Skip to main content

هەژاری و برسیەتى ڕوو لە هەڵکشانە

هەژاری و برسیەتى ڕوو لە هەڵکشانە
AvaToday caption
posted onJuly 17, 2019
nocomment

 

ڕاپۆرتە نوێیەکانی ڕێکخراوی کشتووکاڵ و "خواربار" باس لەوە دەکات هەژاری خۆراک، نەبوونی ئەمنیەتی خۆراک و برسیەتی دوای دە ساڵ کەمبوونەوە، جارێکی دیکە ڕوو لە هەڵکشانە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، پرسی هەژاری خۆراک و برسیەتی، ناکرێ تەنیا بە نەبوونی خۆراک و پێویستی کورت بکرێتەوە و نەبوونی ئەمنیەتی خۆراکی پێویستە گرینگی پێ بدرێت.

ئەمنیەتی خۆراکی پێوەرێکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی دەستپیڕاگەیشتنی خەڵک بە خۆراک بە نرخێکی گوونجاو. ئەو کەسانەی کە ئەمنیەتی خۆراکیان نییە ناچارن بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، تێچوویەکی ماڵی و جەستەیی و دەروونی زۆر بدەن. ئەو پرسە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک ڕوو بکاتە خواردنی خۆراکی بێ کواڵێتی و لە لایەکی دیکە ئەزموونکردنی برسییەتی.

هەژار

ئەمنیەتی خۆراک دابەشی سێ بەش دەکرێت:

ـ ئەمنیەتی خۆراکی تەواو: خەڵک دەستی بە خۆراکی زۆر و بە کواڵێتی ڕادەگات.

ـ نەبوونی ئەمنیەتی نێونجی لە خۆراک: خەڵک کەمبوونی خۆراک هەم لە ڕووی کواڵێتی و هەم لە ڕووی ڕێژە، ئەزموون دەکەن.

ـ نەبوونی ئەمنیەتی خۆراکی ڕەها: خەڵک لەگەڵ نەبوونی چڕی خۆراک بەرەوڕوو دەبن و ئەگەری هەیە ڕۆژێک یاخود زیاتر بێخۆراک بمێننەوە.

ڕاپۆرتەکەی "فاو" دەری دەخات برسیەتی، خواردنی خراپ و نەبوونی ئەمنیەتی خۆراک کە لە ساڵی ٢٠٠٥ هەتا ٢٠١٥ کەمی کردبوو و لە ١٤.٥ لەسەد بۆ ١٠.٦ لەسەد  دابەزیبوو، هێدی هێدی زیادی کردووەتەوە و گەیشتووەتەوە ١٠.٨ لەسەد. ئێستا لە جیهاندا ٨٢٠ ملیۆن کەس لەگەڵ هەژاری و نەبوونی ئەمنیەتی خۆراک بە شێوەی سنوردار و بەربڵاو بەرەوڕوون و بە واتایەکی دیکە لە هەر ٩ کەس  لە جیهاندا یەکیان برسییەتی دەچێژێ. هەڵسەنگاندنەکان باس لەوە دەکەن ٧٠٠ ملیۆن کەس لە هەژاری لە ڕادەبەدەر و ١٢٠ ملیۆن کەس لەگەڵ هەژاری  نێونجی بەرەوڕوون.

هەژاری و نەبوونی ئەمنیەتی غەزایی ١٩.٩ لەسەد لە ئەفریقا، ١١.٣ لەسەد لە ئاسیا، ٦.٥ لەسەد لە ئەمریکای لاتین، ٦.٢ لەسەد لە ئۆقیانووسیە و ٢.٥ لەسەد لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور لەخۆ گرتووەتەوە.

هەارى ٢

منداڵان و دایکان قوربانی سەرەکی برسیەتی و نەبوونی ئەمنیەتی خۆراکین

لێکۆڵینەوە ناوچەییەکان لە برسیەتی و نەبوونی ئەمنیەتی خۆراکی دەریدەخات منداڵان و دایکان، قوربانیانی سەرەکی کەمبوون یاخود نەبوونی خۆراکن.  بەدخۆراکی هۆی گیانلەدەستدانی ٤٥ لەسەدی منداڵانی خوارووی ٥ ساڵە.

هەژارى ١

هەڵاوسانی ئابووری و برسیەتی

هەڵاوسانی ئابووری زۆر و برسیەتی پێوەندی قۆڵیان لەگەڵ یەکتری هەیە. هەڵاوسانی ئابووری لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١ هەتا ٢٠١٧ زیادیکردووە و لە ٦٥ وڵات بۆ ٧٧ وڵات بەرز بووەتەوە. هەڵاوسانی، قەیرانەکانی زیاتر کردووە و ئەو حاڵەتە لەو وڵاتانەی پێویستیان بە هاوکاری مرۆڤدۆستانە هەیە زیاترە.

هەڵاوسانی ئابوری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و کەمبوونەوەی داهات و حەقدەست. کەمبوونەوەی خۆراکی بە کواڵێتی و دەستپێڕانەگەیشتن بە چاوەدێرییە تەندروستییەکان لە کاریگەرییەکانی هەڵاوسانی ئابوورین و دەتوانێ ناوچەیەک تووشی کێشەی بژێوی ژیان بکاتەوە.