Skip to main content

ڕابێرت گیتس: بە چوونەدەرەوەی ئەمریکا تاڵیبان ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە

ڕابێرت گیتس: بە چوونەدەرەوەی ئەمریکا تاڵیبان ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە
AvaToday caption
posted onMay 12, 2019
nocomment

 

ڕابێرت گیتس وەزیری بەرگری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کاناڵی هەواڵی سی.بی.ئێس گووتی چوونەدەرەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەبێتە هۆی دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو وڵاتە لە لایەن تاڵیبان.

 

گیتس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد مەترسییەکی جدی هەیە لە ئەگەری چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریکاییەکان لە ئەفغانستان سیناریۆیەکی هاوشێوەی سیناریۆی ڤیتنام دووپات ببێتەوە. سیناریۆیەک کە بووە هۆی هاتنەسەرکاری کۆمۆنیستەکان لەو وڵاتە. ئەمریکا پێویستە پێش چوونەدەرەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان لەوە دڵنیابێت کە دەوڵەتی ئەفغانستان سەقامگیر بووە.

بە گووتەی گیتس یەکێک لە ئاسەوارەکانی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئەفغانستان، لەژێرپێنانی مافی ژنانی ئەو وڵاتە دەبێ لە لایەن تاڵیبانەوە. لە کاتی دەسەڵاتداری تاڵیبان لەسەر ئەفغانستان پێش لە ساڵی ٢٠٠١ زایینی ئەو گرووپە یاساکانی تووندوتۆڵی شەریعەتی ئیسلامی لە سەر ژیانی خەڵک و بە تایبەت ژنان دانابوو. تاڵیبان بەم دواییانە گوتویەتی ئەوان ئیزنی ژنان دەدەن بچنە قوتابخانە و کار بکەن.

ئەمریکا لە ئەفغانستان

ڕابێرت گێتس بە ئاماژەدان بەوە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاڵیبان دەبێ لەسەر ئەو بنەمایە بێ کە ئەو گرووپە ببێ بە بەشێک لە دەوڵەتی کابول گووتی "ئاخۆ ئێوە ڕێککەوتنێک دەخەنە بەر وتووێژ کە تێیدا تاڵیبان قەبوڵی بکات لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیدا کار بکات و بەشێک لە ڕەوتی سیاسی بن یاخود نا؟ ئەوە پەیوەندی بە ئەفغانییەکانی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا ئەو گۆڕانکاریانە بە کردەوە جێبەجێ بکەن".

شەشەمین خوولی گفتوگۆکانی خەلیلزاد نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی گرووپی تاڵیبان لە قەتەر پێنجشەممەی ڕابڕدوو کۆتایی پێ هات. خەلیلزاد لە هەڵسەنگاندنی ئەو خوولەی دانوسانەکان گوتویەتی پێشکەوتن هەیە بەڵام دانوستانەکان بەردەوامن. ئێستا نیزیکەی ١٢ هەزار سەربازى ئەمریکا لە ئەفغانستانن کە لە شەڕی دژی تاڵیبان هاوکاری ئەرتەش و پۆلیسی ئەفغانستان دەکەن. سەرەڕای ئەوە تاڵیبان داوای لە ئەمریکا کردووە پێش لە هەر جۆرە ئاگربەستێک لە ئەفغانستان، هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە. داوایەک کە هەتا ئەمڕۆ ئەمریکا ڕەتی کردووەتەوە.