Skip to main content

مانای ژیان لای قالەمەڕە

مانای ژیان لای قالەمەڕە
AvaToday caption
posted onMay 24, 2019
nocomment

▪️بابەتێکی سرنج ڕاکێش لە نووسەری هەڵکەوتووی کورد سەلاح پایانیانی لە ساڵوەگەری کۆچی دوایی مامۆستا قالەمەڕە.
 

مانا یا فەلسەفەی ژیان لە بیر و نەستی هەر مرۆڤێک‌دا چوارچێوەی تایبەتی خۆی هەیە. مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی لە چ سەردەمێک‌دا دەژی، سەر بە چ چین و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی‌یە و لەسەر بنەمای چ سیستم و نەریت‌ و بەهاگەلێکی کلتووری باڵای کردووە،  بەرانبەر بە ژیان ڕوانگەیەک پەیدا دەکا کە کەم و زۆر جیاواز دەبێ لە ڕوانگەی کەسانی تر. بەهۆی ئەو ڕوانگەیەشەوە دەرکەی جیهان و کۆمەڵگای لێ دەکرێتەوە: چۆنێتیی هەڵس‌وکەوتی، دورەدیمەنی ویستەکانی، مانای مرۆڤایەتی و چۆنێتیی بوون و لەسەریەک هەموو فەلسەفەی ژیانی هەر بە پێی ئەو ڕوانگەیە دروست دەکا. دەکرێ بڵێین ئەو ڕوانگەیە تەراز و چوارچێوی شوناسی کۆمەڵایەتی مرۆڤیش دیاری دەکا.
جا ئەگەر لە ساڵ‌وەگەری کۆچی دوایی پسپۆڕی  شمشاڵژەن، مامۆستا قالە مەڕەی نەمردا، بەو پێ‌ودانە ئاوڕ لە ڕوانگە و فەلسەفەی ژیانی بدەینەوە ڕەنگە چاکتری بناسین و بۆمان ڕوون بێتەوە کە بۆچی شێوەی ژیانێکی ئەوتۆی بۆ خۆی هەڵبژاردبوو کە بە بڕوای زۆر کەسان، شیاوی هونەرمەندێکی هەڵکەوتەی وەک ئەو نەبوو. 
مامۆستا قالەمەڕە چەندی پابەندی ناو و نەوای شمشاڵەکەی بوو سەد ئەوەندەش دەروەستی ماناکانی ژیان، بەپێی باوەڕی خۆی بوو. هەرگیز ئامادە نەبوو بۆ دەسکەوتی ماددی یا بە وتەی مەشهوور بۆ ماڵی دنیا دەست لەو بەهایانە هەڵگرێ کە لای ئەو ژیانیان واتادار دەکرد. شێوەژیانێکی لەسەر بناغەی باوەڕەکانی ڕەچاو کردبوو کە ئێستاشی دەگەڵ بێ، بە‌شی زۆری کۆمەڵگەی ئێمە بۆیان ساغ نەبۆتەوە کە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و هونەرمەندێکی ئاوا ناودار چۆن دەبێ بە دانستە ئەم شێوە ژیانە "ناماقووڵ"ە بۆ خۆی هەڵبژێرێ.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەوانە ڕواڵەتی ژیانی مامە قالە هەتڵەی کردوون و هەر سەرقاڵی توێلکی مەسەلەکە بوون و نەیانتوانیوە لە هەوێن و کاکڵی بابەتەکە ورد بنەوە کە بریتییە لە مانای ژیان لەلای ئەو هونەرمەندە ڕەسەن و خۆڕسکە.  
من لێردا نامەوێ و بۆشم نالوێ میژووی ژیانی ئەم هونەرمەندە شی بکەمەوە و لەو ئەزموونانە بدوێم کە بوونەتە هۆی شکڵ گرتنی شەخسیەتی و ‌هەڵبژاردنی شێوی ژیانی. بەڵام حەز دەکەم دوو بیرەوەری لێ بگێڕمەوە کە پێم وایە بۆ ئەوە دەبن بکرێن بە ڕێچکەیەک بۆ چوونە ناو "مانای ژیان لای قالەمەڕە".
