Skip to main content

ئەمریکا بە تەمای گەمارۆخستنە سەر کەرتی پترۆشیمی ئێرانە

ئەمریکا بە تەمای گەمارۆخستنە سەر کەرتی پترۆشیمی ئێرانە
AvaToday caption
posted onMay 6, 2019
nocomment

 

پێگەی هەواڵ و شرۆڤەی ئەکسیوسی ئەمریکا، لە زمان دوو دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە نووسیویەتی دەوڵەتی ترامپ بە تەمایە ئەو حەفتەیە گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی. ڕۆژنامەی ئابوری واڵ ستریت ژورناڵی ئەمریکا نووسیویەتی "ئەو گەمارۆیانە دەخرێنە سەر بازرگانی پترۆشیمی". وردەکاری ئەو گەمارۆیانە ڕۆژی چوارشەممە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام بڵاو دەبێتەوە.

 

لە درێژەی ڕاپۆڕتی ئەکسیوسدا هاتووە گرینگی ئەو گەمارۆیانە بۆ دەوڵەتی ترامپ پێشگرتنە لە دەستوێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوەی پارەى کاش و هەروەها کەمبوونەوەی ڕەگە ئابورییەکانی ئەو وڵاتە. ئەو دوو دەسەڵاتدارە سیاسییەی دەوڵەتی ترامپ ئاماژەیان بە کاریگەری ئەو گەمارۆیانە کردووە و گووتویانە: کاتێک دەستی ئێران لە سەرچاوە ماڵییەکانی دوربێتەوە ئەوان ناچار دەبن بێنە سەر میزی وتووێژ و ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا بکەن.

لە درێژەی قسەکاندا گووتویانە کۆماری ئیسلامی بەو شێوە لەگەڵ قەیرانی دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی بۆ ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ خەسارەتەکانی لافاو و هێرشی کوللە ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەو دوو دەسەڵاتدارە ئەمریکاییە بە قەیراناوی ناساندنی دۆخی ئابوری ئێران و ئاماژەدان بە چوونەدەرەوەی کۆمپانیا گەورە ئەوروپاییەکان و کەمبوونەوەی سەرمایەی دەرەکی لەو وڵاتە گووتویانە لە دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، سیستەمی ئێران بەرەو داڕمانی ئازاد ڕۆیشتووە.

بە گووتەی ئەوان لە مانگی بەفرانبار تا مانگی خاکەلێوەى ئەمساڵ، ئێران تەنیا یەک ڕێککەوتنی سەرمایەگوزاری بۆ درووستکردنی پاڵاوتگەی پترۆشیمی لە خوزستان لەگەڵ چین واژوو کردووە. لە کۆتایی ئەو ڕاپۆڕتەدا لە زمان ئەو دوو دەسەڵاتدارە ئەمریکاییە هاتووە کە "ئەگەری هەیە سیستەمی ئێران بە کاری پێشبێنینەکراو وەڵامی ئەو دۆخە بداتەوە و هەر بۆیە ئێمە لە ئەمریکا چاوەدێرییە ئەمنییەکانمان تووندوتۆڵتر کردووەتەوە".

پترۆشیمى