Skip to main content

بناژۆخوازەکانی ئێران هەڕەشەی لێدان لە کەرتی نەوتی عەرەبستان دەکەن

بناژۆخوازەکانی ئێران هەڕەشەی لێدان لە کەرتی نەوتی عەرەبستان دەکەن
AvaToday caption
posted onApril 14, 2019
nocomment

 

سەعدوڵا زارعی لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی کەیهانی سەر بە باڵی بناژۆخواز و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ "دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا ئامانجی ئابووری هەیە" و داوا دەکات بە تۆڵەی ئەم کارە، هێڵی نەوتی عەرەبستان لە دەریای سوور و کەنارەکانی ڕۆژئاوای عەرەبستان بکرێنە ئامانج.

 

زارعی لە وتارەکەیدا بانگەشەی ئەوە دەکات سوپای پاسداران گرینگترین هۆکاری مانەوەی قەوارە و ژێرخانە ئابوورییەکانی ئێرانە سەرەڕای ئەو هەموو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئەو وڵاتە. زارعی پێشنیار دەکات بە تۆڵەی ئەو کارە لە بواری ئەمنیەتی هەڕەشە بکەن بەڵام بە کردەوە خەسار بە بەرژەوەندی ئابوورییەکانی ئەمریکا و داردەستەکانی لە ناوچە بگەیەنن.

بە گووتەی نووسەری کەیهان پێویستە قازانجە ئابورییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچە لە ساڵی داهاتوو بە سفر بگات و جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێ سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بەسفرگەیاندنی هەناردەی نەوتی عەرەبستان ببێت.

ئەو چالاکە سیاسییە بناژۆخوازە بە ڕاگەیاندنی ئەوەی هەناردەی نەوتی عەرەبستان لە گەرووی هورمز  بۆ هاوبەشە ئابورییەکانی ئێرانە، داوا دەکات هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە دەریای سوور و کەنارەکانی ڕۆژئاوای عەرەبستان بکرێتە ئامانج کە ئامانجەکەیان ئەوروپایە.