یەکەم: ئاخروئۆخری ڕەشەمەی ساڵی ۱۳٨۰ی هەتاوی کە زوو زوو هات‌وچۆی شارەداریی مەهابادم دەکرد، لە دانیشتنێکی دیوی شارەداردا یەکێک گوتی: "قالە مەڕە ئەوە لەڕاستی چوارڕای ئازادی شمشاڵی لێدەدا و خەڵکیش پووڵی بۆ فڕێ دەدەن." موهەندیس جەواد مەنسوورپوور، شارەداری ئەوکاتەی مهاباد، گوتی: "چی لێ‌بکەم ئەخە؟ وەڵڵاهی پیاوم بە ماشێنەوە بۆ ناردۆتە بۆکانێ کوتوومە لێرە ماڵ‌وحاڵی بۆ پێک‌دێنم و هەتا مردن حقووقی بۆ دەبڕمەوە بەشەرتێک دەست لەو سواڵ‌ و لەسەر خەیابان دانیشتنەی هەڵگرێ، کوتوویە لە هیچ‌کوێ وەک ئێرەم بۆ ناگوزەرێ!" 
دوو: هاوین یا پاییزی ساڵی ١٣۷٨ پێوە بووین ئێوارەکۆڕێکی فۆلکلۆری لە ساڵۆنی ئیدارەی ئیڕشادی مهاباد بەڕێوە ببەین. بە نێوی کۆمیتەی فۆلکلۆری ئەنجومەنی ئەدەبیی مهاباد چووینە بۆکان، بۆ ماڵی مامە قالە، هەتا لێی بگێڕینەوە. نازانم چۆن بوو باسەکەی هێنایە سەر شمشاڵ لێدانی بە پووڵ. گوتی: "قەدەری ئەولای لە تارانێ بەرنامەمان بووە، لەوسەری لەگەڵ ئاغای سپێهری [مودیر کوللی ئیدارەی ئیڕشادی ئازەربایجانی غەربی] هاتینەوە ڕەزایەی. لە فرودگایە‌ڕا بردینێوە بۆ ئیدارەی ئیڕشاد، لەوێ پێی‌کوتم لەگەڵ برادەران قسەم کردووە دیوێکت دەنێ خەڵکی تێدا فێری شمشاڵی کە و مانگەومانگیش پووڵی خۆت وەرگرە و دەست لەو قاوەخانە و کووچە و کۆڵان چوونەی هەڵگرە. ئەمنیش پێم کوت ڕەبی ماڵت ئاوەدان بێ، ئەما بەو خودایەی ئەمن حاڵەتێکم هەیە، بە میلوێنی ئێوە برسیم و بە تمەنی ئەو خەڵکەی تێرم!"
ئەو وەڵامانەی مامە قالە دەریدەخا مانای ژیان و فەلسەفەی هونەر لای ئەو، دەکەونە ئەودیوی سنووری بەها ماددی‌یەکانەوە؛ لە ناخی ئەو مانا و فەلسەفەیەدا سێ دیاردەی "نیشتمان" و "کورد" و "شمشاڵ" وایان جێ‌گرتبوو کە هیچ بەهایەکی ماددی _ با زۆریش گەورە بوایە_ نەیدەتوانی خۆی بەباڵای بگرێ.
ئەو کورتەباسە بۆمان دەردەخا ئەو کەسانەی هونەر، مانای ژیان و ئەرکی کۆمەڵایەتی بە هاسانی دەخەنە تای تەرازووی هەر بەهایەکی ماددییەوە، دوورن لە دەرکی مانای ژیان و فەلسەفەی هونەری مامە قالە. بۆیە ناتوانن لە بازنەی خوێندنەوەی ڕواڵەتی ژیان دەرباز بن. دیارە لێرەدا نابێ لەبیرمان بچێ کە بە چاوی ڕێزەوە تەماشای بەرپرسی وەک موهەندیس مەنسوورپووری کوردپەروەر و ئاغای سپێهری دڵسۆز بکەین کە پارێزەری کلتووری کۆمەڵگان و دەبێ دوعا بکەین خوا بیانپارێزی و هاوتایان زۆر بێ.