Skip to main content

تورکیە و ئەمریکا لەسەر ناوچە ئارامەکەى سوریە ڕێککەوتن

تورکیە و ئەمریکا لەسەر ناوچە ئارامەکەى سوریە ڕێککەوتن
AvaToday caption
posted onAugust 7, 2019
nocomment

تورکیە ڕایگەیاندووە سەبارەت بە دانانی ناوچەی ئەمن لە باکووری سوریە لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووەتە ڕێککەوتن. هەواڵدەری ئاناتۆڵی چەند خوولەک بەر لە ئێستا وێرای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە کۆتایی هاتنی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیەی سەبارەت بە ناوچەی ئارام لە باکوری سوریە ڕاگەیاند.

 

لەو ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەکردن بە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری تورکیە هاتووە: سەبارەت بە دامەزرانی "ناوەندی چالاکی هاوبەش" لە تورکیە، لە ماوەیەکی کەمدا بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ناوچەی ئەمن بە ڕێککەوتن گەیشتین.

وەزارەتی بەرگری هەروەها ڕوونی کردووەتەوە نوێنەرانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وەفدی ئەمریکایی سەبارەت بە گۆڕینی ناوچەی ئەمن بە ڕێرەوێکی ئاشتی و ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

تورکیە پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەگەر هاوکارییەکان لەگەڵ ئەمریکا لە سوریە بە ئاکام نەگات، ئەو وڵاتە بۆخۆی ناوچەی ئەمن درووست دەکات.

خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری نەتەوەیی تورکیە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو: ئێمە خوازیاری هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکاییەکانی خۆمانین. هەڵبەت چەندین جار ڕامانگەیاندووە ئەگەر ئەو کارە نەکرێت ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین.

هەواڵی درووستبوونی ناوچەی ئەمن لە کاتێکدا لە لایەن دەوڵەتی ئانکارا پشت ڕاست کرایەوە کە هامی ئاکسۆی، وتەبێژی کاروباری دەرەوەی تورکیە کاتژمێرێک پێش لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو دانوستانی نوێنەرانی تورکیە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا هەتا ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو درێژەی دەبێت.

 

ئەمریکا: ژووری هاوبەش پێک دێنین

سەبارەت بە ئاکامی دانیشتنی دوو ڕۆژەی نێردراوانی ئەمریکایی لە تورکیە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئانکارا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: بۆ درووستکردنی هەرێمێکی ئارام کە بە هاوبەشی کۆنترۆڵ بکرێت بەم زووانە ناوەندێکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن پێک دێنین. لە درێژەی تویتەکەی باڵیۆزی ئەمریکا هاتووە: کار دەکەین بۆ ئەوەی ناوچەی ئارام ببێتە بە ڕێرەوێکی ئاشتی بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سورییەکان.

شایانی باسە وردەکاری زیاری ئەو ڕیککەوتنە بە تایبەت سەبارەت بە ڕۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان تێیدا بڵاو نەکراوەتەوە.