Skip to main content

سیستەمێکی موشەکی و دووەم کەشتی شەڕی ئەمریکا ڕوو لە کەنداوی فارسە

سیستەمێکی موشەکی و دووەم کەشتی شەڕی ئەمریکا ڕوو لە کەنداوی فارسە
AvaToday caption
posted onMay 11, 2019
nocomment

 

پاتریک شاناهان، سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕۆژی هەینی جەختی لەوە کردەوە واشنتۆن سیستەمی بەرگری موشەکی پاتریۆت دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە لایەکی دیکە واشنتۆن کەشتی شەڕکەری ناسراو بە "ئارلینگتۆن"ـى بۆ کەنداوی فارس نارد بۆ ئەوەی لەگەڵ کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن کەوێت.

 

واشنتۆن لە ڕۆژانی ڕابڕدوودا جموجوڵە سەربازییەکانى خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەت کەنداوی فارس زیاد کردووە و هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی هەڕەشە لە لایەن ئێرانەوە ڕاگەیاندووە. بانگەشەیەک کە ئێران بە بێ بنەمای دەزانێت. بەرپرسێکی ئەمریکایی کە نەیویستووە ناوەکەی بڵاو بکرێتەوە بە هەواڵدەری ڕۆیتەرزی گووت ناتوانێ قسە لەسەر ڕێژەی ئەو موشەکە پاتریۆتانە بکات کە نێردراون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

سیستەمی بەرگری موشەکی پاتریۆت، بۆ لێدانی موشەکی ئاراستەکراو بۆ بنکە و خاڵەکان بە کار دێت. ناردنی سیستەمی موشەکی پاتریۆت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێ کە پنتاگۆن چەند مانگ پێش ژمارەیەک لەم سیستەمانەى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کشاندبووەوە. لە لایەکی دیکە ئەمریکا دووەمین کەشتی شەڕکەری خۆی بە ناوی "یو ئێس ئێس ئارلینگتۆن" کە بە تایبەت بۆ ناردنی ئامێری ڕاگواستنی ئاوی و سەرزەوی بە کار دێن، ناردووە بۆ کەنداوی فارس. وابڕیارە ئەو کەشتییە شەڕکەرە لەگەڵ کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن کەوێت.

ئەمریکا چوار بۆمبهاویژی بی ٥٢ى ناردووە بۆ بنکەی سەربازى وڵاتەکەی لە قەتەر، دوایین جار کە ئەمریکا کەڵکی لەو بۆمبهاوێژانە وەرگرت شەڕی ئەفغانستان و عێراق بووە. جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە پەنا زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران نیگەرانییەکان لە ڕوودانی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا زیاد کردووە.