تەنیا زیادکردنی بەشە بودجەی سەربازی ئاڵمان ناگرێتەوە و دوو وڵات لە سەر کۆمەڵێک کێشەی وەک ئێران، باجی بازرگانی و هێڵی گازی ڕووسیە بۆ ئالمان پێکەوە ناکۆکی گەورەیان هەیە. بێرلین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داواکەى ئەمریکای بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانییە دەریاییەکەی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشى کەنداوی فارس ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند وێرای  پابەندبوونیان بە بەرجام هەوڵی کەمکردنەوەی پشێوییەکانی ناوچەکە دەدەن.

دۆنالد ترامپ مانگی ژوئەن ڕایگەیاندبوو بەتەمایە هەزاران سەربازی وڵاتەکەی لە ئاڵمان بباتە دەرەوە و لە لهێستان جێگیریان بکات. بە گووتەی دۆناڵد ترامپ ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ پێشگرتن لە ئەگەری هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئەو وڵاتە. ئەمریکا زیاتر لە ٣٣ هەزار سەرباز و ١٧ هەزار فەرمانبەرى مەدەنى بۆ پێڕاگەیشتن بە هێزەکانی لە خاکی ئاڵمان هەیە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن ئەمریکا کۆمەڵێک کڵاوەی ئەتۆمیشی بە کۆی کەرەسە سەربازییەکانی لە ئاڵمان زیاد کردووە.