Skip to main content

منداڵانی کار حەزیان لە خۆکوشتنە

منداڵانی کار حەزیان لە خۆکوشتنە
منداڵانى کارى کچ بیر لە ڕێگەى مەترسیدارتر لە کوڕان دەکەنەوە بۆ خوکوشتن
posted onMay 27, 2018
nocomment


هادی شەریعەتی، چالاکوانی مافەکانی منداڵان دەڵێ "دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە لەسەر ٧٥ منداڵی کار کراوە دەری دەخات ٥٠ کەس لەو منداڵانە حەزیان لە خۆکووشتنە".
چەند ساڵ بەر لە ئێستا، چالاکوانانى بوارى منداڵان، ڕاڕا و نیگەرانى ئەوە بوون کە مەبادا منداڵانی کار تووشى نەخۆشەیلى واگیر و ڤایرۆس و کێشەى جەستەیی ببنەوە، بەڵام ئەوڕۆ کێشەی قوڵتر زەینی ئەو چالاکانەیان بەخۆوە سەرقاڵ کردووە. ئەو  برینانەی کە وەک خورە ڕۆحی ئینسان دادەخورێنێت، بە هۆی کاریگەریی کێشە کۆمەڵایەتییەکان هێندەى دیکە قووڵ و کەس نازانێ لە پشت ڕوانینەکانی ئەوانەوە چ شتێک خۆى مەڵاس داوە.
لە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیدا کە لەسەر ٧٥ منداڵی خاوەن دۆسیەی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە لایەن ناوەندە جۆراوجۆرەکانەوزە کراوە، دەرکەوتووە ٥٠ کەس لەو منداڵانە لە نێوان هیوا بە ژیان و هەڵبژاردنی مردندا، زیاتر حەزیان لە مردنە و هەر لەنێو ئەو ٧٥ کەسەدا ١٥ کەسیان ئەزموونی پەنایان بۆ خۆکووژى بردووە.
شەریعەتی سەبارەت بەشێوەکانی خۆکووشتن لە نێوان منداڵانی کاردا دەڵێ "هەوڵە خۆکووژییەکان وەک خۆکوژییە باوەکانى وەک خۆسوتاندن و ژەهرخواردن نییە، چەند کەس لەو منداڵانە گوتویانە چەند جار ویستویانە خۆیان فڕێ دەنە بەر ئۆتۆمبێل و کۆتایی بە ژیانیان بێنن. چەند منداڵی دیکەش گووتوویانە کە هەوڵیان داوە لەسەر پێڕۆ و وێستگەى نێو میترۆ یا شەمەندەفەر ڕا خۆمان فڕێ بدەنە پێش شەمەندەفەر و بەو جۆرە خۆیان بکوژین، بەڵام هەرجارەو یا پەشیمان بوونەتەوە یاخود سەرکەوتوو نەبوونە".
هەر بە پێی قسەکانی ئەو چالاکوانەی مافەکانی منداڵان، هەژاری، کۆچ، تێکچوونی شیرازەی بنەماڵە، ژیان لە نێو گەرەکی سارد و پڕ لە توندوتیژی، ئێرەیی بە ژیانی منداڵانی خۆشبژێوتر و دەستبەسەر کران لە لایەن بێهزیستی و شارەوانی و ناردنیان بۆ ئەو شوێنانەی هیچ ستاندردێکی ژیانیان نییە، لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ و ترسی منداڵان و حەزى زیاتر بە خۆکووشتن.
ناوبراو باسی لە خاڵێکی سەرنجڕاکێشیش دەکات و دەڵێ وادیارە حەز بە خۆکووشتن لە نیوان منداڵانی کچدا زیاترە.  شەریعەتی دەڵێ "حەزی خۆکووشتن لە نێو کچان زۆرترە لە هى کوڕان و تەنانەت بیر لە شێوازی خۆکووشتنی مەترسیدارتریش دەکەنەوە".  ناوبراو لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێ: ئێمە نەماندەتوانی زۆر بە ڕوونی بپرسین بۆچی حەزیان لە خۆکووشتنە بەڵام  بۆ وێنە دەمانپرسی تا ئێستا کارێکی مەترسیدارتان کردووە؟ یەکێک لەوان کە کچۆڵەیەک بوو دەیگووت دەمویست خۆم لەسەر سەکۆى مێتڕۆ فڕێدەمە پیش شەمەندەفەر. ئەو شێوازانەی کە کچەکان باسیان دەکرد زۆر لە شێوازی کووڕەکان مەترسیدارتر بوون.