Skip to main content

بەرپرسێکى گەورەى مووساد: نەتانیاهۆ فەرمانى هێرشکردنە سەر ئێرانى دەرکردبوو

وێنەى بەڕێوەبەرى پێشووى مووساد لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆى سەرۆکوەزیرانى ئێستاى ئیسرائیل
وێنەى بەڕێوەبەرى پێشووى مووساد لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆى سەرۆکوەزیرانى ئێستاى ئیسرائیل
بڕیار وابوو ئیسرائیل لە ساڵى ٢٠١١ لە ئێران بدات!
posted onMay 31, 2018
nocomment

 

جێگری سەرۆکى پێشووى مووساد گوتى، هەر ئەو ساڵەى کە عەلى خامنەیی ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى ڕازى بوو بە گفتوگۆ  لەگەڵ عەمان، بنیامین نەتانیاهۆ فەرمانى هێرشى سەربازى بە ئێرانى دەرکردبوو، بەڵام پەشیمان بووەوە.

 

جێگرى پێشووى مووساد ئەم قسانەى خۆى لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى لە ئیسرائیل گوت کە بنیامین نەتانیاهۆى سەرۆکوەزیرى ئیسرائیل، ساڵى ٢٠١١ى زایینى فەرمانى بە سوپاکەى کردبوو کە لە ماوەى ١٥ ڕۆژ ڕێوشوێنى هێرشى سەربازى بۆ سەر ئێران جێبەجێ بکەن. (تامر پاردۆ ـ Tamir Pardo) لە بەرنامەى "ئەودا" کە شەوى چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە واتە ٢٩ لەسەر ٣٠ مەى واتە ٩ى جۆزەردان (خرداد) لە تەلەفزیۆنى (کۆشت) بڵاو بووەوە، گوتى بنیامین نەتانیاهۆ ساڵى ٢٠١١ فەرمانى بە سوپاى ئیسرائیل کرد بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵا بە هۆى "ڕاهێنانێک'ـەوە ئەم بڕیارە هەڵوەشایەوە.

وێنەى ڕووبەرگى کتێبى ڕاپەڕە و سەرەتا بکوژە لەگەڵ نووسەرەکەى!

 

ئۆفیسى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل لەبارەى ئەم قسانەى سەرۆکى پێشووى مووسادەوە تا ئێستا هیچ قسەى نەکردووە. یەهود باراکى سەرۆکوەزیرانى پێشووى ئیسرائیل ماوەیەک بەر لە ئێستا ڕایگەیاندبوو کە نەتانیاهۆ لە ساڵەکانى ٢٠١٠ و ٢٠١١ هەوڵى دابوو بوارى هێرشکردنە سەر ئێران خۆش بکات، بەڵام بەرپرسە باڵاکانى ئیسرائیل پەشیمانیان کردبووەوە لەم بڕیارەى. تامر پاردۆ لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکەدا گوتى سەرۆکوەزیرى ئیسرائیل داواى ڕوانگەى ڕاوێژکارى یاسایی موسادى بۆ هێرشکردنە سەر ئێرانى کردبوو، بەڵام ئەم سەرۆکەى پێشووى مووساد باسى ڕوانگەى ڕاوێژکارەکەى نەکرد کە چ وڵامێکى دابووەوە بە سەرۆکوەزیرى ئیسرائیل.

 

ساڵى ڕابردوو (ڕۆنین بێرگمان ـ Ronen Bergman)ـى ڕۆژنامەنووسى ئیسرائیل لە کتێبێک بە ناوى (ڕاپەڕە و سەرەتا بکوژە ـ Rise and Kill First)، بانگەشەى ئەوەى کردبوو کە تەل ئەبیب پلان و نەخشەى هێرشى ئاسمانى بۆ ئێران کێشابوو. لە کتێبەکەدا نووسراوە کە تامر پاردۆ بووەتە هۆى ئەوەى کە نەتانیاهۆ پەشیمان بێتەوە لە هێرشەکە. تامر پاردۆ لەو بڕوایەدا بوو کە هێرشکردنە سەر ئێران یا هەوڵدان بۆ گۆڕینى حکومەت لە ئێران هیچى لێ سەوز نابێتەوە، بەڵکو کۆمارى ئیسلامى بۆ وەستاندنى بەرنامە ئەتۆمییەکەى، پێویستە لە لایەن نێودەوڵەتییەوە پاڵەپەستۆى بخرێتە سەر.

 

عەلى ئەکبەر ساڵحى کە وەزارەتى دەرەوەى ئێرانى لە ساڵى ١٣٨٩ تا ١٣٩٢ى هەتاوى (٢٠١٠ تا ٢٠١٣) بە دەستەوە بوو، ڕایگەیاند کە لە هەمان ساڵى ٢٠١١ کە ئەم گۆڕانکارییانە ڕووى دەدا، عەلى خامنەیی ڕەهبەرى کۆمارى ئیسلامى ڕێگەى دا بە دەستپێکى گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا. مەحمود ئەحمەدى نژادى سەرۆکوەزیرانى پێشوو کە لەگەڵ گفتوگۆ لە عەمان ڕازى نەبوو، گوتبووى "ئەم کارە مەترسیدارە و ڕەنگە ئێوە سەر نەکەون".