Skip to main content

بەشار ئەسەد هۆشداری دایە کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان

بەشار ئەسەد هۆشداری دایە کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان
AvaToday caption
posted onFebruary 18, 2019
nocomment

 

ڕۆژی ٢٨ ڕێبەندان بەشار ئەسەد سەرکۆماری سوریە لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا هۆشداری دایە کوردەکانی سوریە و گووتی "ئەمریکا ئێوە ناپارێزی" و ئەگەر نەچنە پاڵ حکومەتەکەی ئەوا دەبێ لە بەرامبەر تورکیەدا تەسلیم بن.

 

ئەسەد لە درێژەی قسەکانیدا گووتی ئەمریکا وەک کەرەستە چاو لە کوردەکان دەکا و لە ئێستاوە سەوداکردن لەسەریان دەستی پێ کراوە. دۆناڵد ترامپ مانگی ڕابڕدوو بە بڕیاڕێکی لەناکاو ڕایگەیاند کە سەربازەکانی لە سوریە دەکشێنێتەوە. ئەو بڕیاڕەی دۆناڵد ترامپ نیگەرانی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و زۆربەی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئەوروپایی هۆشداری ئەوەیان دا بە چوونەدەرێی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە بەستێنەکانی بەهێزبوونەوەی داعش پێک دێن.

بە چوونە دەری ئەمریکا لە سوریە گریمانە دەکرێت دەوڵەتی تورکیە هێرشێکی تووند بکاتە سەر کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان. ئەگەر چی دەسەڵاتدارانی ئەمریکایی بەڵێنی ئەوەیان بە کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان داوە کە لە بەرامبەر هێرشی تورکیە بیانپارێزن بەڵام دەوڵەتی تورکیە بەردەوامە لە هەڕەشە بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. بەشار ئەسەد لە قسەکانیدا ڕوو لە کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان گووتی جگە لە دەوڵەتەکەی ئەو، هیچ کەس هاوکاریان ناکات و گووتیشی ئەگەر ئەوان خۆیان بۆ پاراستنی سوریە ئامادە نەکەن دەبێ تەسلیمی تورکیە ببن. حلوسی ئاکار وەزیری دەرەوەی تورکیە ڕۆژی یەکشەمبە گووتی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک بەشی زۆریان کوردن و بە تیرۆریست ناوی بردن.

هێزەکانى ئەمریکا و هەسەدە

سێرگێی ورشینین، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کوردەکانی سوریە دەبێ دەگەڵ دیمەشق دەست بکەن بە دانوستان ئەویش بە هۆی ئەوەی ئەمریکاییەکان خەریکە لەو ولاتە دەچنە دەر. وێرشێنین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی ئێمە ئاگاداری کێشەی نێوان کوردەکان و دیمەشق هەین و پشتیوانی دانوستان دەکەین لە نێویاندا و گووتیشی ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەکە بوونی هەیە.

سیاسەتی کوردەکان لە هەشت ساڵی رابڕدوودا ئەوە بووە کە تا ئەو جێگەیە بۆیان دەکرێت خۆیان لە شەڕی نێوخۆیی سوریە بە دوور بگرن و هەوڵیان داوە کۆنتڕۆڵی جوگرافیای ڕۆژاوای کوردستان بە دەست بگرن. جیمز فرانکیلن جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریە ڕۆژی یەکشەمە گووتی ئەمریکا نیگەرانی ئەمنیەتی تورکیەیە بە تایبەت لە لایەن کوردەکانەوە و هەروەها گووتی واشنگتۆن نیگەرانی ئەوەیە ئەو کوردانەی لە شەڕی دژی داعشدا لە پەنای ئەمریکا بوون نابێ ئازار بدرێن.