Skip to main content

٦٠٠ منداڵ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان

 ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە ژنانی دووگیان لە بەر خراپى دۆخى بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران منداڵەکانیان لەبار دەچن
بە پێی ئامارە بڵاو کراوەکان لە سەرەتایی ساڵی نوێی کوردییەوە واتە لە نەورۆزی 2718ـی کوردی تا هەنووکە، زیاتر لە 600 منداڵ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان، لە کاتێکدا ئەو منداڵانە بێ تاوانن و لەگەڵ دایکە تاوانبارەکانیان بەند کراون.
posted onJune 9, 2018
nocomment


سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی، ژمارەى ئەو منداڵە بەندکراوانە بە 600 منداڵ هەژمار دەکات، کەچى بە پێى ئاماری ڕێکخراوە سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕێژەى ئەو منداڵانە زۆر زیاترە.

 

کۆمارى ئیسلامى ئێران، ژمارەى منداڵانی بەندکراوی لە ساڵی ڕابردوو بە 2300 منداڵ ڕاگەیاند، بەڵام بە پێی ئامارە بڵاو کراوەکان ڕێژەی منداڵانی بەند کراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 3000 هەزار منداڵ تێپەڕیوە. بە پێی ئەو ژمارەیەى کە لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان بڵاو کراوەتەوە، ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، بە بوونى زیاتر لە 226000 بەندکراو (بە تاوانی جیاواز)، لە پلەى هەشتیەکى ڕیزبەندی وڵاتانی جیهاندایە بۆ زۆرترین ژمارەى بەندکراو.

 

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین بەندکراوى ژن لە نێو بەندیخانەکانیدایە، بە پێی ئاماری ناوەندی CPR، ساڵی ڕابردوودا ژمارەى ژنانی بەندکراو زیاتر بوو لە  7000 کەس و ژمارەى ئەو منداڵانە بێ تاوانانەى کە لەگەڵ دایکە تاوانبارەکانیان بەند کراوبوون زیاتر بوو لە 3000 منداڵ.

 

جیا لەو ئامارانەش ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە ژنانی دووگیان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەبەر خراپى دۆخى بەندیخانەکان و پێڕانەگەیشتن پێیان زۆرێک لەو ژنە دووگیانانە منداڵەکانیان لەبار دەچن.

 

بەپێی بەندی 65 یاسایی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ساڵی 2001ـی زایینی سەبارەت بە بەندکراوان لە بەندیخانەکانی  ئەو وڵاتە پەسەند کراوە، تەنیا منداڵانی خوار تەمەن 2 ساڵ دەتوانن لە گەڵ دایکە تاوانبارەکانیان بمێننەوە و منداڵانی سەرووی 2 ساڵ دەبێت لە دایەنگە و ناوەندەکانی تایبەت بە پەروەردەکردنی منداڵاندا بن، کەچى ئەم یاسایە جێبەجێ ناکرێت و ساڵانە ئاماری ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵانی سەرووی دوو ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕژیمدا بڵاو دەکرێتەوە و جیا لەو منداڵانەی کە تەمنیان لە خوار  18 ساڵە و لە سێدارە دەدرێن یان لە ژێڕ ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست دەدەن.