Skip to main content

تورکیا ڕۆنى زەیتونى عەفرین دەدزێت و دەیفرۆشێتەوە

تورکیا ڕۆنى زەیتونى عەفرین دەدزێت و دەیفرۆشێتەوە
AvaToday caption
posted onFebruary 11, 2019
nocomment

 

بە هۆى هەناردەکردنى ڕۆنى زەیتون بۆ یەکێتى ئەوروپاوە بەناوی بەرهەمى خۆماڵى، تورکیا ڕووبەرووى ڕەخنەیەکى تووند بووەتەوە، بەوەى کە ئەو ڕۆنەى هەناردەى دەکات، هی بەرهەمی ئەنکەرا نییە، بەڵکو لەشارى عەفرین لەباکوورى سووریاوە بە قاچاخ بردراوە.

 

بەو هۆیەوە دوو پەرلەمانتارى پەرلەمانى ئیسپانیا داواکارییەکیان پێشکەش کردووە، بۆ بانگهێشتکردنى حکومەتى ئیسپانیاو ئەنجومەنى ئەوروپا تا لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکات بەوەى "تا چەند ڕۆنی زەیتونی تورکیا لەخاکی سووریاوە بە قاچاخ بردراوە". لەلایەن خۆیەوە گۆڤارى (Olive Oil Times) تایبەت بە کەرتى زەیتون و بەرهەمەکانى لەسەرتاسەرى جیهان ڕایگەیاندووە "ڕەنگە ئیسپانیا ئەو ڕۆن زەیتونەى دەستکەوتبێت کە لەسەرى نووسراوە (لە تورکیا دروست کراوە)، بەڵام بە شێوەیەکى نایاسایی لەباکوورى سووریاوە دەستى بەسەردا گرتووە". هێماشی بەوە کردووە "ڕەنگە لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدرێت".

گۆڤارەکە لەسەر زارى بەکر باکدمیرلی، وەزیرى کشتوکاڵى تورکیا زانیارییەکانى پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام دەڵێت "دەست بەسەر ڕۆنى زەیتونى باکوورى سووریا گیراوە، بەڵام نازانێت کاروانەکان بەشێوەیەکى گشتى بەرەو کوێ چووە". هەردوو پەرلەمانتارەکەى مەدرید داواشیان لە وڵاتەکەیان کردووە "لێکۆڵینەوە لە مێژوو و قەبارەى ڕۆنى زەیتونی هاوردەکراوى تورکیا بکەن"، بە تایبەت لەمێژووى بەقاچاخبردنى ئەو ڕۆنە لە باکوورى سووریاوە.

زەیتوونى عەفرین

لەلایەن خۆیەوە بەرپرسى دەستەى چاودێریکردنى هەناردەکارى ئیسپانیا (SOIVRE) جەختى لەوە کردووەتەوە "دسەڵاتدارانى ئیسپانیا تەکنەلۆژیاى پێویستى لەبەردەست نییە بۆ دیاریی کردنى بنەڕەتى ڕۆنى زەیتونى هاوردەکراو".

دەشڵێت "ئێمە دەتوانین بەراورد لە نێو ڕۆنەکە بکەین، بەوەى تاچەند لەگەڵ پێوەرو تایبەتمەندییەکانى یەکێتى ئەوروپا دەگونجێت". یەکەم لایەنیش بلێسەى ئەو بابەتەى هەڵگیرساند، بێرنهارد گۆهل، ئەندامی پارتى پارێزگارانى دیموکراتییەکانى سویسرا بوو، کاتێک لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ کەناڵى فۆکس نیوزی ئەمریکا ئاشکراى کرد "گرووپە چەکدارەکان بە پاڵپشتى هێزە تورکییەکان، دەستیان بەتاڵانکردنى کێڵگەکانى زەیتونى شارى عەفرین کردووە لەباکوورى سووریا و، لەبازاڕەکانى ئیسپانیاش وەک بەرهەمى تورکی دەیفرۆشنەوە".

لە خاکی عەفرین لەسەر ڕووبەروێکى فراوان ڕۆنى زەیتون و سابوون بەرهەم دەهێنرێت، بە جۆرێک ژمارەى دارەکانى لەسەرووى ٢٠٠ ملیۆن دار دەبن، لە کۆتاییەکانى ساڵى ڕابردووش لە ڕێگەى دەروازەى چڵەى زەیتونی سنوورى لەگەڵ تورکیا دەستی بەکار کردووە، بۆ بەڕێوەبردن و بەدەستهێنانى داهات بووە.

داهاتى ساڵانەش لە ڕۆنى زەیتونى عەفرین لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان نزیکەى ٢٠٠ ملیۆن دۆلارى ئەمەریکییە. لەو بارەوەش ڕۆژنامەى PUBLICO ـى ئیسپانی ڕاپۆرتێکى لەبارەى دروستکردنى ڕۆنى زەیتون و گواستنەوەى بۆ تورکیا بڵاو کردووەتەوە.

زەیتوون تەکاندنى عەفرین

لە بەشێکى ڕاپۆرتەکەیدا باسى لەوە کردووە "تورکیا ڕۆنەکە دواى چارەسەرکردنى بۆ خاکەکەى دەگوازێتەوە، دواتریش مۆرى (دروستکراوى تورکیا) ـى لێدەدات و لە ڕێگەى کۆمپانیا دەڵاڵەکانى خۆیەوە ڕەوانەى بازاڕەکانى جیهان دەکات". لە ٢٠ کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ٢٠١٨ سوپاى تورکیا بەهاوبەشى لەگەڵ گرووپەکانى سوپاى سووریاى ئازاد، لە ئۆپەراسیۆنێکى سەربازیدا بەناوى (چڵەى زەیتون) هێرشیان کردە سەر عەفرین و داگیریان کرد. دەنگۆى دەستبەسەراگرتنى بێستانەکانى زەیتونى عەفرینیش لەلایەن تۆڕی سوورى بۆ مافى مرۆڤ و ڕێکخراوى برانهارد غوهڵى سویسرییەوە ئاشکرا کراون.

تۆڕەکەی سووریاش گووتی "لە ڕێگەى چەکدارانى هێزەکانى چڵەى زەیتون، هەزاران ئەمبارى ڕۆنى زەیتون لەعەفرین دزران و، لەبازاڕە جیاوازەکانیش فرۆشراون".

هاوکات ڕێکخراوە سویسرییەکەش باسى لەوە کردووە "بێستانەکانى زەیتونى عەفرین لە لایەن هێزە تورکی و گرووپە چەکدارە سوورییەکانەوە تاڵان کراون و ڕۆنە دزراوەکەش لەبازاڕى ئیسپانیا فرۆشراون". دووپاتی دەکاتەوە "تا ئێستاش بەردەوامن لەدزینى ئەو ڕۆنەو فرۆشتنى لە بازاڕەکان".