Skip to main content

مایک پۆمپئۆ: کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی درۆزنە!

مایک پۆمپئۆ: کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی درۆزنە!
AvaToday caption
posted onJuly 22, 2019
nocomment

وەک کاردانەوە دژى بانگەشەی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ دەستبەسەرکرانی ١٧ سیخوڕی ئەمریکایی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو هەواڵەی ڕژیمی ئێرانی بەدرۆ خستەوە و گووتی: ڕژیمی ئێران، ڕژێمێکى درۆزنە!

وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە ٣١ پووشپەڕ ڕایگەیاند ١٧ کەسی بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئەمریکا لە ناوەندە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە دەستبەسەر کردووە. هەر لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی ئیتلاعات کۆمەڵێک ڤیدیۆ و وێنەی بڵاو کردەوە.

بەرێوەبەری گشتیی یەکەی دژەسیخوڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی، ڕایگەیاند ئەو ١٧ کەسە لە لایەن ڕێکخراوی "سیا" پەروەردە کراون و لە ناوەندە هەستیارەکانی ئێران، بەتایبەت بەشی ئابووری، ناوەکی، سەربازی و سایبری چالاک بوونە. لە ڕوونکردنەوەی ئەو هەواڵەدا ڕایگەیاندووە ئەو کەسانە بە جیا و تاکەکەسی کاریان کردووە و هیچ پەیوەندیان لەگەڵ یەکتری نەبووە.

وەزارەتی ئیتلاعات ئاشکرای کردووە لە داهاتوودا سزای "مفسد فی الارض" و سێدارە بەسەر هێندێک لەو کەسانەدا دەسەپێندرێت. هەر لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی ئیتلاعات کۆمەڵێک کارتی پێناسی کەسە دەستبەسەرکراوەکانی بڵاو کردووەتەوە.

 

پۆمپئۆ: ڕژیمی ئێران مێژوویەکی دوورودرێژی لە درۆکردن هەیە

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کاناڵی فاکس نیوز، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە قۆڵبەستکردنی ١٧ کەس بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئەمریکا، مایک پۆمپئۆ ئەو هەواڵەی بە درۆ خستەوە و گوتى کۆماری ئیسلامی مێژوویەکی دوور و درێژى لە درۆکردن هەیە.

تا ئێستا ئەمریکا بە فەرمی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو ڕووادوە و قۆڵبەستکردنى ئەو کەسانە نەداوە وەک ئەوەى کۆمارى ئیسلامى بانگەشەى بۆ دەکات کە گوایە "سیخوڕییان بۆ ئەمریکا کردووە".