Skip to main content

سعودیە بەڕەى ئۆپێک لە بن پێى ئێران دەردێنێ

سعودیە بەڕەى ئۆپێک لە بن پێى ئێران دەردێنێ
سعودیە ئەو کەمییە پڕ دەکاتەوە کە بە هۆى گەمارۆخستنە سەر نەوتى ئێران دروست دەبێت
ڕێگە چارەى ئێران چییە بۆ نەوتەکەى!
posted onAugust 19, 2018
nocomment


کۆمارى ئیسلامی ئێران لە ڕێگەى نێردەى تایبەتى خۆی لە نێو ڕێکخراوى وڵاتانى هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، ناڕەزایی خۆی لەبەرامبەر هەڵوێستى ئەندامانى ڕێکخراوەکە نیشان داوە، بەتایبەت بەرامبەر هەڵوێستى شانەشینى عەرەبی سعودیە.

 

تاران لە ڕێگەى پەیامێکەوە بە ئۆپێکی ڕاگەیاندووە "پێویستە ڕێکخراوەکە ڕێگر بێت لەوەى ئەندامێکی ئۆپێک پشکى ئەندامێکى دیکە ببات". ئەو هەڵوێستەى ئێران لەدواى ئەوە دێت "سعودیە ئامادەسازیی نیشان داوە لە پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى بازاڕ، گەر هاتوو سزاکانى ئەمریکا بەسەر تاران، کەرتى وزە بگرێتەوە".

 

بە پێی زانیارییەکانى ماڵپەرى وەزارەتى نەوتى حکومەتى تاران، کازم غەریب ئابادی نێردەى ئەو وڵاتە لە نێو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە ڤەیەننا داوای لە مەحمەد بارکیندۆى ئەمینداری گشتى ئۆپێک کردووە ڕێکخراوەکە لە ململانێی سیاسی بە دوور بگرێت. گووتیشى "مافی هیچ وڵاتێک نییە پشکى بەرهەمهێنانى ئەندامێکى دیکە ببات بە هەر بیانوو و بابەتێک بێت و، کۆنگرەى ئۆپێکیش هیچ بڕیارێکى لەو جۆرەى نەداوە".

کازم غەریب ئابادی نوێنەرى کۆمارى ئیسلامى لە ئۆپێک

کازم غەریب ئابادی نوێنەرى کۆمارى ئیسلامى لە ئۆپێک

 

ئاستى بەرهەمهێنانى ئێستاى ئێران لە سنوورى  3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتە و، زۆربەى هەناردەکردنەکانیشى بۆ بازاڕەکانى ئاسیایە و 20% نەوتەکەشى لە لایەن یەکێتى ئەورووپاوە هاوردە دەکرێت. مەترسییەکانى کەمبوونەوەى ئاستى بەرهەمهێنان و دابینکارییەکەى تاران بە هۆى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە لە 7 ئاب (گەلاوێژ) ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و، زۆربەى سێکتەرە ئابووریی و پیشەسازییەکانى گرتۆتەوە و، بڕیاریشە لە 5 تشرینى دووهەمی داهاتووەوە (خەزەڵوەر)ـ کەرتى نەوت و وزە بگرێتەوە.

 

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا لە بارەى سەپاندنەوەى سزا ئابوورییەکان ڕایگەیاند "پێویستە زۆربەى وڵاتانى جیهان و هاوپەیمانى واشنتۆن پابەندی سزا ئابوورییەکانى سەر ئێران بن". سەرەڕاى ئەوەى زۆربەى کڕیارانى ئاسیا وەک کۆریاى باشوور، هیندستان، ژاپۆن پابەندی بڕیارەکەى واشنتۆن بوونە، بەڵام چین و ڕووسیا و تورکیا دژی بڕیارەکەن و، ئامادە نین گوێڕایەڵى بڕیارەکەى ترامپ بن.

 

ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانى تاران و واشنتۆن بە هۆى کشانەوەى سەرۆکى ئەمریکایە لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران کە 2015 لە نێوان ئێران و شەش وڵاتى جیهانى وژاوو کران، بەڵام لە ئایار (بانەمەڕ)ـى ڕابردوو ترامپ کشانەوەى خۆى لەو ڕێککەوتننامەیە ڕاگەیاند و بەڵێنى سەپاندنى سزاى نوێی بە سەر تاران دا.

لە ڕووى ئاستى بەرهەمهێنانەوە لە نێو ڕێکخراوەکە، ئێران لە دواى سعودیە و عێراق دێت و ئەمەش مەترسییەکى گەورەى بۆ بازاڕەکان لە ڕووى دابینکردنی وزەوە درووست کردووە و، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو کەمبوونەوەیە دووبارە نرخەکانى نەوت بۆ ئاستێکى نوێ بەرز بکاتەوە. بۆ چارەسەر کردنى ئەو پرسەش ترامپ داواى لە ئۆپێک کردووە کە ئاستی بەرهەمهێنانى بەرز بکاتەوە، هەر یەک لە ڕیاز و مۆسکۆش لە سێ مانگی ڕابردوو دڵنیاییان بە دابینکردنى بەردەوامى نەوت لە بازاڕەکان داوە.

هاوکات غەریب ئابادی باسى لەوەش کردووە "ئێران باوەڕی وایە ئۆپێک لەم قۆناغەدا بە هێزەوە پاڵپشتى ئەندامانی بکات و ڕێگە لە وڵاتانی جیهان بگرێت کە بیانەوێت دەست وەربدەنە نێو کاروبارى ڕێکخراوەکەیان. لە لایەن خۆشیەوە جێگرى سەرۆککۆمار ئاشکراى کردووە "وڵاتەکەى بەدواى ڕێگەچارەیەکى دیکە دەگەرێت تا داهاتى نەوتى فرۆشراوى خۆى بگەینێتەوە نێوخۆى وڵاتەکەى".

ئیحساق جیهانگیرى، جێگرى یەکەمى سەرۆککۆمار

ئیحساق جیهانگیرى، جێگرى یەکەمى سەرۆککۆمار

 

ئیسحاق جەهانگیری دەشڵێت "ئومێدوارین وڵاتە ئەورووپییەکان پابەندی بەڵێنەکانیان بن، لە هەر کاتێکیشدا نەیانتوانى ئەوا بەدواى چارەسەرێکى گونجاو دەگەرێین" لەو نێوەندەشدا برۆکسل، دواى واژووکردنى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لە 2015ى زایینى بە دواى ڕێگایەکى گونجاو دەگەرێت تا کەمترین پاڵەپەستۆ ئابوورییەکانى واشنتۆن بەسەردا بسەپێنرێت، کە ئەمریکا بە کشانەوەى ئاڵۆزییەکى لە پەیوەندییەکانى واشنتۆن و بڕۆکسل دروست کردووە.