یەکیەتیی ئەورووپا داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات دەستبەجێ هێڵەکانی ئینتەرنێت بۆ هاووڵاتییان بگەڕێننەوە و سەرکۆنەی هەر جۆرە توندوتیژییەک دژی خۆپێشاندەران دەکات. هاوکات پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیش دەڵێت، بڕینی ئینتەرنێت ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی سەرکوتکارییەکان.
ئەنوەر ئەلعەنوونی، گوتەبێژی یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، خەڵکی ئێران بۆ ژیانێکی باشتر داواکاریی ڕەوایان هەیە و هەر جۆرە توندوتیژییەک دژی خۆپێشاندانە ئاشتییانەکان ناپەسندە. داواشی لە تاران کرد ڕێز لە مافی ڕادەربڕین بگرێت و دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بۆ هەمووان دەستەبەر بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هانا نیومان، نوێنەری ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەورووپا، ڕایگەیاند بڕینی ئینتەرنێت کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو حکوومەت بۆ "شاردنەوەی توندوتیژی و تێکشکاندنی بەرگریی خۆپێشاندەران" بەکاری دەهێنێت. گوتیشی: "ئەم دۆخە بەواتای توندوتیژی و دەستگیرکردنی زیاترە؛ خێزانەکان لە بێ ئاگاییەکی تەواودا جێهێڵدراون و نازانن ئازیزانیان زیندوون یان لە زیندانەکاندان."
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە شەوی ڕابردووەوە هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، ئینتەرنێت لە ئێران بەتەواوی بڕاوە. ڕێکخراوی "نێت بلۆکس" پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندیی ئینتەرنێت لە تاران و زۆربەی شارەکان پچڕاوە. ئێستا دەستڕاگەیشتن بە ماڵپەڕە ناوخۆییەکانیش لەڕێگەی ڤی پی ئێن-ەوە لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەستەم بووە.