Skip to main content

ئەمریکا گەشتى هاووڵاتییەکانی بۆ تورکیا و ئێران سنووردار دەکاتەوە

ئەمریکا گەشتى هاووڵاتییەکانی بۆ تورکیا و ئێران سنووردار دەکاتەوە
AvaToday caption
posted onApril 13, 2019
nocomment

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکانى بۆ هاووڵاتییەکانى بۆ گەشتکردن بۆ ئێران و تورکیا تووندتر دەکات، ئاماژەى بەوەش داوە "ئەگەرى کردەوەى تیرۆریستى لە هۆتێلەکانى تورکیا و شوێنە گەشتیاریی و بازاڕەکان هەیە".

 

ئەمەریکا لە ڕاگەیێنراوێکدا لەبارەى هۆشدارییەکانی بۆ هاووڵاتیانى خۆى ڕایگەیاندووە "لەپاڵ ئەو مەترسییانە، مەترسیی دەستگیرکردنى هەڕەمەکی هاووڵاتیان هەیە کە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە". لەبارەى ئێرانیش دەڵێت "مەترسییەکى گەورە بۆ ئەمەریکییەکان هەیە، کە ڕووبەرووى ڕفاندن و دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن ببنەوە".

لەو ڕاگەیێنراوە ئەلیکترۆنییەى وەزارەتى دەرەوەى واشنتۆن لە ماڵپەرى تایبەتى خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئێرانى بە "مەترسییەکى تووند" وەسف کردووە و، ئاستى مەترسییەکانیشى بۆ سنوورى (٤) بەرز بووەتەوە، بۆ تورکیاش ئاستەکەى لە سنوورى (٣) جێگیر کردووە. واشنتۆن داواشى لە هاووڵاتیان کردووە "چاوخشاندنەوەیەک بە بڕیارى گەشتکردن بۆ تورکیا بکەنەوەو، ڕەچاوى پرسى تیرۆر و دەستبەسەراگرتنى هەڕەمەکیش بکەنەوە".

گەشتى ئێران و تورکیە

هاوکات بۆ گەشتکردنى بەشێک لە ناوچەکانى تورکیا بە شێوەیەکى تەواوى قەدەغە کراوە، وەک ناوچە سنوورییە هاوبەشەکانى ئەنکەرا لەگەڵ عێراق و سووریا، ئەمریکا پێی وایە "هاووڵاتیان ڕووبەڕووى مەترسیی ڕفاندن و تیرۆر دەبنەوە". لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە "گرووپە تیرۆریستییەکان پلانیان داڕشتووە، ئەگەری هێرشێک لە تورکیا ئەنجام بدەن و، ڕەنگە بەبێ ئاگادارکردنەوەیەکى پێشوەختە تیرۆریستان هێرش بکەنە سەر ناوچە گەشتیاریی و، کەرتەکانى گواستنەوە و بازاڕو دامەزراوەکانى دەوڵەت و هۆتێل و ڕێستۆرانتەکان و، شوێنەکانى خواپەرستى و باخچەکان".

گەشتى تورکیە و ئێران

لەنێو هۆشدارییەکانى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا "چالاکییە وەرزشی و کلتووری و، دامەزراوەکانى دەوڵەت و فڕۆکەخانەکان و، چەند ناوچەیەکى گشتى دیاریی کراون". ئاشکراش کراوە "هێزەکانى ئاسایشى تورکیا  بە تۆمەتى پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، دەیان هەزار کەسیان دەستبەسەر کردووە، لە نێویاندا هاووڵاتیان ئەمریکی هەیە، کە سەرجەم بەڵگەنامەکانیانیش پاڵنەرى سیاسین".

دەشڵێت "ڕێگرى لەگەڕانەوەى هاووڵاتیانى ئەمریکى کراوە لە تورکیا دەربچن، هەروەها ڕەخنەگرتن لە حکومەتى ئەنکەرا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکى سەرەکییە بۆ دەستگیرکردن". لەبارەى ئێرانەوە دووپاتی دەکاتەوە "گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە هاووڵاتیان ڕووبەرووى دەستگیرکردن و ڕفاندن و دەستبەسەرکردن دەبنەوە".

هۆشدارییەکانیشى بۆ هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان بە ڕەچەڵەک ئێرانى گەورەتر کردووە، چونکە بە بۆچوونى خۆى "مەترسییەکى گەورەیە بۆ ژیانیان لەسەردانیکردنى ئەو وڵاتە". باس لەوەش دەکات "دەسەڵاتدارانى ئێران، بەبێ دادوەرى هاووڵاتیانى ئەمریکی زیندانى کردووە، لە نێویاندا قوتابیان، ڕۆژنامەنووسان و، بازرگانان و ئەکادیمییەکان، سەرجەمیان تۆمەتى سیخوڕیکردن وهەڕەشەکردن لەئاسایشى نەتەوەییان خراوەتە پاڵ".

هێماى بەوەش داوە "زۆر کات ڕێگرى لە کونسوڵخانەکان کراوە، سەردانى هاووڵاتیانى خۆیان بکەن".