چەند ڕۆژ لەمەوپێش بوو هەواڵی دەستدرێژیی سەر بەهارە کچۆڵەیەکی پێنجن ساڵانی ئەفغانی بڵاو بووەوە و کارەساتی یەکساڵ لەمەوپێشی ستایش، کچێکی تەمەن ٦ساڵی دیکەی ئەفغانی کە بە هۆی دەستدرێژی گیانی لە دەست دا، بیر هەمووانى خستەوە.
بەهارە و ستایش دوو نموونەن وەک نیشاندەرى دۆخی کۆمەڵگایەکی نەخۆش کە بەسەرهاتیان بە یارمەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە.
بەڵام دەستدرێژی سێکسی لە ئێران بە هۆی نەبوونی یاسایەکی ڕاشکاو و متمانەپێکراو، خەریکە لە شوێنێکیتر و بە شێوەیەکیتریش سەر هەڵدەدا و پەرە دەستێنێت. دەستدرێژییەکان بە هۆى متمانە و سادییی کچانی بێبەری لە ڕاهێنانێکی بنەڕەتی و پەروەردەیەکى دروست لەم بوارەدا ، کێشەی گەورەتری پێک هێناوە. چەندین ساڵە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی کچانی خوار تەمەن ۱٦ ساڵ لە کاتی سێکس لە گەڵ ئەو کوڕانەی کە هەڵیانخەڵەتاندوون، دەیان بنەماڵەى لێک هەڵوەشاندووەتەوە و بووەتە هۆی نەمانى متمانەی زۆرێک لە بنەماڵەکانیتر و زیندانیکردن و تەسککردنەوەى چوارچێوەى ژیانى کچان و ڕاگرتنیان لە قوژبنی ماڵەوە. وێنە و ڤیدیۆی ئەم کارەساتانە تەنیا لەبەر ناوزڕانی کچەکە و بنەماڵەکەیەتى کە لە دونیای مەجازی بڵاو دەبێتەوە و تا ئێستا کەس لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەم کارەساتانە نەکردووە.
یەکێک لە قوربانیانی ئەم کارەساتە لە شاری قوروەیە کە کچێکی ۱٥ ساڵانەیە و لەم بارەوە دەیگوت: "لە سەرەتادا کوڕەکەم خۆش دەویست و نەمدەزانی فێڵم لێ دەکات و وێنە و ڤیدیۆم لێ هەڵدەگرێت تا ئەو کاتەی کەوتمە بەر هەڕەشە و گوتی ئەگەر داخوازییەکانی جێبەجێ نەکەم ئەوا هەموو وێنەکانم بڵاو دەکاتەوە. منیش بۆ جێبەجێکردنی داخوازییە ناڕەواکانی، دەستم دایە دزیکردن لە بنەماڵەکەم و سەرەڕای ئەمانەش کەچى وێنەکانم بڵاو بوونەوە. ئێستاش بە تاوانی قوربانیبوون، لە قوژبنی ماڵەوماندا چاوەڕوانى داهاتوویەکی نادیارم".
بەداخەوە تا ئێستا سەدان وێنە و ڤیدیۆی کچانی هەڵخەڵەتاو بڵاو بوونەتەوە، کەچی هیچ یاسا و ناوەندێک نییە کە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم کارەساتانە و تاوانبارەکانی سزا نادرێن. لە وتووێژێکدا، یەکێک لە پارێزەران دەیگوت: "لە کاتی لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسییەگەلێکی لەم جۆرە، تەنانەت یاسا نەخۆشەکەی ئێستاش بە دروستی بەڕێوە ناچێت. ئەگەرچی بەڕاشکاوی لە یاسادا باس لەوە کراوە کە کاتێ کەسێک بەر لە تەمەنی یاسایی (واتە ۱٨ ساڵ) تووشی تاوانێک ببێت، نابێ وەک گەورە ساڵان حوکمی لە سەر بدرێت بەڵام لە ئاکاردا تاقی دەکەنەوە و ئەگەر کچەکە کە هێشتا تەمەنی ۱۳ یا ۱٤ ساڵەیە ، بەدڵی خۆی رازی بە وەها کارێک بووبێت وەک تاوانی زینا چاوی لێدەکرێت و حوکمی قامچى (شەلاق) بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر بەم بۆنەوە زۆرێک لە بنەماڵەکان جیا لە ترسی ئابڕووچوون، لەبەر نەبوونی پاڵپشتی یاسایی بەداخەوە بەدواداچوون ناکەن و زۆر جار بینیومانە کە کچەکەش لەنێو مەرگ و داهاتوویەکی نادیار، مەرگی هەڵبژاردووە و خۆی کوشتووە".
بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئێراندا هیچ ناوەندێکى فەرمی بۆ چاودێری و پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی قوربانیانی ئەم کارەساتانە و گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە نییە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر چ لەباری جەستەیی و چ لە باری دەروونی تووشی خەسار دەبنەوە.
مامۆستایەکی قوتابخانەیەکی شارى سنە گوتى: "تا ئێستا لە قوتابخانەیەکی ۳۰۰ کەسی زیاتر لە ۷ کچی ۱۳ و ۱٤ ساڵانمان بینیوە کە خەریکی فرۆشتنی مادەى هۆشبەرن. پاش تاقیکردنەوەی ئەم کارە و قسەکردنمان لەگەڵ ئو کچانە، بۆمان دەرکەوت کە پەیوەندییان لەگەڵ کوڕانی تەمەن سەرووى خۆیان هەیە و لە لایەن ئەو کوڕانەوە هەڵخەڵەتێنراون و بۆ قازانجی خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرن".
بە گشتی لە نەبوونى یاسایەکی متمانەپێکراو و رڕاهێنانێکی زانستی و بنەڕەتی لەم بوارە و پەروەردەیەکى تەندرووست و دامەزراوەیەکى فەرمی کە پێداچوونەوە لەسەر ئەم کارەساتانە بکات، هەتا دێت دۆخەکە خراپتر دەبێت و قوربانیانی ئەم دۆخەش کە کچانن ژمارەیان زیاتر و زیاتر دەبێت.
لە بەرامبەردا زۆرێک لە بنەماڵەکان و لەترسىى ئەو حاڵەتانەى سەرەوە، کچەکانیان لە کۆمەڵگە دوور دەخەنەوە و بە باشى کۆمەڵگە ناناسن و کێشەکان ناناسن و تا ئێستا ڕووبەڕووى کێشەى بچووکى ژیان نەبوونەتەوە، ئەمەش زۆرجار تووشی نەخۆشی قووڵی دەروونیان دەکات، چونکە ترس لە کۆمەڵگە کە بنەماڵە دەیخاتە دڵ و مێشکى کچانەوە، هۆکارە بۆ بارهێنانیان بە لاوازى و ناتوانن لە درێژەی تەمەنیاندا بەرەنگاری کێشە و نەهامەتییەکان ببنەوە.
بەداخەوە زۆرێک لە کاربەدەستانی دامەزراوە تەندرووستییەکان و وەزارەتى تەندرووستى کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەم رووداوانە هەیە، هەڵوێستێکی هەڵەشەیی و ناکامڵیان لەبەرانبەر قوربانیانی ئەم کارەساتانە هەیە و لە جیاتی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بەسووکی چاو لێ دەکرێن و بەردەوام برینەکەنیان دەکولێنرێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەو ڕێسا و یاسایەیە کە لە کاتی هەڵبژاردنی کاربەدەستانی دامەزراوە فەرمییەکان بەڕێوە دەچێت و شارەزایی وتوانایی ئەو کەسانە لەبەر چاو ناگیردرێت.
بۆیە دەبێ لە خۆمان پرسیار بکەین؛ لە ئاوا دۆخێکدا لە ژێر پێستی ئەم وڵاتە چەندەها قوربانی ئەم کارەساتانە لەنێو بازنەی مەرگ و ژیاندا دەخۆلێنەوە، دەکرێت چ بکرێت بۆ ئەوانەی کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر کە لەبەر پاراستنی ئابڕوویان لە کۆمەڵگەیەکى نەریتی و نەخۆش بێدەنگیان هەڵبژاردووە؟ چ کراوە بۆ ئەوانەى کە لەبەرامبەر مەترسی دەستدرێژیدان؟!
لە کاتێکدا کە هەڵوێستی دەسەڵات وەک هەمیشە حاشاکردن و گرینگینەدان بەو کارەساتانەیە، ئایا ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆمەڵگەى مەدەنى و چالاکانی مەدەنی ئەرکی سەرشانی خۆیان لەبەرانبەری قوربانیانی ئەم کارەساتانە جێبەجێ دەکەن؟!