Skip to main content

ترامپ سەرۆکایەتى کۆبوونەوەکانى دژ بە ئێران دەکات

ترامپ سەرۆکایەتى کۆبوونەوەکانى دژ بە ئێران دەکات
ئێران یاسا نێودەوڵەتییەکانى زۆر پێشێل کردووە
مۆسکۆ : کۆبوونەوە لەسەر ئێرانەوە بکرێ، دەبێ قسەش لەسەر کشانەوەى واشنتۆن لە بەرجام بکرێ.
posted onSeptember 5, 2018
nocomment

 

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆتاییەکانى ئەیلولی ئەمساڵ سەرۆکایەتى دانیشتنى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەکات کە  لە بارەى کۆماری ئیسلامی کە لەلایەن واشنتۆنەوە بەتێکدانى سەقامگیری رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تومەتبار کراوە.

 

بڕیاریشە ئەو دانیشتنە لەسەر ئاستى سەرۆکی وڵات و حکومەتەکان بێت و لەرۆژى 26 ئەیلوول (ڕەزەبەر)، لەچوارچێوەى کۆبوونەوەى هەفتەى ساڵانەى کۆمەڵەى گشتى  نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. لە لایەن خۆیەوە نیکی هایلی، نوێنەرى ئەمریکا لە نێو ئەو کۆمەڵە نێودەوڵەتییە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ترامپ، جگە لەسەرۆکایەتى ئەو دانیشتنە، سەرۆکایەتى دانیشتنێکى دیکەش دەکات، کەتایبەتە بەپرسى بەقاچاخبردنى ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا".

لەبارەى بەشدارییکردنى حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆمارى ئێران لەو کۆبوونەوەى تایبەتە بە ئێران، هایلی گووت "مافی خۆیەتى". چاوەڕوانیش دەکرێت ڕوحانی لە 25 ئەیلول، دوای پەیامی هاوتا فەڕەنسییەکەى یاخود ئەمریکییەکەى پەیامێک لە سەکۆى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بکات.

نوێنەرەکەى واشنتۆن لەنەتەوە یەکگرتووەکان باسى لەوەش کرد "ئەستەمە شوێنێک لە جیهان بدۆزینەوە تاران ناکۆکی تێدا دروست نەکردبێت، ئەبێت ئەو وڵاتە تێبگات کە جیهان چاودێری چالاکییە تێکدەرانەى دەکات". لە دواى دەستبەکاربوونى ترامپ لەپۆستەکەى سەرەتاى 2017، تاران بووەتە دوژمنێکى سەرسەختى واشنتۆن، بە جۆرێک تۆمەتباری دەکات، کە کار لەسەر بەرهەمهێنانى چەکى ئەتۆمی دەکات.

چەندین جاریش تاران تۆمەتبار کراوە بە پەرەپێدانى مووشەکى بالیستى درێژمەودا دەکات، لەپاڵ ئەوانەش تێوەگڵانی لە ململانێیەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک سووریا و یەمەن، پرسێکى دیکەى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەبێت. هایلی جەختی لەوەش کردووەتەوە "دڵەراوکێیە زیاد بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانى تاران دروست بووە".

دەشڵێت "ئەگەر سەیرێکى ئەو پاڵپشتیە فراوانەى ئێران بکەن، بۆ تیرۆرو تاقیکردنەوە بالیستیەکان و، فرۆشتنى چەک بە حوسییەکانى یەمەن، هەمووى دەچێتە چوارچێوەى پێشڵکردنى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى". بە بۆچوونى نوێنەرەکەى واشنتۆن "ئەوانە هەمووى هەڕەشەن بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و پێویستى بەگفتوگۆکردن هەیە".

لەلایەن خۆیەوە رووسیا ڕەخنەى لەبەرنامەى ئەمەریکا بۆ کۆبوونەوەکانى ئەمەریکا لەئەیلول گرت، پێی وابووە کە " پێویستە کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى ئاسایش لەچوارچێوەی بڕیارەکانى 2015 بێت، کە رێککەوتنێکى فراوانى لێکەوتووەتەوە".

دیمیتری پۆلیانیسکی، جێگری باڵیۆزی مۆسکۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیشی کردووەتەوە "هەر کۆبوونەوەیەک لەبارەى ئێرانەوە ئەنجام بدرێت، دەبێت باسى کاردانەوەى کشانەوەى واشنتۆن لەو رێککەوتنەش بکرێت. کشانەوەى ترامپ لەو رێککەوتنە کە 2015 واژۆ کران، دابەشکارییەکى تووندی نێوان واشنتۆن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان دروست کرد، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو رێککەوتنە بە تەواوى هەڵبوەشێنرێتەوە.

مەترسییەکى دیکەی چاودێران بریتیە لەوەى "سەرۆکایەتییەکەى ئەمریکا لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایش ململانێیەکى توندتر لە پرسەکانى ئەو ئەنجوومەنە دروست بکات". ئەو خاڵەش بووە هۆکارێکى سەرەکی لە دروستنەبوونى کۆدەنگییەک لە خشتەى کارەکانى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، بەڵام هایلی سوورە لەوەى کۆدەنگی لەچوارچێوەى کارکردنە نەوەک پابەندبوون.