Skip to main content

سەرپێڵ پایتەختى کانێکسنشینى

سەرپێڵ پایتەختى کانێکسنشینى
AvaToday caption
۱٥۰۰ بنەماڵەی سەرپێڵی لە نێو کانێکس دەژین.
posted onJuly 24, 2019
nocomment

 خەڵکی سەرپێڵ و ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان لە کاتێکدا کە هێشتا برینەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و کوژراوانی ئەم شەڕەیان لەسەر دڵ بوو، بوومەلەرزەیکی نزیک بە حەوت ڕیختەری، جگە لە کولانەوەى برینەکانیان، زامێکیتری بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە زیاد کرد.

ئێستا ۲۱ مانگ لە بوومەلەرزەکە تێپەڕیوە و ڕێژەیێکی زۆر لە خەڵکی سەرپێڵ هێشتا لە نێو کانێکس و خێوەتدا دەژین. پڕۆپاگەندەکانی حکوومەت باسی نۆژەنکردنەوە و کۆتاییهاتنی چەندین پڕۆژە دەکەن کە تەنیا لە میدیاکان دەبینرێ، بەڵام ڕاستییەکان لە سەرپێڵ باس لە دۆخێکیتر دەکەن.

بە پێ ڕاپۆرتێک کە لە ڕۆژنامەی هەمشەهری بڵاو بووەتەوە، زیاتر لە ۱٥۰۰ بنەماڵەی شارەکە لە گەرمای زیاتر لە ٤٥ پلەى ئەم هاوینە، هێشتا لەنێو کانێکس و خێوەتدا دەژین و بەوتەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمەڵناسانی ئێران، پاش تێپەڕینی ۲۰ مانگ لە بوومەلەرزەکەی سەرپێڵ هەندێ دیمەن و ڕووداو دەبینین کە دەمانباتە ئەوپەڕی خەم و دڵساردییەوە.

کانکێسک

ژیانی هەزاران کەس لە کانێکس، هەزاران خانوو و بینای ناتەواو کە شارەکەی کردووتە کەلاوەیەکى بێ ڕۆح، نیوەناچڵى  نۆژەنکردنەوەی مەسکەنی میهر، چاوەڕوانی کرێچییەکان بۆ وەرگرتنی زەوی، کێشە دەروونییەکان، هەژاری، بێکاری، ئاڵوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و بێ هیوایی، چیرۆکی ڕۆژانەی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوانى کرماشانە.

لە زستانی پارەکەوە، چەندین مامۆستای کوردی زانکۆی سنە ڕاپۆرتێکیان لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و دەروونی خەڵکی ئەم ناوچانە بڵاو کردەوە کە بە شێوەى زانستى چەند مانگ توێژینەوەیان لە دۆخى کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونیی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی سەرپێڵ و ئەزگڵە و سەلاسی باوەجانی کردبوو.

بەپێ ڕاپۆرتی مامۆستاکانی زانکۆی کوردستان، دۆخی خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان زۆر خراپترە لەو شتەی کە تا ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاو بووەتەوە. تەنیا باڵەخانە و هەیکەلى ڕەقوڕووتى شارەکە نەبوو کە ڕووخاوە، بەڵکوو کەشی کۆمەڵایەتی و دەروونی خەڵکیش بەتەواوی داڕماوە و هەندێ کێشەی نوێ سەری هەڵداوە کە ئەگەر پێشیان پێ نەگیردرێت بە ئەگەری زۆرەوە کارەساتی گەورەى لێدەکەوێتەوە.

بەپێ ئەم ڕاپۆرتە یەک لە کێشە سەرەکییەکان دیمۆگرافیای شاری سەرپێڵە کە بە شێوەیێکی سیستماتیک خەریکە گۆڕانى بەسەردا دێت. بە پێ قسەی یەک لە مامۆستاکان، خەڵکێکی زۆر لە نەتەوەکانى تورک و فارس و عەرەب و تەنانەت بەلووچەکانیش بە بیانووی کار و نۆژەنکردنەوە ڕوویان کردووتە سەرپێڵ و لەوێ نیشتەجێ بوونە. تەنانەت زۆربەشیان بنەماڵەکانیان لەگەڵە و ئەمەش لە داهاتوویێکی نزیکدا کێشە و تێکهەڵچوونێکی  زۆر لەنێوان دانیشتووانی خۆجێیی سەرپێڵ و ئەو خەڵکە کۆچبەرە دروست دەکات.

کانێکسسس

بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کۆمەڵناسانی ئێران سەبارەت بەمە، بە هەواڵنێری هەمشەهری گوتووە "هەڵکەوتەکانی بوومەلەرزە لە چەندین ڕەهەندى وەک کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری، بۆ چەندین ساڵ درێژ دەبنەوە، بەڵام بە پێ لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، نۆژەنکردنەوە لە هەموو بوارەکاندا زۆر خراپە و به هۆی نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی قەیران لە ئێران، هیچ قۆناغێکی نۆژەنکردنەوە بەشێوەی تەواو و باش نەڕۆیشتووتە پێش.

بەوتەی تاقمێک لە خەڵکی سەرپێڵ، کێشەی سەرەکی ئەم شارە کانێکسنشینی و خێوەتنشینییە کە هەر ئەمەش خەڵکێکی بێ خانوو و تاوانبارە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەو شارەکە ڕاکێشاوە و ئاسوودە لە نێو خێوەت دەژین و ئاستی کردەوەی نایاسایی و تاوانەکانی بردووتە سەرەوە و ئاسایشی لە خەڵکی ئەم شارە تێک داوە.

۲۱ مانگ پاش بوومەلەرزەکە، هێشتا زیاتر لە ۱٥۰۰ بنەماڵەی سەرپێڵی لە کانێکس و خێوەت دەژین. بە وتەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمەڵناسانی ئێران "ئێستا ٤۲ کەمپی بوومەلەرزەلێدراوان لە سەرپێڵ هەیە کە ڕاستە ڕێژەیان کەمتر بووەتەوە، ئەویش بە زۆرەملێ و پێداگری دەوڵەت لەسەر چۆڵکردنی ئەم کەمپانە. واتا کەمپەکان تەنیا بڵاوەیان پێ کراوە، دەنا هێشتا ڕێژەیێکی زۆر لەو کرێچیانە کە دەوڵەت بەڵێنی پێدانی زەوینی پێ دابوون، لە گەرمای ٤٥ پلەدا لە کانێکس و خێوەت دەژین.

زۆرێک لە کارگە بەرهەمهێنەر و پیشەسازییەکان داخراون و هەلی کار بۆ خەڵک نییە، بەڵام قایمقامی سەرپێڵ بە بڵاوکردنەوەی هەندێ ئامار و ژمارە بە ڕۆژنامەی هەمشەهری گوتووە "کاری نۆژەنکردنەوە لە سەرپێڵ کۆتایی پێ هاتووە. ناوەندەکانی گەشتوگوزار، شاری یارى منداڵان و... نۆژەن کراونەتەوە و کێشەیان لەبەردەمدا نییە"، بەڵام بە ئاماژەیێکی بچووک بۆ ۱٥۰۰ بنەماڵەی کرێچی سەرپێڵ کە ئێستا کانێکسنشینن وەک هەمیشە باسی لە بەڵێنییە بەتاڵەکانی دەوڵەت بۆ دڵخۆشکەری کرد، بەڵێنییەک کە پاش دوو ساڵ هیچ جۆرە هەنگاوێکی بۆ هەڵنەگیراوەتەوە.

کانێکسسسسسس