Skip to main content

دەزگاى ئیتلاعات هەڕەشە لە بنەماڵەى چالاکانى سیاسى و پێشمەرگە دەکات

دەزگاى ئیتلاعات هەڕەشە لە بنەماڵەى چالاکانى سیاسى و پێشمەرگە دەکات
تا ئێستا دەیان کەس لە بنەماڵەى چالاکڤانان و سیاسییەکان کێشراونەتە ئیتلاعاتى شارەکان بۆ لێپرسینەوە!
ئامادەیی پێشمەرگە لە نێو ڕۆژهەڵات کاریگەرى لەسەر ئەم هەڕەشانەى ئیتلاعات هەیە
posted onAugust 14, 2018
nocomment

 

وەزارەتی ئیتلاعاتی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتێکی بانگهێشتکردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و پێشمەرگەیان دەست پێ کردووە.

 

لقەکانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە لە کوردستان کە بۆ هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێکی دژە ئینسانی تەواو دەستیان ئاوەڵایە و دوای ئەوەی بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگە و بەندکراوانی سیاسی بانگهێشتی ئەو ناوەندە دەکەن  و سەبارەت بە جێگا و شوێنى ژیان و دۆخی گوزەرانى کچ و کوڕەکانیان پرسیاریان لێ دەکەن، پێیان دەڵێن "دەبێ بە منداڵەکانتان بڵێن بێنەوە ئەگەرنا هەر شتێکیان بۆ هاتە پێش ئەوە بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی خۆیانە".

 

ئەندام بنەماڵەیەکی پێشمەرگە کە بانگهێشتی ئیتلاعات کراون، بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى گوت "ئیتلاعات بە منی گوتووە دەبێ بچن منداڵەکەتان بێننەوە، پێی بڵێن ئێمە کارمان پێی نابێ، ئەگەر ناشهێتەوە با هەرلەوێ بە پێی توانا هاوکاریمان بکات و ئێمەش لەو دۆخە ئابووریە خراپەی هەرێم هاوکاری دەکەین".

 

لە لایەکی دیکەوە ئیتلاعات دەستى کردووە بە بانگکردنی بەندکراوانی سیاسی پێشوو و ئەو کەسانەی کە پێشوتر پێشمەرگە بوون و ئێستا بە هەر هۆیەک گەڕاونەوە و ئەم ڕێژەیەیش هەتا دێت زیاتر دەبێت. سەرچاوەیەکی دیکەى ئاڤاتودی لە مەهاباد ئەوەى ئاشکرا کرد کە کەسێک بە نیوی "موجتەبایی" کە جێگەی "ساعیدی" بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی مهابادی گرتووەتەوە، لە ئازار و ئەزیەت و بانگکردنی بنەماڵەی چالاکان و بەندکراوانی سیاسی پێشوو  و کەسوکاری پێشمەرگە دەستێکى گەورەى هەیە و بە بیانووی جۆراوجۆر و خەڵکی مەهاباد بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە دەکات.

 

شایانی باسە سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە دوو ساڵی ڕابردودا چەندین چالاکوان و کادر و پێشمەرگەی رۆژهەڵاتیان لە شارەکانی باشووری کوردستان و لە ڕێگای سیخوڕەکانیانەوە تیرۆر کردووە. تەقینەوەی بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان و شەهید بوونی ٥ پێشمەرگەی ئەو حیزبە، تیرۆرکردنی سەباح رەحمانی ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و تیرۆرکردنى قادر قادری فەرماندەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە نوێترین کردەى تیرۆریستیشدا شەهیدکردنی ئیقباڵ مورادی بابی دوو زیندانى سیاسى لە نێو زیندانەکانى کۆمارى ئیسلامى لە پێنجوێنى هەرێمى کوردستان، نوێترین قوربانیانی دەستى وەزارەتی ئیتلاعاتن.

 

لە ماوەى ڕابردوودا بە ئامادەیی پێشمەرگەی چەند حزبێکى ڕۆژهەڵات لە نێوخۆى ئێران و چەندین جار تێکهەڵچوون و کوژرانى دەیان ئەندامی سوپای پاسداران و شەهیدبوونى چەندین پێشمەرگە، وەزارەتى ئیتلاعات و سوپاى پاسداران زیاتر کەوتوونەتە هەڕەشە و گرتن و ئازاردانى چالاکڤانان و ئەندامانى بنەماڵە سیاسییەکانى نێو ڕۆژهەڵاتى کوردستان.