Skip to main content

بۆکان؛ تەقینەوەی کەرەستەی تەقەمەنی سێ ئەندامی خێزانێکی کوشت

بۆکان؛ تەقینەوەی کەرەستەی تەقەمەنی سێ ئەندامی خێزانێکی کوشت
posted onDecember 24, 2025
nocomment

لە ئەنجامی تەقینەوەی تەقەمەنی لە نێو ماڵێکدا لە شاری بۆکان، سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و کچێکی دیکەی هەمان خێزان بە سەختی بریندار بوو.
ڕووداوەکە لە ماڵێکدا ڕوویداوە کە تێیدا یارییە ئاگرینەکان کۆگاکراوە. لەو تەقینەوەیەدا، باوکێکی تەمەن ٤٤ ساڵ و دایکێکی تەمەن ٤٠ ساڵ دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ، بەهۆی سەختیی برینەکانیان گیانیان لەدەستدا. دوای ئەوانیش، کچە تەمەن ٢٠ ساڵەکەیان کە لە هەمان نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدا بوو، کۆچی دوایی کرد.
لە ڕووداوەکەدا، تەنیا کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی خێزانەکە ڕزگاری بووە، بەڵام ئەویش بەهۆی برینداری و لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەی، لە بارودۆخێکی تەندروستی و دەروونیی خراپدایە. تەقینەوەکە هێندە بەهێز بووە کە بووەتە هۆی تێکچوونی ٨٠٪ی خانوووەکە و زیانێکی زۆری بە دەوروبەریش گەیاندووە.
چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن کە پەنابردنی هەندێک خێزان بۆ کۆگاکردنی کەرەستەی مەترسیدار لە نێو ماڵەکانیاندا، زۆرجار پەیوەندی بە قەیرانی ئابووری و هەوڵدان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانەوە هەیە. ئەم دیاردەیە لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا وەک "سەرکێشییەکی ناچاری" دەبینرێت کە تێیدا خێزانەکان بۆ دابینکردنی بژێوی، گیانی خۆیان و ئازیزانیان دەخەنە مەترسییەوە.
ئەم تراژیدیایە جارێکی دیکە مەترسییەکانی مامەڵەکردن بە کەرەستەی تەقەمەنی و نەبوونی چاودێریی پێویست و پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ خێزانە کەمدهاتەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێنایەوە بەرباس، کە تێیدا "هەژاری" دەبێتە هۆکاری سەرەکیی ڕووداوە کوشندەکان.