ڕۆژنامەی شەرق ڕاپۆرتێکی لە ژوورە لاکچرییەکانی زیندانییەکانی بەندی ماڵی ئەوین بڵاو کردووەتەوە کە تێچووی مانگانەی هەر ژوورێکیان ٤٥ ملیۆن تمەنە!
لە وێنەکان ئەم ژوورانە لە هۆتێلی ٥ ئەستێرە دەچن کە تایبەت بە بەندکراوانی ماڵی و گەندەڵان لە زیندانە و هەموو جۆرە پێداویستییەک وەک تەلڤێزیۆنی ئێڵ ئی دی، یەخچاڵی بیانی، تەختی خاوێن و ڕەحەت، ئاومێوەگیری و کۆلێر و چێشتخانەی پیشەسازی و توالێتی تایبەتی و... هەیە. هەروەها ئەم ژوورانە لە ۳۰ متری چوارگۆشەن و ٥ کەس یان کەمتری تێدا دەژی لە کاتێکدا ژوورێکی وا لە زیندانی ئەوین ۲۷ زیندانی تێدایە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیندانیانی سیاسی بێبەری لە کەمترین پێداویستییەکانن و تەنانەت تاقمێکیان لە بەندی قاتڵان ڕاگیردراون.
بەپێ ڕاپۆرتەکە، ئەم ژوورە لاکچرییانە لەلایەن ڕێکخراوەی زیندانەکانەوە ئامادە نەکراوە بەڵکوو زیندانییەکان بە پارەی خۆیان پێداویستی و خواردنی خۆیان دابین دەکەن.بەڵام ئەم دۆخەی کە پێکیان هێناوە پیشان لە دەستڕۆییشتنێکی زۆری ئەم زیندانیانە لەلایەن سەرۆک و کاربەدەستانی زیندانەوەیە.
هەروەها گوتراوە کە گەندەڵانی کۆماری ئیسلامی لە زیندان تۆڕێکی مافییاییان پێک هێناوە و بە هۆی دەستڕۆییشتن لە بەندی قاتڵان و تاوانە زەبەلاحەکان هەرچەشنە کارێک لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان دەکەن.